“448 خۆپێشاندەر لە ئێراندا کوژراون”

"448 خۆپێشاندەر لە ئێراندا کوژراون"

هێرانا: 18 هەزار و 170 خۆپێشاندەر لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویکردەوە، لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە ریژیمی تاراندا بەلانی کەمەوە 448 خۆپێشاندەر کوژراون و نزیک بە 18 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

بە پێی راپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی هرانا، لە 16ـی ئەیلولەوە تا 25ـی تشرینی دووەم، خۆپێشاندان لە 156 شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە و بەهۆی کاردانەوەی توند و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، 448 خۆپێشاندەر و لەوانە 63 مێرمنداڵ کوژراون. هەروەها 18 هەزار و 170 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون.

هرانا بڵاوی کردووەتەوە، لەو ماوەیدا لە 143 زانکۆ گردبوونەوە و خۆپێشاندان کراوە و 565 قوتابیش دەستگیرکراون.

ناسنامەی سێ هەزار و 234 خۆپێشاندەری دەستگیرکراو بەتەواوی بۆ چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ئاشکرابووە، لەنێو ئەو کەسانەدا 110 منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ هەیە (74 کوڕ و 36 کچ).

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 24ـی تشرینی دووەم لەبارەی پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران، پێکبێت.

ئەندامانی ئەو لیژنەیە لەلایەن سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری دەکرێن و ئەرکی ئەوان، لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا و کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر بڕیاردەران و کەسانی کەسانی سەرکوتکار دەبێت.

پوستێن ھەمان بەش