کوژرانی فەرید ئوزون لەلایەن پەکەکەوە، پیلانێک دژ بە کوردان

کوژرانی فەرید ئوزون لەلایەن پەکەکەوە، پیلانێک دژ بە کوردان

ئۆجەلان بۆ بڕینی دەماری نەتەوەیی کوردەکان و دامەرزاندنی بزاڤێکی کوردی تورکپەرست ئەرکدار کراوە و بۆ ئەوەی ئۆجەلان گەورە بکرێت پێویست بوو هەموو کەس لەناو ببرێت.

ئەگەرچی 43 ساڵ بەسەر کوژرانی فەرید ئوزون، سەرۆکی دەنگی کاوە، تێپەر دەبێت، بەڵام هێشتا وردەکاریەکانی ئەو قەتڵە روون نەبوونەتەوە. لە راستیدا واتای ئەو کوشتنە و لێکەوتەکانی قەد بەتەواوی دەرک نەکرا و لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا سنووردار کرا.

کوژرانی فەرید ئوزون لە راستیدا یەکێک لەو ریزە پیلان و جینایەتە سیاسیانەیە کە دەوڵەتی تورک لەسالانی 1960دا لە دژی کوردەکان دەستیپێکرد و زۆر گرنگە کە ئێمە بەباشی لێی تیبگەین.

پیلانی کوشتنی فایەق بوجاک و فەرید ئوزون لە یەک ناوەندەوە داڕیژرابوو

بۆ تێگەیشتن لە کوژرانی فەرید ئوزون، پێویستە سەرەتا لە کوژرانی فایەق بوجاک تێبگەین. فایەق بوجاک سەرۆکی PDK-T، لە 4ی جوولای 1966دا لە کارکۆپرۆی رەحادا کوژرا. 55 ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕ بووە بەڵام هێشتا روون نەکراوەتەوە.

کوژرانی فایەق بوجاک دەسپێکی پرۆژەی فیکری قووڵی دەوڵەتی تورکان بۆ سڕینەوەی سەرۆکە رەسەن و نەتەوەییەکانی کوردستان و خوڵقاندنی سەرۆک و حیزبە دەستکردەکان لەجێگای ئەوان بوو.

ئەگەرچی لەنێوان فەرید ئوزون سەرۆکی دەنگی کاوە و فایەق بوجاک سەرۆکی PDK-T جیاوازاییش هەبێت، بەڵام یەک ئەرکیان هەبوو. فەرید ئوزون بە کەسایەتی، هەڵوێست و باگراوەندە رۆشنبیرانەکەیەوە لیدرێکی نەتەوەیی و چەپ بوو. خاوەن تێڕامانێکی بنەڕەتی سیاسیانە بوو و شەخسیەتێکی نەتەوەیی و کوردستانیی هەبوو. هەر دوو سەرۆکەکە نەتەوەیی و کوردستانی بوون. پاش ساڵانی 1960، دەوڵەتی تورک بزاڤی نەتەوەیی کوردەکانی وەکوو مەترسیەکی جیددی دەبینی و سڕینەوەی مرۆڤە نەتەوەییەکانی کردە ئامانجی سەرەکیی خۆی. فایەق بوجاک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژرا و فەرید ئوزون لەلایەن پەکەکەوە. پیلانی هەر دووی ئەو جینایەتە سیاسیەش لە یەک ناوەندەوە داڕێژرابوون.

لە فایەق بوجاکەوە هەتا فەرید ئوزون، لە وەدات ئایدنەوە هەتا محەممەد شەنەر، پەیوەندیی نێوان زنجیرە جینایەتێک

رێبەرانی راستەقینەی نەتەوەی کورد، لەناو بران. بەوشێوەیە هەرکەسێک کە توانای پێشکەوتنی هەبایە، دەکوژرا و لە شوێنەکەی کەسانی ساختە دادەنران. ئامانجەکە ئەوە بوو پێکهاتەیەکی کوردی وابەستە بە دەوڵەتی تورکان دروست بکرێت. ئامانجەکە دامەزراندنی پێکهاتەیەکی کوردی تورکپەرست بوو. کوشتارەکانی ساڵانی هەفتاکان هەتا کودیتای 21 ئەیلوول، ئەو نیشتمانپەروەرانەی کە لەساڵانی 1990دا لە کوردستان کوژران، ئەوانەی کە لەشەڕی گریلادا کرانە ئامانج، هەتا ئەو کەسانەی کە لە شەڕێک لەژێر ناوی “تێکۆشانی خۆبەڕیوەبەری” لەساڵی 2015دا کوژران، هەموویان پێکەوە رەبتیان هەبوو. هەمووی بەشێک لە پرۆژەی دەوڵەتی تورک بۆ لێدان لە سەری کەسایەتیە نەتەوەییەکانی کورد بە ئامانجی ئاسمیلەکردنی زیاتری کوردەکان بوو.

لە پشت زۆرێک لە جینایەتە سیاسیەکانی وەکوو کوژرانی فایەق بوجاک، فەرید ئوزون، وەدات ئایدن، حیکمەت فیدان و محەمەد شەنەرەوە پرۆژەی دەوڵەتی تورک هەیە. هەرکەسێک کە توانای بەرگری کردنی لە خۆی و نەتەوەکەی هەبوو، کوژرا. جێگایەک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان زاوای “عەلی یڵدرم” یەکێک لە بەرپرسانی میت و هاوڕێی نزیکی پیلۆتی ئەندامی میت، فەراهەم کرا.

ئایا ئەگەر فایەق بوجاک و فەرید ئوزون مابایەن، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیتوانی ببێت بە “سەرۆک”؟

با چەند پرسیارێکی سادە بکەین، بەڕاستی ئەگەر فایەق بوجاک و فەرید ئوزون و زۆر کەسی نەتەوەیی دیکە مابایەن، ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیتوانی ببێت وەکوو “سەرۆک” لە مەیداندا جێ بگرێت؟ بیگومان نا.

ئەگەر کەسانێک وەکوو چەتین گۆنگۆر (سەمیر)، محەمەد شەنەر لەناو پەکەکەدا مابان، ئایا عەبدوللا دەیتوانی بە تەنها ناوی خۆی لەسەر پەکەکە دابنێت؟ بێگومان نا.

شتێک کە هەر کوردێک پێویستە بیزانێت ئەوەیە کە هەوڵدانێک بۆ بڕینی دەماری نەتەوەیی کوردان لە پشت کوژرانی سەرجەم ئەو کەسایەتییە نەتەوەییەی کوردەوە هەیە کە لەساڵانی 1970 بەملاوە کراونەتە ئامانج. ئەگەر بە وردی سەیری وردەکاریی ئەو کوشتارە لێڵانە بکەین، دەبینین کە کەسایەتییە نیشتمانپەروەر و رەسەنەکان کراوەتە ئامانج. ئەو کوشتارانەی کە لە ساڵانی 1990دا لە مێردین، نسێبین، فارقین، ئامەد و زۆر دەڤەری دیکە بەڕێوەچوون و گوندەکان سووتێندران، هەموویان دژ بە دەماری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری کوردستان بوون.

لەکاێکدا دەوڵەتی تورک کە بە هەزران کردەوەی قێزەن، رفاندن، ئەشکەنجە کردن و کوشتنی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی دەماری کوردایەتی لەناو ببات، چۆنە کە رێگای دەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازادانە لە ناو ڤیلاکەی خۆیدا لە دیمشق پاڵی لێبداتەوە و بژی؟ لەبەرچی فایەق بوجاک کە یەک فیشەکی دژ بە دەوڵەتی تورک نەتەقاندبوو بە 18 فیشەک کوژرا  بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە لازقیە لە ماڵێکی قەراخ بەحردا دەژیا و بەردەوام دەچووە قەراخ بەحر و مەلەی دەکرد، بەڵام بۆ تاقە جارێک هەوڵی کوشتنی نەدرا؟ بۆ؟ لەبەر ئەوەی هەروەکوو پێشتریش باسمان کرد، ئۆجەلان بۆ بڕینی دەماری نەتەوەیی کوردەکان و دامەرزاندنی بزاڤێکی کوردی تورکپەرست ئەرکدار کرابوو. بۆ ئەوەی ئۆجەلان گەورە بکرێت پێویست بوو هەموو کەس لەناو ببرێت.

بەبێ تیگەیشتن لە هۆکاری هەبوونی پەکەکە، ناتوانین بە دروستی لە رووداوەکان تێبگەین. بۆ نموونە زۆر کەس تێناگات کە لەبەرچی پەکەکە ئەرتەشی تورکی راکێشی باشووری کوردستان کردووە؟ پەکەکە هەموو ساڵێک لە بەهاردا دەڵێت ئێمە دەوڵەتی تورکەکان لەناو دەبەین بەڵام پاییز کاتێک سەیر دەکەین دەبینین بە قووڵای 10 بۆ 15 کیلۆمیتری دیکە لە خاکی باشووری کوردستانی رادەستی ئەرتەشی تورک کردووە.!

پرۆژەی لەناو بردنی کوردان بەدەستی کوردان

کوشتنی فەرید ئوزون، بەشێکە لە پرۆژەی دەوڵەتی تورک بۆ قڕ کردنی کوردەکان. دەوڵەتی تورک لە دژایەتی کردنی کوردەکاندا رۆڵێکی ستراتژیکی بە پەکەکە داوە. هەر کوشتنێک کە پەکەکە ئەنجامی دەدات هزر و عەقڵی دەوڵەتی تورکی لە پشتەوەیە. پەکەکە بە دروشمە ئیدئۆلۆژیکەکانی هەموو کەس بە ئاژان دادەنێت.

ئەوەی لە هۆکاری کوژرانی فەرید ئوزون تێنەگات، قەد ناتوانێت لەوە تێبگات کە لەبەرچی پەکەکە و باڵە سەربازیەکەی واتە هەپەگە، غازی ساڵح ئالیخان، بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سنووری سەرزێڕیان تیرۆر کرد.

ئەوانەی کە لە هۆکاری کوژرانی فەرید ئوزون تێنەگەن قەد ناتوانن لەئامانجی پەکەکە بۆ هاندانی یەکیەتی دژ بە پارتی تێبگەن.

ئەگەرچی پەکەکە هیچکات بە فەرمی نەیگرێتبێتە ئەستۆش بەڵام شک و گومان لەوەدا نەماوە کە کادرێکی پەکەکە بەناوی “ئەمین دال” بە فەرمانی حیزبەکەی، فەرید ئوزونی کوشتووە. ئەو رێکارەی کە پەکەکە بۆ کوشتنی فەرید ئوزون گرتیە بەر و هەروەها دەستنیشان کردنی ئامانجەکە و لایەناکانی دیکەی پەیوەندیدار بەو قەتڵەوە دەریدەخەن کە پلانی کوشتنەکە بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان و بە دەقیقی داڕێژراوە. فەرید ئوزون لەلایەن پەکەکەوە گوللـەباران کرا بەڵام یەکسەر پاش کوشتنەکەی پەکەکە بەڕێوە بردنی مەراسمی بە خاک سپاردنی تەرمەکەی فەرید ئوزون دەگرێتە ئەستۆ و لە هەموو شوێنێک رایدەگەیەنێ کە فەرید ئوزون لەلایەن عەشیرەتی “بوجاک”ـەوە گوللـەباران کراوە. بەوشێوەیە دەیهەوێت بنەماڵەی ئوزون کە بنەماڵەیەکی گرنگی ناوچەی “سێوەرەگ”ـن بەلای خۆیدا راکێشێت. بەڵام رووداوەکە ئاشکرا دەبێت و پیلانە وەحشیانەکەی پەکەکە سەرناگرێت. ئەگەر هەموو روداوەکە بەپێی پلانەکەی پەکەکە بەڕێوەچووبا، دوور نەبوو کە پێکدادانێکی گەورە دروست ببایە و بە دەیان کەسی تێدا کوژرابا. پەکەکە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیە حیزبیەکانی هیچکات لە ساز کردنی فیتنە و ئاژاوە دوودڵی ناکات.

پەکەکە هەمیشە بۆ مانەوەی خۆی هەوڵی پارچە پارچە کردنی کوردەکان و هاندانیان بە دژی یەکتری و هەروەها دروستکردنی کەلێن لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و دوورخستنەوەی لایەنە سیاسیەکانی لەیەکتر داوە. بەوشێوەیە پەکەکە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی تورک، وزە و ئینرژیی کوردستانیانیان بەلاڕیدا بردووە.

کوژرانی فەرید ئوزون، رووداوێکی گرنگە کە هۆکارەکانی دامەزرانی پەکەکە و کاراکتەرەکەی ئاشکرا دەکات. هەتا ئەو کاتەی کە کوردەکان لە دژی ئەو رووداوە رانەوەستن، ناتوانن رێگری لە خوێن رشتن (قەتڵ و کوشتار) لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بکەن.

پوستێن ھەمان بەش