تورکیە داوای رادەست کردنەوەی 17 ئەندامی پەکەکە لە سوید و فینلاند دەکات

تورکیە داوای رادەست کردنەوەی 17 ئەندامی پەکەکە لە سوید و فینلاند دەکات

یەکێک لە داواکراوەکان “ئامینە کاکاباوە”یە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هیچ پەیوەندیی بە تورکیەوە نیە و لە ئێستادا ئەندام پارلمانی سویدە.

وەزیری “داد”ی تورکیە رایگەیاند بە تۆمەتی ئەندامەتی لە رێکخراوە “تیرۆریستی”یەکاندا داوایان لە سوید و فینلاند کردووە تاوەکوو 17 ئەندامی پەکەکە و 16 ئەندامی جەماعەتی “گولەن”یان رادەست بکەنەوە.

“بەکر بۆزداگ” وەزیری “داد”ی تورکیە لە لووتکەی دامەزراوەکانی “مافی مرۆڤ”ی ئەو وڵاتەدا بەشداریی کرد و رایگەیاند: “ئەوان چاوەڕێی جێبەجێ کردنی داواکاریەکەیانن”.

بۆزداگ گوتیشی: “زۆرێک لە ئەندامانی ناتۆ ماوەیەکی زۆرە کە بە ئاشکرا پشتیوانی لە رێکخراوە “تیرۆریستی”ـەکان دەکەن. هەموو کەس دەزانێت کە “یەپەگە ـ پەیەدە” سەر بە پەکەکەن، کەچی بە هەزاران بارهەڵگر هاوکارییان پێگەیاندوون و راهێنانیان پێکردوون. لە ئێستادا رێکەوتنێک واژۆ کراوە و تورکیە ئەو رێکەوتنە بە گرینگ دادەنێت”.

وەزیری “داد”ی تورکیە ئاماژەی بەوەش کرد: “میکانیزمێک بۆ چاودێری کردنی هەنگاوەکان دانراوە. ئێمە پێشتر داوامان لە فینلاند کردبوو کە 6 ئەندامی پەکەکە و 6 ئەندامی جەماعەتی گولەن رادەستی تورکیە بکەنەوە. داوامان لە سویدیش کردبوو کە 11 ئەندامی پەکەکە و 10 ئەندامی جەماعەتی گولەنمان رادەست بکەنەوە. ئێمە لە چوارچێوەی رێکەوتنە نوێیەکەماندا، چاوەڕێی جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانەمان دەبین”.

ئەو لێدوانانەی بۆزداگ پاش ئەوە دێت کە لە یەکەم رۆژی لووتکەی ناتۆدا لە مادرید، تورکیە و سوید و فینلاند بەڵگەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و تورکیە رایگەیاند پشتیوانی لە بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا دەکات.

میدیا جیهانیەکان رایانگەیاندووە کە سوید لە بەرانبەر پشتیوانی تورکیە بۆ بە ئەندامبوونی لە ناتۆدا، بەڵێنی داوە کە داواکاری ئانکارا بۆ رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە جێبەجێ بکات کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە داواکراون.

ئەو لیستەی کە دەوڵەتی تورکیە وەکوو داواکراو رایگەیاندووە، ناوی 33 کەسی تێدایە کە زۆربەیان کوردن و بەشێکی دیکەشیان گومانی ئەندامبوونی جەماعەتی گولەنیان لەسەرە. شایانی باسە یەکێک لە داواکراوەکان “ئامینە کاکاباوە”یە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هیچ پەیوەندیی بە تورکیەوە نیە و لە ئێستادا ئەندامی پارلمانی سویدە.

پوستێن ھەمان بەش