رەجەب ئەردۆغان: کەس ناتوانێ پێش بە هێرشەکانمان بگرێت

رەجەب ئەردۆغان: کەس ناتوانێ پێش بە هێرشەکانمان بگرێت

ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە رەخنەی زۆر لە تورکیە دەگیرێت بەهۆی ئەو سنووربەزاندن و بۆردوومانانەی دەیکاتە سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان.

سەرۆک کۆماری تورکیە هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشی سەربازیی وڵاتەکەی بۆسەر یەپەگە و پەکەکە کرد و رایگەیاند، لە ماوەیەکی کورتدا هێرش دەکەن. دەشڵێت، سنوورەکانی تورکیە تا ئەو شوێنەیە کە ئاسایش لێوەی دەست پێدەکات.

 رەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوی یوسفئەلی لە پارێزگای ئارتڤین رایگەیاند، ئارامگریی تورکیە لەبەر ئەوە نییە کە بێ توانا یان بێچارە بێت، بەڵکو پابەندی هەستیاریی تورکیایە وەکو وڵاتێکی یاسا بەو بەڵێنانەی پێیدراوە. گوتیشی: “ئەوانەی وادەزانن تورکیا لەڕێی یاریی پیتەکان و بڵاوکردنەوەی وێنەی سەربازانیان لەگەڵ تیرۆریستان دەخافڵێنن، ئەوا با بزانن کە ئەو رێگەیە کۆتاییهاتووە”.

 ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە رەخنەی زۆر لە تورکیە دەگیرێت بەهۆی ئەو سنووربەزاندن و لەشکرکێشی و بۆردوومانانەی دەیکاتە سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان.

 سەرۆک کۆماری تورکیە باسی سنوورەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، “لە بەشێکی سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق و سووریە، هێڵی ئاسایشمان بۆ ئەو شوێنە راکێشا کە پێویستە. هەروەها لەو شوێنانەی کە هێشتا هێرش و پەلامار دەکرێنە سەر سنوور و هاووڵاتییانمان، هیچ کەسێک ناتوانێت رێگر بێت و دژایەتیمان بکات لە بردنەپێشەوەی ئەو هێڵە.”

 ئەردۆغان گوتیشی، “چەند رۆژێک بە فڕۆکە، تۆپ و درۆنە شەڕکەرەکانمان بەسەر سەری ‘تیرۆریستان’ـەوەین. پەنا بەخوا لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ تانک، سەربازانمان و ئەوانەی هاوڕێبازن لەگەڵمان، هەموویان ریشەکێش دەکەین.”

 ئەردۆغان باسی ئاسایشی تورکیاشی کرد و گوتی، “لەمەودوا یەک پێوەرمان هەیە. تاکە سنوورێک هەیە کە ئەویش ئاسایشی خۆمانە. ئەو ئاسایشە لەکوێ دەستپێبکات، رۆیشتنمان هەتاوەکو ئەوێ رەواترین مافی خۆمانە”.

شایانی باسە رۆژی یەکشەممە 20/11/2022، تورکیە زنجیرە هێرشیکی سەربازیی دژ بە رۆژئاوا و باشووری کوردستان ئەنجامدا و بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیە لەو هێرشانەدا 89 پێگەی پەکەکە کراونەتە ئامانج.

پوستێن ھەمان بەش