بە چ زمانێک وەڵامی پەکەکە بدەینەوە؟

“چەتەکان بۆ دۆستایەتی نابن و پێویستە بەو زمانە وەڵامی چەتەکان بدرێتەوە کە بۆخۆیان لێی تێدەگەن”.

میدیای پەکەکە ئامانج و کردەوەکانی خۆی لەسەر بنەمای درۆ و ئیفترا بنیات ناوە و درێژەی پێدەدات کە لە هەر چەشنە ئەتیکێتێکی چالاکی میدیایی بەدوورە. لە روانگەی میدیاکانی پەکەکەوە لە کوردستان هیچ لایەنێک واقعبینانەتر و راستگۆیانەتر لە پەکەکە ناجووڵێتەوە و جگە لە پەکەکە سەرجەم حیزب و لایەنە کوردستانیەکان و ئەندامەکانیان سیخوڕ و جاسووسن و بە پارە کڕدراون. پەکەکە پێیوایە ئەگەر ئەو نەبێت ئەوا شتێک بەناوی کورد لەسەر زەوی بوونی نابێت. لە روانگەی پەکەکەوە تەنها گریلاکانی ئەو ئازا و قارەمانن و پێشمەرگە و هێزی سەربازیی لایەنەکانی دیکە هەموویان سیخوڕ و خائینن.

ئایا هیچ شتتێک نیە کە پەکەکە ئیفلاح بکات؟

پەکەکە ئەو شتانە بەوپەڕی شانازی، لووتبەرزی و بە ئاشکرا باس دەکات و ئیدی مرۆڤ ئەو گومانەی لا دروست دەبێت کە ئایا بەڕاست هیچ شتێک نیە کە پەکەکە ئیفلاح بکات؟ نە رەخنە، نە مۆژگاری و نە هاوپەیمانەتیش ناتوانێت پەکەکە لەو لووت بەرزیە دوور بخاتەوە. ئێوە هەرکارێک بکەن ناتوانن ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، لەبەر ئەوەی پەکەکە تەنها بۆ وێران کردن، دابڕان و لەناوبردنی دەسکەوتەکانی هێزە مەحروومەکان دامەزراوە.

ئەوانەی کە دەستی دۆستایەتیان بۆ پەکەکە درێژ کردووە، پاش ماوەیەک دەبینن کە شانیان لەدەستداوە. نموونەیەکی هەرە بەرچاو “یەکیەتی نیشتمانی”یە. یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی سەرلێشیواوی و پارچە پارچە بوونی یەکیەتی نیشتمانی لە ئێستادا، ئەو هاوکاریانە بوون کە لە ساڵی 2013 بە پەکەکەی کردن. ئەوە بووە هۆکاریک کە پەکەکە خۆی بخزێنێتە ناو ماڵی یەکیەتی و تێکی بدات. پەکەکە لە کلتووری کەماڵ و مەعریفەتی کوردایەتی بەدوورە و پێوانە و ئەخلاقی چەپە کەمالیستەکانی تورکی لەخۆ گرتووە.

ئەگەر لەگەڵ پەکەکە هاوڕێیش بیت دیسانەوە هەوڵ دەدات لەناوت ببات

واتە ئەگەر لەگەڵ پەکەکە هەڤال و هاوپەیمانیش بیت دیسانەوە هەوڵی لەناوبردنت دەدات. هەوڵ دەدات بەشێکت لێ جیا بکاتەوە و جێگاکەت بگرێتەوە. بەتایبەت ئەگەر بزانێت ئێوە پێتان زانیوە ئەوا هەزار و یەک بیانوو ساز دەکات بۆ ئەوەی شەڕتان لەگەڵ بکا. تەنانەت ئەگەر بەپێویستیشی بزانێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیدا ئامادەیە بەتەواوی لەناوت ببات. تیئۆری ساختە دروست دەکات و رۆژانە لە دژی ئێوە دەنگۆ و ویتەویت بڵاو دەکاتەوە. جەوێکی ئاڵۆز دەخوڵقێنیت و ئاژاوە ساز دەکات. دەیهەوێ بەهەر بیانوویەک بووە هێرشتان بکاتە سەر. هەڵەی گەورەی حیزبە کوردیەکان لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە چاوەڕێی رێکەوتن و سازان لەگەڵ پەکەکە دەکەن. رێکخراوە کوردیەکان ئاڵۆزی و ناکۆکیەکانی پەکەکە لەگەڵ کورد و کوردستان، وەکوو کێشەیەکی کاتی شرۆڤە دەکەن، ئەوەش وایکردووە کە پەکەکە بەهێزتر ببێت و دریژە بە پیلانە ئاژاوەگێڕانەکانی بدات.

بابەتی تایبەت بەوەی کە پەکەکە چۆناوچۆن ئاڵتێرناتیڤەکانی خۆی لەناو دەبات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی قایمتر بکات و هەروەها چۆن رێکاری هێرشکارانە و پێشێلکارانەی گرتۆتە بەر، هێشتا لەناو کۆمەڵگەی سیاسی کوردەکاندا بەتەواوی نەکەوتۆتە ژێر لێکۆڵینەوە و شرۆڤە نەکراوە.

حیزبەکانی باکووری کوردستانیش کە لە ساڵانی هەفتا و هەشتاکانی میلادیدا پەکەکە بە پانەوە کادرە باڵا و خەباتکارەکانی شەهید کردن، ئێستاشی لەگەڵدا دەبێت بەتەواوی لەو زەربەیە تێنەگەیشتوون کە ئەوکات پەکەکە لێیداون. هۆکاری سەرەکی مارژیناڵ بوونی حیزبەکانی باکوور ئەوەیە کە پەکەکە وەکوو خۆی نابینن و لەسەر بنەمای واقعییەتی پەکەکە ناجووڵێنەوە.

رەنگە روانگەی “قەساس” کردن لە هەموو شوێنێک هەڵە بێت، بەڵام واقعیەتێک لە تێکۆشاندا بوونی هەیە: پێویستە ئێوە بە زمانێک لە دژی تێکدەر و چەتەکان بدوێن کە ئەوان لێی تێبگەن. ناکرێ لەچوارچێوەی پێوانە دیموکراتیکەکان لەگەڵ باندە مافیاییەکاندا گفتوگۆ و دانوستان درێژە پێبدەن و پێیان بڵێن ئێوە هەڵەن، بەڵکوو پێویستە بە زمانێک و ئەدەبیاتێک وەڵامیان بدرێتەوە کە ئەوان لێی تێبگەن.

هۆکاری ئەوەی کە پەکەکە بەوشێوەیە بۆتە گرووپی پەلاماردەر ئەوەیە: بە زمانێک وەڵام نەدراوەتەوە کە لێی تێبگات

هۆکارێکی ئەوەی کە پەکەکە بەوشێوەیە بۆتە گرووپی پەلاماردەر ئەوەیە کە بە زمانێک کە ئەو حیزبە لێی تێدەگات وەڵام نەدراوەتەوە. پەکەکە پەلاماری موقەدەسات و پیرۆزییەکانی هەموو کەسێک دەدات. لەسەر هەموو بابەتێک زماندرێژی دەکات و موناقشە لەسەر هەموو بابەتێک دەکات. بێڕیزی بە هەموو بایەخێک دەکات و هەموو کەس بە خائین ناو دەبات. بەڵام لە بەرانبەر ئەو زماندریژی و سووکایەتی و رێکاری پەلاماردەرانەی پەکەکەدا، جگە لە چەند دەنگێکی نزم هیچ وەڵامێکی تووند نابیسرێت. لە بواری سیاسیدا ئەو دۆخە بە “تیکۆشان بۆ مانەوە” ناو دەبرێت. واتە هەمان ئاستی وەڵامدانەوە، ئەوە تۆڵەسەندنەوەیەکی گوندیانە نیە، بەڵکوو روانگەیەکی نێونەتەوەیی و دیپلۆماتیکە.

بە کورتی وەڵامنەدانەوە بەو هەموو جینایەت، کوشتار، پاکتاو کردن و کردەوە خراپانەی دیکەی پەکەکە، بۆتە هۆی ئەوە کە پەکەکە لەسەر ئەو رێبازەی خۆی بەردەوام بێت. پەکەکە وەکوو ئەو منداڵانەیە کە گڕوو دەگرن هەتا لێینەدەیت داناساکێت. با نموونەیەک باس بکەین: میدیاکانی پەکەکە لەم چەند رۆژەی رابردوودا ژمارەیەک لە خزم و کەس و کاری پێشمەرگەکانی “رۆژ”یان بە گوتنەوەی “وەرنەوە تەسلیم ببنەوە” خستۆتە سەر شاشەی تلویزیۆنەکان و 24 ساعەتە بڵاوی دەکاتەوە. لەبەر هەر هۆکارێک بێت با ئەو کەسانە قسەی خۆیان بکەن، ئەوە گرنگ نیە، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە، ئەو پێشمەرگانەی رۆژ کە بە سەدان شەهیدیان پێشکەس بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە و لە بەرەکانی شەڕ دژ بە داعش و میلیشیاکانی حەشددا جەنگاون و خاوەن رۆڵێکی زۆر گرنگ و سەربەرزانەن، بەڵام پەکەکە تەنها بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەی دیمشقدا بشارێتەوە، هێزی رۆژ کە لە کچان و کوڕانی دەروەست و نەتەوەپەروەری رۆژئاوا پێکهاتوون، بە چەتە و سیخوڕ ناو دەبات.

پەکەکە لاسایی دەولەتی تورک دەکاتەوە و شێوازەکەی ئەوان بەکار دەهێنێت، دەنا بە سەدان کەس هەن کە لە پەکەکە جودا بوونەتەوە و ئامادەن لەسەر ئەو حیزبە قسە بکەن بەڵام هیچکات میدیاکانی باشووری کوردستان ئەوکەسانەیان نەهێناوەتە سەر شاشەی تلفیزیۆنەکان بۆ ئەوەی دژ بە پەکەکە قسە بکەن.

لەماوەی 3 ساڵی رابردوودا نزیکەی 60 ژنی دووگیان لەپەکەکە هەڵاتوون

ئەگەر وەکوو نموونەیەک باسی بکەین لەماوەی 3 ساڵی رابردوودا نزیکەی 60 ژنی دووگیان لەپەکەکە هەڵاتوون و پەنایان بۆ هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بردووە. هاوکات ئەو کەسانەی کە لە رۆژئاوادا لە زینداندا بوون و بە مانگ و بە ساڵ لە ژووری تاکەکەسیدا راگیرابوون و ئەشکەنجە درابوون، پاش دەربازبووینای پەنایان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کوردستان بردووە. بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەو کەسانە لە شاشەی تلفیزیۆنەکان پێشان نەدران تا باس لە جینایەتەکانی پەکەکە بکەن. بە دەیان بنەماڵەی کورد کە بەمەبەستی بینینی منداڵەکانیان سەردانی قەندیل و گارەیان کردووە و لەگەڵ بێڕێزی و بێحورمەتی پەکەکە بەرەوروو بوون و ویستوویانە لە رێگای تلفیزیۆنە کوردیەکانەوە بەسەرهاتی خۆیان و بێحورمەتیەکانی پەکەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیویستووە کێشە نێوخۆییەکانی کورد گەورە بکاتەوە و رێگای نەداوە ئەو قسانە لە میدیاکاندا بڵاو بکڕێنەوە.

چەتە بۆ دۆستایەتی نابن

ئەو ژنانەی کە لە بناگوێی جەمیل باییک و موراد قەرەیەلانەوە هەڵهاتوون، ئەگەر بێتو رێگایان پێ بدرێت قسە بکەن و قسەکانیان بڵاو بکرێنەوە، گومانی تێدا نیە کە گێڕانەوەکانیان هەم لە رووی ئەخلاقی و هەمیش لە رووی رەسانەییەوە زۆر لە دروشمی ئەو کەسانە سەرنجڕاکێشتر دەبێت کە داوا لە خەڵک دەکەن “نەبنە پێشمەرگەی رۆژ”. بەڵام هیچکەس ئەو کارەی لەگەڵ پەکەکە نەکرد، هەربۆیە پەکەکەش رۆژ لەدوای رۆژ بێ ئەخلاقانەتر پەلاماری بەها و ئەرزشە نەتەوەییەکانی کوردان دەدات. هەروەک بە حەق گوتوویانە “چەتە بۆ دۆستایەتی نابن” و پێویستە بەو زمانە وەڵامی چەتەکان بدرێتەوە کە بۆخۆیان لێی تێدەگەن.

پوستێن ھەمان بەش