پەکەکە دەیگوت باشوور بۆ تورکیە دەکەین بە ڤیێتنام، بەڵام بۆ کوردەکان کردی بە ڤیێتنام!

پەکەکە لەباتی ئەوەی وەکوو شۆڕشگێڕانی ڤیێتنام دژ بە داگیرکاری بجەنگێت، بووەتە پردێک بۆ پەڕاندنەوەی داگیرکەران بۆ ناو خاکی کوردستان.

پاش راپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان و دامەزراندنی حکوومەت و پارلمانی کوردستان، رێبەری پەکەکە “عەبدوڵڵا ئۆجەلان” رایگەیاند ئێمە تورکیە راکێشی باشووری کوردستان دەکەین و باشووریان لێ دەکەین بە ڤێێتنام. لە راستیدا ئۆجەلان تەنها بەشی یەکەمی رستەکەی جێبەجێ کرد واتە تورکیەی فاشیستی کێشایە باشووری کوردستان. بەڵام پەکەکە  نەک هەر باشووری بۆ تورکەکان نەکرد بە ڤیێتنام بەڵکوو بوو بە پردێک و ئەرتەشی تورکیەی پەڕاندەوە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان و ئاکامەکەی بوو بەوەی کە زۆرێک لە ناوچە شاخاویەکانی باشووری کوردستان رادەستی تورکیە بکات کە بە درێژایی مێژوو هیچکام لە دوژمنانی کورد نەیانتوانیبوو ئەو شاخانە کۆنترۆڵ بکەن.

ئۆجەلان ئەو بەڵینانەی جێبەجێ کرد کە بە دەوڵەتی تورکیەی دابوون

رێبەری پەکەکە بەو بڕیارەی، زۆربەی هەرە زۆری گریلاکانی پەکەکەی لە باکووری کوردستانەوە گواستەوە بۆ باشوور و لەوێ جێگیری کردن. لەکاتی کشانەوەی گریلاکانی پەکەکە لە باکوورەوە بۆ باشووری کوردستان بەشێکی بەرچاویان بوون بە قوربانی و لە بەستەڵەک و سەرمای زستاندا گیریان خوارد، برسی بوون، بێ هیوا و نائومید بوون، بەڵام هیچکام لەو گریلایانە قەد ئەو پرسیارەیان لەخۆیان نەکرد کە لەبەرچی دەبێ بپەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان؟ لەبەرچی دەبێ مەیدانی خەباتی خۆیان دژ بە داگیرکەرانی کوردستان بەجێ دەهێڵن و دەڕۆنە پارچەیەکی دیکەی کوردستان کەوا ئازاد بووە؟ قەد نەیانپرسی بۆ دەبێ باشووری کوردستان بۆ تورکیە بکەین بە ڤێێتنام و بۆ نابێ باکوور لە تورکەکان بکەین بە ڤیێتنام؟ بێگومان گریلاکان باش دەیانزانی کە پرسیارێکی لەو چەشنە بەمانای دژایەتی کردنی ئاپۆ دێت و ئەوەش لەناو پەکەکەدا کوژران و بێسەروشوێن کردنی بەدوادا دێت. یانیش ئەوەیە کە بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ میتی تورکیە، تەسفیە دەکرێت.

گریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنووریەکانی باکووری کوردستانەوە کشانەوە بۆ باشووری کوردستان و دەستیان بەسەر گوندی بەرواری، نهێلی، نێروەیی، رێکان و مزووریەکان و ناوچەی برادۆستدا گرت… پاش ئەوەش پەکەکە بەردەوام دەیگوت ئێمە باشووری کوردستان لە تورکیە دەکەین بە ڤیێتنام، بەڵام بەپێچەوانەی دروشمەکانی، گریلاکانی پەکەکە پەلاماری دامەزراوە حکوومیەکانی باشووری کوردستانیان دا، هێرشیان کردە سەر حیزبەکانی باشووری کوردستان و پەلاماری سەرجەم ئەو دەسکەوتە نەتەوەییانەی باشووری کوردستانیان دا کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەباتی بەردەوام بوون و بە خوێنی هەزاران شۆڕشگێڕی کورد بەدەستهاتبوون. لە راستیدا پەکەکە لەباتی ئەوەی کە باشووری کوردستان بۆ تورکیە بکات بە ڤیێتنام بۆ کوردەکانی کرد بە ڤیێتنام.

پەکەکە لە باشووری کوردستاندا لوولەی چەکەکانی لە هەموو کەس کرد جگە لە تورکیە نەبێت

پەکەکە شەڕی ساختەی خۆی دژ بە حکوومەتی تورکیەی گۆڕی بۆ شەڕ کردن دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لەباتی ئەوەی کە لە باکووری کوردستاندا دژ بە دەوڵەتی تورک بجەنگێت، باکووری چۆڵ کرد و گوتی ئێمە دەچینە باشووری کوردستان و ئەوێ بۆ تورکەکان دەکەین بە ڤیێتنام. پەکەکە لە باشوری کوردستانیش لەباتی ئەوەی کە رووی لوولەی چەکەکانی لە چەکدارانی تورک بکات، لوولەی چەکەکانی گرتە سینگی پێشمەرگەکانی کوردستان، رووی لوولەی چەکەکانی کردە دایکی شەهیدانی کوردستان، لوولەی چەکەکانی گرتە ئەو پێشمەرگانەی کە ساڵەهای ساڵ لە شاخەکاندا خەباتیان کرد و سەرئەنجام توانیبوویان باشووری کوردستان ئازاد بکەن. بە کورتی پەکەکە لە باشووری کوردستاندا لوولەی چەکەکانی لە هەموو کەس کرد جگە لە تورکیە نەبێت.!

لە راستیدا بەو پۆتانسیێڵەوە کە باکووری کوردستان هەیبوو ئەگەر پەکەکە بە ئەندێشەیەکی کوردانەوە بەڕێوەچووبا و لەسەر هێڵی کوردایەتی خەباتی کردبا ئەوە زۆر با ئاسانی دەیتوانی باکووری کوردستان بۆ تورکیە بکات بە ڤیێتنام. بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی کە پەکەکە لەلایەن میتی تورکیەوە دامەزراوە و لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی میت بەناوی “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”ـەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هیچکات ناتوانێت و نایهەوێت کە نە باکوور و نە هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان بۆ تورکیە بکات بە ڤیێتنام، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر ئاسانە بەلایەوە کە کوردستانی بەهەشتی سەر زەوین بۆ کوردەکان بکات بە دۆزەخ. هەروەکوو هەتا ئێستا کردوویەتی و هەنووکەش لە بەدۆزەخ کردنی کوردستان بەردەوامە.

پەکەکە ئەو گوند و ناوچە سنووریانەی باشووری کوردستان کە داگیری کردبوون، بە پلانێکی هاوبەش لەگەڵ تورکەکاندا سەرجەمیانی رادەستی ئەرتەشی تورکیە کرد. پەکەکە بە بیانووی ئەوەی کە ئەو ناوچانە سەربازیین! رێگای نەدا هیچکام لە گوندە سنووریەکانی باشووری کوردستان ئاوەدان بکرێنەوە. رێگای نەدا گوندەکانی نێروەییەکان، رێکانیەکان، نهێلیەکان، بەرواریەکان و برادۆستیەکان ئاوەدان بکرێنەوە. ناوی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی لەسەر ئەو ناوچانە دانا و ساڵ بە ساڵ لە بەشێک لەو ناوچانە پاشەکشە دەکات و رادەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان دەکات.

پەکەکە سەرجەم ناوچە سنووریەکانی بە قووڵایی 35 ـ 40 کیلۆمیتر رادەستی تورکیە کردووە. سەیر ئەوەیە کە پەکەکە چەندە خاکی زیاتری کوردستان رادەستی تورکەکان بکات بەو رادەیە زیاتر درۆ دەکات و بەوپەڕی رووهەڵماڵراویەوە دەڵێت دەوڵەتی تورکمان تێکشکاندووە، بەڵام لەسەر عەرزی واقیعدا ناوچەیەکی زیاتر لە خاکی باشووری کوردستان رادەستی تورکیە دەکات و ئەرتەشی تورک داگیری دەکات.

پەکەکە نەک هەر رێگا بە خەڵکی گوندە سنووریەکان نادات کە بگەڕینەوە سەر زێد و موڵکی خۆیان و رێگا نادات گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە بەڵکوو تەنانەت رێگا نادات ئەو خەڵکە لەو شوێنانەش بە ئاسوودەیی بژین کە لە سنوورەکانەوە دوورن و لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستاندان. پەکەکە خۆی دەخزێنێتەو نزیک ئەو گوند و شارۆچکانەی کە لە ناوچە سنووریەکانەوە دوورن و ئامانجیشی ئەوەیە کە بیانوو بدات بە دەوڵەتی تورک تاوەکوو ئەو شارو شارۆچکانەش بوردومان بکات و خەڵکی سڤیل شەهید ببن و دواتر پەکەکە ئەوە وەکوو خۆراکی پروپاگاندایی بۆ قازانجی حیزبەکەی بەکار بهێنێت.

پەکەکە بە پەلاماری شوێنە گەشتیاریەکان دەیهەوێ خۆراکی پروپاگەندایی دەستبکەوێت و یاری بە هەستی خەڵک بکات

گوندی “زێوەسەرێ” پێشتر لە دەستی پەکەکەدا بوو و لە ئێستادا پەکەکە ئەو گوندەی رادەستی ئەرتەشی تورک کردووە و دانیشتوانی گوندەکەش سەرجەمیان بەهۆی پەکەکەوە ئاوارە بوون و لە شیلادزێ، دیرەلووک و شارو شارۆچکەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای دهۆک نیشتەجێ بوون. دوایین جار لە رێکەوتی 26/5/2022دا خەڵکی گوندی “زێوە” بۆ ئەوەی یەکتر ببینن و کاتێکی خۆش لەگەل یەکتر بەسەر ببەن، لە شیلادزییەوە رۆیشتنە شوێنێک کە 47 کیلۆمیتر لە شیلادزییەوە دوورە. بەڵام لەوێش پەکەکە لێیان نەگەڕا و رۆژیکی خۆشی پێ رەوا نەبینین و ژیانیانی خستە مەترسیەوە. لەکاتێکدا کە خەڵکەکە سەرقاڵی سەیران کردن بوون، گریلاکانی پەکەکە، 3 رۆکتیان ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی تورکیە لە بامەرنێ کرد و هەروەکوو ئەوەی کە بە روونی دەردەکەوێت بەرنامەی هاوبەشی تورکیە و پەکەکە بووبێت، ئەرتەشی تورکیەش بە بیانووی وەڵامدانەوە بەو 3 رۆکێتەی پەکەکە بە چەکی قورس هێرشی کردە سەر شوێنی سەیرانی خەڵکی گوندی “زێوەی سەرێ” و لە ئەنجامدا 3 منداڵی کورد بوون بە قوربانی، دوو منداڵیان شەهید بوون و منداڵێکی دیکەش بریندار بوو.

پەکەکە دەیتوانی خۆی لە شوێنی سەیرانی ئەو خەلکە بە دوور بگرێت. دەیتوانی لەبەر پاراستنی گیانی ئەو خەڵکە هەتا ئەوان لەوێ بوون ئەو 3 رۆکیتەی نەهاویشتبا کە هیچیشیان بنکەکەی تورکیەیان نەپێکابوو. بەڵام پەکەکە بە ئەنقەست دەیهەویست خەڵکی سڤیلی کورد بکات بە قوربانی بۆ ئەوەی خۆراکی پروپاگەندایی دەست بکەوێت و بەهۆیەوە پەلاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات و یاری بە هەستی خەڵکەوە بکات. پەکەکە لەپێناو قازانجی تەسکی حیزبەکەیدا دوو منداڵی تەمەن 10 ساڵانی کوردی بە شەهید کردن دا و بوو بە هۆکاری بریندار بوونی منداڵێکی دیکەش. پەکەکە نەک هەر خەڵکی ناوچە سنووریەکانی تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری کردووە بەڵکوو تەنانەت رۆژێکی خۆشیشیان پێ رەوا نابینێت و شایی و سەیرانەکەی لێ کردن بە شیوەن و گریان.

بە کورتی پەکەکە باشووری کوردستانی لە تورکیە نەکردووە بە ڤیێتنام بەڵکوو باشووری بۆ نەتەوەی کورد کردۆتە دۆزەخ. پەکەکە لەباتی ئەوەی وەکوو شۆڕشگێڕانی ڤیێتنام دژ بە داگیرکاری بجەنگێت، بووەتە پردێک بۆ پەڕاندنەوەی تورکە فاشیستەکان بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان.

پوستێن ھەمان بەش