ئاڵدار خەلیل دوو کادری پایەبەرزی پەکەکەی بە رێژیمی سووریە فرۆشت

ئاڵدار خەلیل دوو کادری پایەبەرزی پەکەکەی فرۆشتۆتە رێژیمی سووریە

“دلشا عەفرینی” و “ئیلهام عومەر” لە کانوونی دووەمی 2021دا رۆیشتوون بۆ شاری “ئەلسویدا” و لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتیەکانی پێکهاتەی “درۆز”دا کۆبوونەتەوە.

دوو کادری باڵای پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ریژیمی سووریەوە لە دیمشق دەستگیر کراون و پەکەکەش لەسەر ئەو بابەتە متقی لێوە نایەت.

سەرچاوەکانی پیگەی “دارکا مازی” لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرایان کرد کە “دلشا عەفرینی” و “ئیلهام عومەر” دوو کادری باڵای پەکەکە لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی 2021دا بە بیانووی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رۆیشتوونەتە دیمشق بەڵام دواتر رۆیشتوون بۆ شاری “ئەلسویدا” و لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتیەکانی پێکهاتەی “درۆز”دا کۆبوونەتەوە و داوایان لێکردوون کە هەوڵ بدەن هەرێمێکی سەربەخۆ هاوشێوەی بەڕێوەبەری خۆسەر بۆخۆیان بنیات بنێن.

“دلشا عەفرینی” جێگری ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی جێبەجیکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیکە و “ئیلهام عومەر”یش ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیکە.

ئەو دوو کادرەی پەکەکە بە کەسایەتییەکانی پێکهاتەی “درۆز”یان گوتووە بۆ بنیات نانی هەرێمەکەیان ئەوا پەکەکە ئامادەیە کادرە بە ئەزموونەکانی خۆی رەوانەی شاری “ئەلسویدا” بکات و خولی پەروەردەیی تایبەت بۆ درۆزیەکان بکاتەوە تاوەکوو بە وردی و لە نزیکەوە لەگەڵ ئارمانج و چۆنیەتی کارکردنی ئیدارەی خۆسەر ئاشنایان بکات.

سەرچاوەکانی “دارکا مازی” هەروەها ئاشکراشیان کردووە کە ئەو دوو بەرپرسەی پەیەیەدە لەکاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ریژیمی سووریەوە دەستگیر کراون و رێژیمی دیمشق داوای روونکردنەوەی لە پەیەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر کردووە کە چۆن دەبێت لەلایەک داوای دانوستان و وتووێژی لە حکوومەتی سووریە بکەن و لەلایەکی دیکەوە کادرە باڵاکانتان رەوانەی “ئەلسویدا” دەکەن تاوەکوو خەڵک دژ بە حکوومەتی دیمشق هان بدەن؟

سەرچاوەکانی ئێمە هەروەها ئاشکراشیان کردووە کە لە بەرانبەر داوای روونکردنەوەکەی ریژیمی سووریەدا، هەرکام لە بەڕێوەبەریی خۆسەر و پەیەدە بێدەنگیان هەڵبژاردووە و خۆیان لە چارەنووسی ئەو دوو کادرەیان ناکەن بە ساحیب.

ئاڵدار خەلیل کادری پەکەکە و ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، بی ئاگایی خۆی لەو بابەتە راگەیاندووە و تەنها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسانەی دەستگیر کراون سەر بە ئەنجومەنی سووریەی دیموکراتیکن و جگە لەوە هیچ هەڵویستێکی لە بەرانبەر گیرانی ئەو دوو کادرەی خۆیاندا پیشان نەداوە. هەر بۆیەش ئەو دوو کادرەی پەیەدە هەتا ئێستاش هەر لەلایەن رێژیمی سووریەوە دەسبەسەرن و ئازاد نەکراون.

پوستێن ھەمان بەش