بەهای لیرەی تورکی ریکۆردی نوێی لە داڕمان تۆمارکرد

بەهای لیرەی تورکی ریکۆردی نوێی لە داڕمان تۆمارکرد

بەهای دۆلارێکی ئەمەریکی گەیشتە 13.87 لیرە

دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا، بەهای لیرە جارێکی دیکە ریکۆردی نوێی لە داکەوتن تۆمارکرد.

بە گوێرەی داتاکانی پێگەی بلوومبێرگ، لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا، بەهای دراوی تورکی بەرامبەر دۆلارێک بۆ ئاستی 13 لیرە و 87 قوروش دابەزی. ئەمەش نزمترین ئاستە لە مێژووی دراوی تورکی دا تۆمارکرابێت.

هۆکاری ئەو دابەزینە بەرچاوەش بۆ بڵاوبوونەوەی داتاکانی رێژەی هەڵاوسانی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە، کە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی دووەمدا لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 21.13% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە سێ ساڵی رابردوویدا.

هەروەها ئاژانسی فیتچ بۆ پلەبەندی ئابووری پێشبینییەکانی لەبارەی گەشەی ئابووری تورکیا لەمساڵدا لە 10.5% بۆ 9.2% دابەزاند، دیدگای داهاتووی ئابووری وڵاتەکەشی بۆ ئاستی نەرێنی دابەزاند.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دەسپێکی ئەمساڵەوە بەهای لیرەی تورکی زیاتر لە سەدا 80ـی بەهاکەی لەدەستداوە، بە تایبەت دوای ئەوەی بانکی ناوەندی تورکیا بە پشتیوانی ئەردۆغان رێژەی سوودی دابەزاند.

پوستێن ھەمان بەش