ئێران و پەکەکە دەیانهەوێ گەرمیان بکەن بە شنگالی دووەم

ئێران و پەکەکە دەیانهەوێ گەرمیان بکەن بە شنگالی دووەم

ئەو خیانەتەی کە لەشنگالدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان کرا، ئێران وپەکەکە پلانی هەمان خیانەتیان لە گەرمیانیش داڕشتووە.

پاش ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە باشووری کوردستان، زوومێکی سیاسی تایبەت خراوەتە سەر چەمچەماڵ ـ کەرکووک. بەتایبەتی پاش ئەوەی کە ئەرتەشی عێراق ویستی بچێتە ناوچەی کۆرمۆر و لەلایەن پێشمەرگەکانی کوردستانەوە رێگەی پێنەدرا، گرنگی ناوچەکە زیاتر دەرکەوت. لە ئێستا بەولاوە دەبێ چاوەڕوان بین کە رۆژانە ناوی هێڵی چەمچەماڵ ـ کەرکووک ـ قادر کەرەم زیاتر ببیسین. دیارە گرنگیی ئەو ناوچانە وجووڵە سەربازیەکان تێیدا دەگەڕێتەوە بۆ پیش ئەو هێرشانەی کە لەماوەی رابردوودا کرانە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. ئەگەرچی تەنها باس لە چەمچەماڵ دەکرێت بەڵام ئەگەر کەمێک کراوەتر بڕوانین دەبینین کە مەبەستەکە سەرجەم ناوچەی گەرمیانە.

هاوپەیمانەکانی ئێران لە گەرمیان کێن؟

لەسەرەتای ساڵانی 2000 بەملاوە، ئێران گرنگییەکی تایبەتی بە گەرمیان دەدات. بەتایبەتی لە ساڵی 2012دا لەگەڵ پرۆسەی گەشەپێدانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو خولیای ئیران زیاتر پەرەی سەند. بەڵام بۆ رێژیمی ئێران ئاسان نەبوو کە بەشێوەی راستەوخۆ و بە ئاشکرا حوزووری خۆی لەوێ پەرەپێبدات. لەگەڵ ئەوەی کە یەنەکە پشتگیریی لە حوزووری ئێران لە گەرمیان دەکرد بەڵام جەماوەی یەکیەتی لەو ناوچەیە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوون و سنووردار بوو. ئێران بە تەواوی دڵنیا بوو کە میلیشیاکانی حەشد لە گەرمیان قبووڵ ناکرێن و ئەرتەشی عیراقیش لەلایەن خەڵکی گەرمیانەوە وەرناگیردرێن. خەڵکی ناوچەکە تەنها دەکرا لە دەوری رێکخراوەیەک کۆ بکرێنەوە کە ناوێکی کوردیی هەبێت، هەر بۆیە ئێرانیش بەمەبەستی جێبەجێ کردنی ستراتژیەکانی، پەکەکەی وەکوو نوێنەری خۆی لە گەرمیان بڵاو کردەوە.

هیلالی شیعەی ئێران و پرۆژەی کەمەربەندی ناوەڕاستی پەکەکە

هەرکەس تۆزقاڵێک لە نەخشەڕێگا تێبگات، دەتوانێ ئەو هێڵی پەیوەندیە ببینێت کە لە گەرمیانەوە دەستپێدەکات و دواتر لە هێڵی کەرکووک ـ مەخموور ـ مووسڵ بەردەوام دەبێت و دەگاتە شنگال. مرۆڤ دەتوانێ بە روونی بیبینێت کە ئەو هێلە هەتا رۆژئاوای کوردستانیش دەڕوات. واتە گەرمیان خاڵی دەسپێکی پلانی هیلالی شیعەی رێژیمی ئێرانە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا.

پەکەکە ئەو هێڵەی پلانی هیلالی شیعەی ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا وەکوو “هەرێمێک کە پێویستە دیموکراتیزە” بکرێت، ناو دەبات. ئەگەرچی پەکەکە بە رواڵەت هۆکارە سیاسیەکانی جێگیر بوونی خۆی لەو ناوچەیەدا هاوکات لەگەڵ ئێران دەستپێکرد، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوەی کە پەکەکە هێنایە ئەو ناوچەیە، رێژیمی ئێران بوو.

ئەوەش کە گریلاکانی پەکەکە باسی لێوە دەکەن و دەڵین “ئیمە هاتین و کەرکووکمان رزگار کرد”، خۆی بەشێکە لەو پرۆژەیە. ئەو لایەنەی کە گریلای هێنایە کەرکووک، رێژیمی ئێران بوو. رێژیمی ئێران لە قەندیل فەرمانی بە رەزا ئاڵتوون و مستەفا قەرەسوو لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە کرد تاوەکوو گریلا رەوانەی کەرکووک بکەن. سەرجەم ئەو شوێنانەی کە لە کەرکووکدا گریلای تێیدا جێگیر کران، لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دیاری کرابوون. سەرجەم پرۆژەکە لەلایەن ئێرانەوە بەرنامەی بۆ دانرابوو. لەوکاتەدا میلیشیاکانی حەشد تازە دامەزرابوو و ئەو هێزانەی کە راستەوخۆ فەرمانیان لە تاران وەردەگرت لە ناوچەکدا کەم نەبوون.

هۆکاری جێگیر کرانی گریلاکانی پەکەکە لەسەر هێڵی گەرمیان ـ مەخموور ـ شنگال چیە؟

ئەو پرۆژەیەی کە لە کەرکووکەوە دەستیپێکرد لە شنگال بەردەوام بوو. ئەو هێزەی کە پەکەکەی لە شنگالیش جێگیر کرد دیسان هەر رێژیمی ئێرانە. لە راستیدا سەرچاوەکانی یەکیەتی نیشتمانی لە کەمپی مەخمووریش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە. پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەمپی پەکەکە لە مەخموور، یەکیەتی نیشتمانی کەمپێکی نوێی لە نزیک رانیە بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور تەرخان کردبوو. هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دیاریکردنی شوێنێکی لە نزیک هەولێر بۆ ئاوارەکانی کەمپی مەخموور تاوتوێی دەکرد. بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتیی دانیشتووانی کەمپی مەخموور، پەکەکە بە داری زۆر ئەوانی گەڕاندەوە شوێنە کۆنەکەی خۆیان لە مەخموور. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کەمپی مەخموور گرنگییەکی ستراتژیکی هەیە. ناوچەکانی مووسڵ و کەرکووک پێکەوە دەبەستێتەوە. بەتایبەتی چیای قەرەچووغ لە سەرەوەی مەخموور، وەکوو سنووری نیوان کورد و عەرەب دادەنرێت. بەهۆی ئەو گرینگیە ستراتژیکیەوە بوو کە ئێران فەرمانی بە پەکەکە کردبوو، تا کەمپی مەخموور چۆڵ نەکەن. ئێران بەڵێنی بە پەکەکە دابوو کە ئەگەر هێزیکی سەربازیی لە کەمپی مەخموور جێگیر بکات ئەو هێزەی لە چوارچێوەی میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی”دا بە فەرمی دەناسرێت و لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە مووچەی سابیتیان بۆ دەبڕێتەوە. هەروەها کۆمەڵێک چەکی نیوە قورسی وەکوو دۆشکا، بیکەیسی و هتد… رەوانەی کەمپی مەخموور کران.

واتە رێژیمی ئێران بە ئاشکرا پشتیوانیی لە بەرفراوان بوونی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە وەکوو هێزێکی سەربازیی لە هەریمی کوردستاندا دەکات. لە راستیدا نەک هەر پشتیوانیی لێدەکات بەڵکوو تاران بۆخۆی مێعمار و بەڕێوەبەری ئەو پرۆژە سیاسیەیە و پەکەکە وەکوو ئامرازێک تێیدا بەشدارە.

پەکەکە و کەتائیبی حیزبوڵڵا لە تەنیشت یەکن

دەتوانین بڵێین کە لە پرۆژەی هیلالی شیعەی رێژیمی ئێراندا، پەکەکە رۆڵی پاسەوانی هەیە. پەکەکە لەساڵی 2014 بەملاوە لە زۆر شوێنی وەکوو چەمی رەزان، چەمچەماڵ، گەرمیان، کەلار، دووزخورماتوو، کفری، قادر کەرەم و هتد… جێگیر کراوە. لە زۆربەی ئەو خاڵانەشدا کە لەسەر هێڵی گەرمیان هەیەتی، لەگەڵ میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی”دا پەیوەندییەکی قووڵی هەیە و هاوکار و هاوپەیمانی یەکترین. پەکەکە لەسەر خەتی گەرمیاندا لەگەڵ باڵی توندڕەوی ناو میلیشیاکانی حەشد واتە کەتائیبی حیزبوڵڵادا هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی قووڵیان هەیە. هێرشە مووشەکیەکانی ئەم دواییانەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری کوردستان، لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵای هاوپەیمان و دۆستی پەکەکەوە ئەنجامدران. کەتائیبی حیزبوڵڵا بۆ چەواشەکاری ئیدیعای کردبوو کە کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن تورکیەوە هێرشی کراوەتە سەر و میدیاکانی پەکەکەش ئەو ئیدیعایانەی کەتائیبی حیزبوڵڵایان وەکوو زانیارییەکی باوەڕپێکراو بڵاو کردەوە.

ئەو تۆڕی پەیوەندیە تاریک و نایاساییانە لە راستیدا دەیسەلمێنن کە هێندێک پیلانی مەترسیدار لەسەر هێڵی گەرمیان لە ئارادان و ئەو ناوچەیە رەنگە لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا ببێتە ناوەندی پەلاماردانی هەرێمی کوردستان. چاوەڕوان دەکرێت چارەنووسی ئەو ناوچەیە وەکوو شنگالی لێبێت و گەرمیانیش ببێتە شنگالی دووەم.

واتە ئەو خیانەتەی کە لە مەسەلەی شنگالدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان کرا، بە هاوکاریی میلیشیاکانی حەشد هەمان خیانەت لە گەرمیانیش پلانی بۆ دانراوە.

هەروەک ئاشکرا بووە، پەکەکە لەسەر هێڵی گەرمیان لەژێر ناوی هێزەکانی پاراستنی جەوهەریدا سەرقاڵی پەروەردە کردنی کۆمەڵێک لە لاوانی کوردە. لە ئێستادا پەکەکە هەوڵەکانی چڕتر کردۆتەوە و دەیهەوێ لەو ناوچانەدا یەکینەی سەربازیی رێکبخات و هاوشێوەی شنگال بیانکات بە بەشێک لە میلیشیاکانی حەشد. هەروەها لەو زانیاریانەی کە بەدەستکەوتوون، لە ماوەی رابردوودا هێزێکی دیکە لە پێنجوێن و ئاسۆسەوە رەوانەی کەرکووک و بەتایبەتی ناوچەی چەمچەماڵ کراوە.

ئایا ئەمە بەردەوامیی خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبری سەر کەرکووکە؟

پاش ئەوەی کە ئەرتەشی عێراق و میلیشیاکانی حەشد لە 16ی ئۆکتۆبری ساڵی 2017دا پەلاماری کەرکووکیان دا و داگیریان کرد، بەرنامەیان ئەوە بوو کە بپەڕێنەوە بۆ پردێ و لەوێەوە ئەوەندە پێشڕەوی بکەن کە هەولێر و سلێمانی لەیەک داببڕن. بەڵام بەرگرییە مێژوویەکەی پێشمەرگەکانی کوردستان لە پردێ ئەو پیلانەی کردە بڵقی سەر ئاو و سوپای داگیرکەران ناچار بوو کە پاشەکشە بکات. ئامانجی راستەقینەی ئەو پەلامار و هێرشە، لەناوبردنی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی کوردستان بوو. دەیانهەویست قەوارەی فیدراتیڤی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن و سیستمی پارێزگاکان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن. بەڵام بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی کوردستان رێگای نەدا پیلانی دوژمنان سەر بگرێت و سەرجەم پیلانە گڵاوکانیانی کردە بڵقی سەر ئاو.

پوستێن ھەمان بەش