کێ دەرگای زیندانی حەسەکەی کردەوە و دەیانهەوێ تیرۆریستان بەربدەنە کوێ؟

کێ دەرگای زیندانی حەسەکەی کردەوە و دەیانهەوێ تیرۆریستان بەربدەنە کوێ؟

رێژیمی ئیران دەیهەوێت لە رێگای پەکەکەوە، تیرۆریستانی زیندانی حەسەکە بگوازێتەوە بۆ دەوروبەری شنگال و چیای قەرەچووغ و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان.

ماوەی 4 رۆژە لە زیندانی “صناعە”ی حەسەکە کە گەورەترین زیندانی تیرۆریستانی داعشە، شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوامە و بە سەدان تیرۆریست هەڵاتوون و هەتا ئێستا دەستگیر نەکراون.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزی لە زیندانەکەدا، گەلی کورد بەگشتی و بەتایبەت لە رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێت:

ـ کێ دەرگای زیندانەکەی کردەوە؟

ـ بۆچی لەم کاتەدا دەرگای زیندانەکەیان کردەوە؟

ـ بەرهەڵدانی تیرۆریستەکان پەیوەندیی بە ئەجێندای کام دەوڵەتی ئیقلیمیەوە هەیە؟

ـ پرسیارە جەوهەریەکەش ئەوەیە کە، دەیانهەوێ تیرۆریستەکان بەر بدەنە کوێ؟

زیندانی سیناعە چۆنە؟

زیندانی “سیناعە” لە گەڕەکی گوێران لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەڵکەوتووە و گەورەترین زیندانی تیرۆریستانی داعشە لە سووریە. بە لانیکەم 5 هەزار تیرۆریستی داعش لەو زیندانەدا بەند کراون و زیندانەکە وەکوو بۆمبێکی تەوقیت کراو وایە و هەرکات بیانهەوێت دەتەقێتەوە.

بەشی لێکۆڵینەوەی “دارکا مازی” زانیاریی تایبەتیان لەسەر زیندانی “سیناعە” بەدەستهێناوە و لە رێگای ئەو زانیاریانەوە دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەست بکەوێت کە هەتا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە.

کرانەوەی دەرگای زیندانەکە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری بوو

پاش شکستی بلووکی “هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران” لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا، رێژیمی ئسیلامیی تاران بەمەبەستی دروست کردنی ئاستەنگ لەسەر رێگای دامەزراندنی حکوومەتی نوێ لە بەغدا هەوڵێکی چڕی دەستپێکرد. شکستی گەورەی “بلووکی سەر بە ئێران” بۆ دروست کردنی هاوپەیمان بەمەبەستی پشکدار بوون لە حکوومەتی نوێی عێراق، رێگای بۆ دەستپیکردنی پلانی B کردەوە و پلانی Bی ئێرانیش “لە خەو هەستاندنی ئەو تیرۆریستانەی داعش بوو کە لە زیندانی حەسەکەدا نوستبوون”.!!

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی دامەزراندنی حکوومەتی نوێ لە عێراق و ئاشکرا بوونی سیما و نەخشەڕێگای حکوومەتی 4 ساڵی داهاتووی عێراق کە لەلایەن بلووکی “شیعە ـ سوننە ـ کورد”ـەوە بەڕێوە دەبرێت، رێژیمی ئێران فەرمانی بە “بەرەی مقاومە” لە شنگال و رۆژئاوای کوردستان کرد کە تیرۆریستە نوستووەکان لەخەو هەستێنن و پێیان بڵێن ئیدی کاتی خەوتن نیە.

بۆ هەموو کەس روونە کە پەکەکە پەیوەندیی ستراتژیکی لەگەڵ ریژیمی ئێراندا هەیە و لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندیەشە کە ئێران پەکەکەی کردۆتە بەشێک لە “میحوەری مقاومەت” و لە راستیدا پەکەکە لە شنگال ئەجێنداکانی رێژیمی تاران جێبەجێ دەکات.

پەکەکە پاش وەرگرتنی فەرمان لە ئێران، یەکسەر هێزەکانی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان ئەرکدار کرد تاوەکوو رێگا بۆ هەڵاتنی تیرۆریستە زیندانیەکان لە بەندیخانەی “سیناعە” هەموار بکەن. زیندانی سیناعە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و پەکەکەدایە.

بە واتایەکی دیکە لە بابەتی هەڵاتنی تیرۆریستاندا، پەکەکە رۆڵی سەربازێکی گوێڕایەڵی گێڕاوە

تیرۆریستەکان بەرەو کوێ دەنێردرێن؟

ئەگەر مرۆڤ بە خێرایی ئاوڕێک لە رووداوکانی دوو مانگی رابردوو لە شنگال و هیڵی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم بداتەوە، بە باشی بۆی دەردەکەوێت کە تیرۆریستەکان بە چەندین جار پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سەربازانی ئەرتەشی عێراقیان داوە و زیانیان پێ گەیاندوون. لە راستیدا رێژیمی ئیران دەیهەوێت لە رێگای پەکەکەوە تیرۆریستانی زیندانی حەسەکە بگوازێتەوە بۆ دەوروبەری شنگال و چیای قەرەچووغ و لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان و لە ناوچەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەرتەشی عێراقدا جێگیریان بکات.

ئیران دەیهەوێت لەو رێگایەوە هەم زەخت و فشار بۆ سەر ئەو بلووکانە دروست بکات کە دەرەوەی کۆنترۆڵی رێژیمی ئێراندان و هەمیش بەوشێوەیە گرفت لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا دروست دەکات. ئەوە بۆ ئێران بەڵام پەکەکەش لە گەڕانەوەی تیرۆریستان بۆ شنگال سوودی خۆی دەست دەکەوێت. پەکەکە دەیهەوێت بە گەڕانەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچەی شنگال بەرەیەکی دیکەی شەڕ دژ بە تیرۆریستان لەو ناوچەیە دروست ببێت و ئەوەش وادەکات کە زەختەکانی ئەرتەشی عێراق بۆ سەر پەکەکە لە شنگال و چیای قەرەچووغ کەم ببێتەوە. هەموو کەس دەزانێت کە لەو ناوچانەدا بارەگاکانی پەکەکە و حەشارگەکانی تیرۆریستان لە تەنیشت یەکترین.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت، بە شکاندنی دەرگای زیندانی حەسەکە و بە هەڵاتندانی تیرۆریستانی داعش و گواستنەوەیان بۆ هێڵی نێوان هیزەکانی پێشمەرگە و ئەرتەشی عێراق لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا، زەختەکانی بۆ سەر هیزە شێعەکانی دەرەوەی بلووکی ئێران و هێزەکانی سوننە و کوردەکان چڕتر بکاتەوە تاوەکوو نەتوانن حکوومەتی نوێ لە عێراقدا پێکبهێنن و دەیهەوێت ئاستەنگ لەسەر دامەزراندنی حکوومەتی نوێ لە بەغدا دروست بکات. پەلاماردانی بارەگاکانی پەدەکە لە بەغدا و ئۆفیسی جێگری دووەمی پارلمانی عێراق لە کەرکووک، پەلاماردانی سەرکردەکانی سوننە بەشێکی دیکە لەو پیلانانەی رێژیمی ئێران بوون بۆ دروست کردنی ئاستەنگ لەسەر رێگای دامەزرانی حکوومەتی نوێی عێراق، کە بەر لە کردنەوەی دەرگای زیندانی “سیناعە” و بە هەڵاتندانی تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دابوون.

پوستێن ھەمان بەش