تورکیە هێز و چەکی قورس رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکات

تورکیە هێز و چەکی قورس رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکات

کاروانە سەربازیەکانی تورکیە لە کۆمەڵێک تانک، ئوتۆمبێلی سەربازی، زرێپۆش، تۆپخانە، رۆکێت هاوێژ و کەلوپەلی دیکەی سەربازیی پێکهاتوون.

ئەرتەشی تورکیە بەردەوام هێز و چەکوچۆڵ رەوانەی رۆژئاوای کوردستان و سووریە دەکات و لەم رۆژانەی دواییدا چوارەمین کاروانی نیزامیی تورکیە لە رێگای دەروازەی “ئەل ـ راعی”ـەوە بەرەو شاری باب رەوانە کراوە. ئەو کاروانە سەربازیەی تورکیە تانک و تۆپ و کۆمەڵێک چەکی قورسی دیکەی لەخۆ گرتووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا 4 کاروانی سەربازیی تورکیە رەوانەی سووریە و رۆژئاوای کوردستان کراوە و بەشیکیان لە باکووری حەلەب جێگیر کراون.

کاروانی یەکەم: شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە لە رێگای دەروازەی سنووریی “باب ئەل ـ سەلامە”وە رەوانەی گوندەوارەکانی حەلەب کراوە.

کاروانی دووەم: لە رێگای سەربازیی “عەین بەید”وە لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای ئیدلبەوە رەوانەی ناو سووریە کراوە و لەو بنکانەی تورکیەدا جێگیر کراون کە لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی ئیدلب و رۆژهەڵاتی حەلەبدا دایمەرزاندوون.

کاروانی سێهەم: رۆژی سێشەممە لە دەروازەی سنووریی “ئەل ـ راعی”ـەوە رەوانەی گوندەوارەکانی حەلەب کراوە و لە بنکەکانی تورکیە لە هەرێمی “ئۆپراسیۆنی مەرتەلی فورات” جێگیر کراوە.

کاروانی چوارەم: رۆژی سێشەممە لە دەروازەی سنووریی “حەمامێ”ـەوە لە ناوچەی جندرێسی رۆژئاوای عەفرینەوە رەوانەی گوندەوارەکانی باشووری عەفرین و نزیک لە خەتی تەماس لەگەڵ هەسەدە و ریژیمی سووریەدا کراوە.

روانگەی سووری رایگەیاندووە کە کاروانە سەربازیەکانی تورکیە گەیشتوونەتە گوندەوارەکانی عەفرین و حەلەب و لە کۆمەڵێک تانک، ئوتۆمبێلی سەربازی، زرێپۆش، تۆپخانە، رۆکێت هاوێژ، تانکەر و کەلوپەلی دیکەی سەربازیی پێکهاتوون.

رەوانە کردنی ئەو کاروانە سەربازیانە لەلایەن تورکیەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ماوەیەکە هەڕەشەی پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی “تل ـ رەفعەت” و منبج دەکەن.

پوستێن ھەمان بەش