پەکەکە بە خوێنی کوردان پرۆژەی “کەمەربەن”ی عەرەبیی لە رۆژئاوا تەسبیت کرد

پەکەکە بە خوێنی کوردان پرۆژەی"کەمەربەن"ی عەرەبیی لە رۆژئاوا تەسبیت کرد

پاش ئەو خیانەتەی پەکەکە، کوردانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر جارێکی دیکە بێهیوا بوون و خاک و زێدی خۆیان بەجیهێشت و ئاوارە بوون.

کوردۆ باکووری

48 ساڵ بەسەر پرۆژەی “کەمەربەن” (حیزام)ی عەرەبیدا تێپەر دەبێت. حیزامی عەرەبی پرۆژەیەک بوو کە تێیدا بە بیانووی دروستکردنی بەنداوێک کە بەهۆیەوە زەوینی عەرەبەکانی ناوچەی رەققە و دەوروبەری چۆمی فوراتی کەوتبوونە ژێر ئاو، عەرەبەکانی ئەو ناوچانە گواسترانەوە بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە “دێرکا حمکۆ” هەتا سەرێکانی و گرێسپی جێگیر کران و زەوینە بەپیتەکانی کوردانیان لە کوردەکان زەوت کرد و عەرەبی هاوردەیان تێدا جێگیر کران.

لەو کاتەدا ئەو کوردانەش کە ناڕەزایاتییان دەربڕی لەلایەن رێژیمەوە زیندانی کران و ئەشکەنجە دران. کوردەکان لەژێر ستەم و زۆرداریی حیزبی بەعس و عەرەبە فاشیستەکاندا هێچیان بۆ نەکرا و دەنگی ناڕەزایەتییان کپ کرا.

لە تەنیشت هەر گوندێکی کوردستاندا گوندێکی نوێ دروست کرا و عەرەبە هاوردەکانی تێدا جێگیر کران. لەو گوندە نوێیانەدا چەند بەرابەری ژمارەی دانیشتووانی گوندە کوردستانیەکان عەرەب جێگیر کران. بۆ نموونە ئەگەر گوندێکی کوردی 40 بنەماڵەی تێدا نیشتەجێ بووبان، ژمارەی ئەو عەرەبە هاوردانەی کە لە گوندە نوێیەکەی تەنیشتیەوە جێگیر کرابوون، دەگەیشتە 500 بۆ 600 بنەماڵە. بەوشێوەیە رۆژبەڕۆژ رێژەی دانیشتوانی کوردی ئەو ناوچە کوردستانیانە لەبەرانبەر عەرەبە هاوردەکاندا کەمتر دەبوون.

بەڵام عەرەبە هاوردەکان بەردەوام ئەو ترسەیان هەبوو کە ئەگەر رۆژێک کوردەکان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، زەوینەکانی خۆیان وەردەگرنەوە و سەرجەم عەرەبە هاوردەکان لە خاکی کوردستان وەدەر دەنێن. تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە عەرەبەکان زوینەکانیان بە ئیجارە دابۆوە بە کوردەکان و بۆخۆیان کاریان لەسەر نەدەکرد و ساڵانە پارەی بەرهەمەکانیان بۆ رەوانە دەکرا. دیارە کاتێک کە ئەو عەرەبە هاوردانە رەوانەی کوردستان کران، رێژیمی سووریە لە دەوروبەری چۆمی فوراتیش زەوینی پێدابوون.

کاتێک کە راپەڕینی خەڵکی سوریە دەستیپێکرد و شەڕی ناوخۆیی سەریهەڵدا، رێژیمی ئەسەد شارەکانی رۆژئاوای کوردستانی بە ئەمانەت تەحویلی پەکەکە/پەیەدە دا. عەرەبە هاوردەکان ترسێکی گەورەیان لێ نیشت و خۆیان بێدەنگ کرد و چاوەڕێ بوون بزانن چیان بەسەر دێت.

بەشێکی بەرچاویان ئامادە بوون بە نرخێکی زۆر هەرزان زەوینەکانیان رادەستی کوردەکان بکەنەوە و هەڵبێن. دۆخەکە بەشێوەیەک بوو کە تەنانەت ئەگەر هەڕەشەیەکی بچووکیشیان لێ کرابا ئەوا هەموویان لە ترسان هەڵدەهاتن. عەرەبە هاوردەکان هیوایەتیان ئەوە بوو کە بە بێ زیانی گیانی خۆیان نەجات بدەن.

تەنانەت عەرەبە رەسەنەکانی ناوچەکەش خوازیاری ئەوە بوون کە عەرەبە هاوردەکان ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن.

لە ناوچەی رۆژهەڵاتی قامیشلوو و تربەسپی هەتا دەگەیشتە رۆژئاوای چلئاغا کە بە ویلایەتی تربەسپی دەناسرێت و ناوچەکانی تربەسپی، عالییە و سنجەق لەخۆی دەگرێت، 7 بۆ 8 گوندی عەرەبی هاوردەی لێ دامزرابوو. هەر گوندە و 400 بۆ 600 بنەماڵەی عەرەبی تێدا جێگیر کرابوون. ساڵی 2014، ژمارەیەک لە کادرەکانی پەکەکە و خەڵکی ناوچەکە لەسەر داوای ئەو کوردانەی کە کاتی خۆی زەوینەکانیان داگیر کرابوون، بڕیاریان دا کەوا بە بێ توندوتیژی، عەرەبە هاوردەکان رازی بکەن تاوەکوو بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و کوردستان بەجێ بهێڵن.

ئەوان دەستپێشخەریەکیان کرد و چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ دانیشتووانی ئەو گوندە عەرەبنشینانەدا کرد و عەرەبە هاوردەکان رازی بوون کە بگەڕێنەوە سەر زیدی خۆیان و کوردستان بۆ کوردەکان بەجێ بهێڵن. تەنانەت زۆربەی عەرەبە هاوردەکان خۆیان بە قەرزداری کوردان دەزانی و دەیانگوت ئێمە چاوەروانی ئەوەمان دەکرد کە کوردەکان بە توندوتیژی و خوێن رشتن ئەوان لەسەر زەوینە داگیرکراوەکانیان وەدەر بنێن.

سەرەتا ئەو عەرەبانەی کە لەناو رێکخراو توندڕەوە تیرۆریستیەکاندا ئەندام بوون، ئاشکرا کران و بنەماڵەکانیان لە کوردستان وەدەرنران بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. گوندێک و 2 مەزرەعە چۆڵ کران و 3 بۆ 4 هەزار هێکتار زەوی لە عەرەبە هاوردەکان پاک کرانەوە و بڕیار درا بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان کە کورد بوون.

ئەو زەویانە هی ئەو عەرەبە هاوردانە بوون کە دەستیان لەو تەقینەوانەدا هەبوو کە بەهۆیانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردان شەهید ببوون.

خەڵکی ناوچەکە بەو بڕیارە کەیفخۆش بوون کە بەهۆیەوە جارێکی دیکە زەوینە داگیرکراوەکانیان بۆ گەڕێندرابوویەوە. بەڵام پیلانەکانی رێژیمی ئەسەد و سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل، بەجۆرێک بوو کە نەدەبوو بڕیاری ئەو کادرانە و خەڵکی ناوچەکە قبووڵ بکرێت.

لەلایەن رێژیمی ئەسەدەوە فەرمان بە پەکەکە کرا کە دەبێت ئەو کادرانەی ئەو کارانەیان کردووە، رابگیرێن. پاش چەند رۆژێک لە قەندیلەوە فەرمان هات کە دەبێ ئەو کارانە رابگیردرێن و کاری تەشکیلاتی لەناو ئەو عەرەبە هاوردانە بکرێت، ئەنجومەن و یەکینەی سەربازییان بۆ دابمەرزێت و تێکەڵ بە هێزەکانی یەپەگە بکرێن.

“هاجەر عەفرین” وتەبێژی جەمیل باییک و کۆنسەی پەکەکە کە بۆخۆی بە رەچەڵەک عەرەبە و هەروەها “مەعسووم ماردین”، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ کادرەکانی پەکەکە ئەنجامدا و پێیان راگەیاندن کە بەپێی تەعلیماتی سەرکردایەتی پەکەکە پێویستە ئەو فەرمانانە جێبەجێ بکەن. خەڵکی ناوچەکە و بەشێک لە کادرەکانی پەکەکە ناڕەزایەتی خۆیان لە بڕیارەکەی قەندیل دەربڕی و ئامادە نەبوون قبووڵی بکەن.

بەڵام بێگومان بڕیارەکەی قەندیل بە دڵی عەرەبە هاوردەکان بوو، چوونکە ئەوان دەیانزانی کە ئەگەر تیکەڵ بە یەپەگە، تەڤدەم و پەیەدە ببن ئەوکات دەبنە خاوەن شەهیدی پەکەکە و مافی نیشتەجێ بوونیان دەبێت.

پەکەکە ـ پەیەدە ـ تەڤدەم بەو کارەیان خیانەتێکی گەورەیان لە کورد و خوێنی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان کرد. لەسەر بڕیاری رێبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل، ئەو کادرانەی کە لە بڕیارەکە ناڕازی بوون، نەقڵی شوێنهایەکی دیکە کران و لەو ناوچانە دوور خرانەوە. پاش ئەو خیانەتەی کە پەکەکە ـ پەیەدە بەرانبەر بە کوردانی نێستمانپەروەر و شەهیدانی کوردستان ئەنجامیان دا، کوردانی دڵسۆز جارێکی دیکە بێهیوا بوون و خاک و زێدی خۆیانیان بەجیهێشت و ئاوارە بوون.

ئەو پیلانەی کە رێژیمی بەعس نەیتوانیبووی بە یەکگرتوویی عەرەبەکان و کەسانێکی وەکوو جەماڵ عەبدولناسر کە بە بابی بەعسیزم دەناسرێت، جێبەجێ بکات، پەکەکە بە خوێنی کوردان جیبەجێی کرد و کەمەربەن (حیزام)ی عەرەبیی لە ناو کورداندا کردە دیفاکتۆ و تەسبیتی کرد. بەڕێوەبەرانی پەکەکە ـ پەیەدە تەنانەت بەشێک لەو زەوینانەش کە لەعەرەبەکان وەرگیرابوونەوە، لە رێگای رشوە و بەرتیلەوە جارێکی دیکە رادەستی عەرەبەکان کردنەوە.

دەستهەبوونی خاوەن مەزرەعەیەک لە رووبەرووی گوندی “دوگرێ” لە تەقینەوەیەکدا بە بەڵگەی ڤیدیۆیی سەلمێنراوە کە بەهۆیەوە  پۆلێک لە شەڕڤانانی کورد تێدا شەهید ببوون. رێبەرانی خائینی پەکەکە ـ پەیەدە، ئەو زەوینەیان نەگەڕاندەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکەی کە کورد بوو بەڵکوو جارێکی دیکە رادەستی ئەو عەرەبەیان کردەوە کە دەستی بە خوێنی شەڕڤانانی کورد سوور ببوو.

پوستێن ھەمان بەش