پەکەکە و ئەوانی دیکە

پەکەکە و ئەوانی دیکە

پەکەکە سوێندی تارومار کردنی کوردستانی خواردووە، هەربۆیە پیویستە کورد بە دەنگێکی بڵیند هاوار بکات کە ئیدی زوڵم و فێڵ و تەڵەکەی پەکەکە بەسە.

نووری چەلیک

لەمڕۆدا پێویستە سەرجەم کوردستانیەکان لە ژێر ئاڵا و سەرۆکی کوردستاندا لە دژی دەوڵەت و حیزبە تیرۆریستیەکان دەست بدەنە دەستی یەکتر و لە بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاددا رۆڵیان هەبێت. هەروەکوو چۆن کە سەرۆک مستەفا بارزانی لەکاتی خۆیدا گوتبووی: “هەرکەسێک کە رۆحی نەتەوەپەروەریی تێدا دروست نەبێت، رۆژێک لە رۆژان خیانەت بە گەلی خۆی دەکات”. ئەو وتەیە بۆ ئەمڕۆ و بۆ هەموو کاتێک سدق دەکات.

لەمڕۆدا گرفتی سەرەکیی لەناو کورداندا، کێشەی پەکەکە و کوردەکانی دەرەوەی پەکەکەیە. ئەگەرچی حوزووری پەکەکە لە قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان سەرئێشەی بۆ ئەو بەشەی کوردستان دروست کردووە، بەڵام پێویستە ئیمە وەکوو کوردەکانی باکوور زیاتر لە گەلی باشوور، سەری خۆمان بەو گرفتەوە بئێشێنین. لە هەڵوێست و لێدوانی بەڕیوەبەرانی پەکەکەدا وا دەردەکەوێت کە شەڕ کردنی هەرێمی باشووری کوردستان لەگەڵ دەوڵەت و چەتە و رێکخراوە تیرۆریستیەکان و هەروەها هاوکاریی نیونەتەوەیی و پەیوەندییەکانی حکوومەتی باشوور لەگەڵ جیرانەکان و کۆمەڵگەی نیونەتەوەییدا ئەو حیزبەی ناڕەحەت کردووە.

ئەگەر پەکەکە بیتوانیبا هۆکاری ناڕەحەت بوونەکەی لەسەر بنەمای کوردایەتی بۆ حکوومەتی هەریمی کوردستان بهێنابایەتە زمان، من لەو بڕوایەدام کە حکوومەتی باشووری کوردستان دەیتوانی رێگاچارەیەک بۆ نیگەرانیەکانی پەکەکە بدۆزێتەوە. خۆی لەخۆیدا راگەیاندراوەکانی سەرۆکی کوردستان لەو بوارەدا زۆر روون و شەفافن. سەرۆکی کوردستان لەهەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی باس لە رێگا چارەی ئاشتیانە و دیالۆگ و رێگاچارەی دیموکراتیک بکات.

پێویستە ئێمەش وەکوو کوردەکانی باکووری کوردستان هەر لە ئێستاوە بزانین کە ئەگەر سبەی یان دووسبەی باکووری کوردستان رزگار بوو، ئەو کێشەیەی کە پەکەکە ئەمڕۆکە لە رۆژئاوای کوردستان دروستی کردووە و بەشێوەیەکی قێزەونانە خۆی بەسەر گەلی رۆژئاوادا دەسەپێنێت، لە باکووری کوردستانیش هەمان گرفت دروست دەکات. کێشەکانی ئێستا کێشەی سەرجەم کوردستانیەکە و پێویستە ئێمە وەکوو کوردەکانی باکوور بە هەست کردن بە بەرپرسایەتیەوە رۆڵی خۆمان بگێڕین و خاوەن سیاسەتێکی نەتەوەیی بین، ئەگەر وانەکەین ئەوا ئێمەش لە داهاتوودا تووشی توندوتیژی پەکەکە دەبین و بەو هەنگاوەش ئێمە دەکەوینە بارودۆخێک کە لە ئێستادا لە باشووری کوردستان و لەنیوان داگیرکەرانی کوردستان و هاووڵاتیانی ئەو بەشەدا بوونی هەیە و لەگؤڕێدایە.

چارەسەر کردنی کیشەی پەکەکە و خۆدەربازکردن لێی، تەنها ئەرکی باشووری کوردستان نیە، ئەگەر لە باشووردا گرفتی دوورخستنەوەی پەکەکە هەبێت ئەوا ئەرکی سەرەکیی دەکەوێتە ئەستۆی کوردەکانی باکوور و پێویستە خاوەندارێتی لە دەسکەوتەکانی خۆیان بکەن.

سەرەتا پێویستە پەکەکە دەست لە سیاسەتی توندوتیژانە هەڵبگرێت و بەدوای دیالۆگ و رێگاچارەی دیموکراتیکی گرفتەکانی کورداندا بگەڕێت. بەڵام لە بەرانبەر ئەو هەنگاوانەی پەکەکەدا کە دەیهەوێت دەسکەوتەکانی کوردان بکاتە فیدای شەخسێک و ناوچەیەک (کارتۆن یان کانتۆن) پێویستە ئیمە وەکوو کوردەکانی باکوور بە دەنگێکی بڵیند ناڕەزایەتیی خۆمان لە بەرانبەر هەڵویستە دژی گەلییەکانی پەکەکەدا دەرببڕین، ئەو رۆژە ئەمڕۆیە…

با پەکەکە سەرلەنوێ شەڕی دەستەبەر کردنی کوردستانێکی ئازاد دەستپێبکاتەوە. پەکەکە بۆتە چقڵی چاوی کوردان، پەکەکە دەستی داوەتە دەست داگیرکەرانی کوردستان و شەڕی پەدەکە و سیمای نەتەوەی کورد بنەماڵەی بارزانی دەکات. پەکەکە شەڕی شایستەکانی کورد دەکات. پەکەکە نەک هەر دژبەرەکانی بەڵکوو مندالە سێ ساڵانەکەشیان دەکووژێت. پەکەکە بەناوی هەرێمی خۆسەرەوە پارچە کردنی کوردستانی کردۆتە دروشمی خۆی.

بە کورتی و کرمانجی، پەکەکە سوێندی تارومار کردنی کوردستانی خواردووە، هەربۆیە پیویستە کورد بە دەنگێکی بڵیند هاوار بکات کە ئیدی زوڵم و فێڵ و تەڵەکەی پەکەکە بەسە.

پوستێن ھەمان بەش