پینتاگۆن: هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئاسایشی هێزەکانمان دەخاتە مەترسیەوە

پینتاگۆن: هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئاسایشی هێزەکانمان دەخاتە مەترسیەوە

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی “هەسەدە” رایگەیاندووە کە ئەوان بەهۆی هێرشەکانی تورکیەوە شەڕکردنیان دژ بە تیرۆریستانی داعش راگرتووە.

‎وەزارەتی بەرگریی ئامریکا (پینتاگۆن) هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات و دەڵێت، ئەو هێرشانە هێزەکانی ئامریکای لە ناوچەکە خستووەتە مەترسییەوە و داوای دەستبەجێ راوەستاندنی دەکات.

پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەگریی ئامریکا لە راگەیاندراوێکیدا کە درەنگانی شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، “وەزارەتی بەرگریی ئامریکا بە قووڵی نیگەرانی ئەو کردارانەیە کە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لە باکووری سووریە و عێراق. ئەم ئاڵۆزبوونە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر بەرەوپێشچوونەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستهاتوون لە لاوازکردن و تێکشکاندنی داعش.”

‎گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا ئاماژەی بەوەش داوە، هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر سووریە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر کەسایەتی و هێزەکانی ئامریکا کە لە سووریان و لەگەڵ هاوبەشە لۆکاڵییەکانیان بۆ تێکشکاندنی داعش و هێشتنەوەی زیاتر لە 10 هەزار زیندانیی داعش لە ناوچەکە کار دەکەن.

‎بە گوتەی پاتریک رایدەر، “هێرشی سەربازیی ناهاوئاهەنگیش بوونەتە هەڕەشە لەسەر سەروەریی عێراق.” هاوکات داوای دەستبەجێ وەستاندنی هێرشەکان دەکات و دەڵێت، “کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان پێویستە تاوەکو سەرنجەکان لەسەر شەڕی داعش بمێنن و دڵنیابین لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەو کەسانەی لەسەر زەوی پابەندن بە تێکشکاندنی داعش.”

رایدەر سەرکۆنەی کوژرانی مەدەنییەکان لە تورکیە و لە سووریە دەکات کە بەهۆی ئەم ئاڵۆزیانەوە بوونەتە قوربانی و سەرەخۆشی لە کەسوکاریان دەکات، ئەوەیشی خستووەتەڕوو، “بە قووڵی نیگەرانین لەو راپۆرتانەی باس لە بەئەنقەست بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان دەکەن.”

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لە راگەیاندراوەکەیدا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە، هەروەها دەشڵێت، “بە نیگەرانییە شەرعییەکانی تورکیەش دەزانین و بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیە و هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان تاوەکو درێژە بە ئاگربەستەکەیان بدەن.”

 نزیکەی 900 سەربازی ئامریکا لە سووریە بوونیان هەیە بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە جیگیر کراون و بە هاوکاری هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “هەسەدە” دژ بە پاشماوەکانی داعش دەجەنگن.

بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/11/2022 2022، تورکیە بەبیانووی پەکەکەوە زنجیرە هێرشیکی ئاسمانیی بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و دوینێش 3 کێڵگەی نەوتی کردە ئامانج کە لە نزیک زیندانی چرکین هەلکەوتبوون. زیندانەکە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی داحشیان تێدا بەند کراوە.

هاوکات تورکیە نووسینگەی پەیوەندیەکانی هەسەدەی لە ناو بارەگای رووسیە لە گوندی “مەباقرێ” سەر بە تل تەمر و کەمپی هۆڵی بوردومان کرد و بە هۆیەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی سڤیل و شەڕڤانانی هەسەدە گیانیان لەدەستدا.

وەکوو کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هێرشەکانی تورکیە، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “هەسەدە” رایگەیاند کە ئەوان بەهۆی هێرشەکانی تورکیەوە شەڕکردنیان دژ بە تیرۆریستانی داعش راگرتووە.

پوستێن ھەمان بەش