دارکا مازی هەوڵێکی قێزەونی ئیستیخباراتی پەیەدە ئاشکرا دەکات

دارکا مازی هەوڵێکی قێزەونی ئیستیخباراتی پەیەدە ئاشکرا دەکات

ئیستیخباراتی پەیەدە هەوڵ دەدات تۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەناو هێزی پێشمەرگەی “رۆژ”دا دروست بکات.

لەو رۆژەوە کە هێزی پێشمەرگەی “رۆژ” لەلایەن خەڵکی رۆژئاوای کوردستانەوە دامەزراوە هەتا رۆژی ئەمڕۆ، پەکەکە بەشێوەی جۆراوجۆر هەڕەشە لەو هێزە نەتەوەییە دەکات و زۆرجار لە رێگای هەڕەشەی راستەوخۆ لەو لاوانەی کە لە ریزی پێشمەرگەکانی “رۆژ”دان و جاروباریش بە هەڕەشە کردن لە بنەماڵەکانیان لە رۆژئاوای کوردستاندا، زەختیان دەخەنە سەر بۆ ئەوەی ریزی پێشمەرگەکانی “رۆژ” بەجێ بهێڵن و تەنانەت بە بنەماڵەی پێشمەرگەکانی رۆژ دەڵێن کە ئەگەر رۆڵەکانیان واز لە پێشمەرگایەتی نەهێنن ئەوا بنەماڵەکانیان لە رۆژئاوا وەدەر دەنرێن.

هەڕەشەکانی پەکەکە بۆ ماوەیەکی بەرچاو دریژەی هەیە و کاریگەریی لەسەر هێندێک لەو لاوانە و بنەماڵەکانیانی داناوە. ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی رۆژ، بەمەبەستی پاراستنی بنەماڵەکانیان لە دەستی قێزەونی “ئیستیخباراتی پەیەدە” و هەڕەشە بەردەوامەکانی پەکەکە، بەناچار وازیان لە پێشمەرگایەتی هێناوە و گەڕاونەتەوە بۆ رۆژئاوا.

پاش وازهێنانی ئەو لاوانەی رۆژئاوا لە پیشمەرگایەتی “رۆژ”، “ئیستیخباراتی پەیەدە” لە رۆژئاوای کوردستاندا دەیهەوێ ئەو لاوانە ئیستیسمار بکات و لە بەرژەوەندیی پەکەکە و بۆ سیخوڕی کردن لە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی “رۆژ” بەکاریان بهێنێت.

بەپێی زانیاریە تایبەتەکانی پێگەی “دارکا مازی”، ئیستیخباراتی پەیەدە  ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە هێزی پێشمەرگەی “رۆژ” دابڕاون لەناو ریزەکانی یەپەگەدا دامەرزاندووە و ئەرکی پێکهێنانی سەرچاوەی ئیستیخباراتیی لەناو هێزی پێشمەرگەی “رۆژ”ی پێ ئەسپاردوون.

لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەکانی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە یەکێک لە کادرەکانی یەپەگە بەناوی “هەڤال عەگید” کە لە ئیستیخباراتی پەیەدە و لە “مەیدانی ئیستیخباراتی” شارۆچکەی رمێلان سەر بە دێرک کار دەکات، سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەنەکەسە و پێشمەرگەکانی “رۆژ” دەکات. عەگید پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ “عەقید ریاز”دا هەیە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و پێشتر لەناو ریزەکانی پێشمەرگەی رۆژدا ئەفسەر بووە. عەقید ریاز لە ئێستادا وەکوو بەرپرسێکی سەربازیی لەناو ریزەکانی یەپەگەدا ئەرکدار کراوە.

بەپێی زانیاریەکانی ئێمە، عەگید بە هاوکاریی عەقید ریاز پەیوەندیی بەو پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی هێزی پێشمەرگەی رۆژ”ـەوە دەکات کە بەهۆی هەڕەشەکانی پەکەکەوە وازیان لە هێزی پێشمەرگایەتی هێناوە و گەڕاونەتەوە رۆژئاوا، تاوەکوو زانیارییان لەسەر پێشمەرگەی “رۆژ” پێبدەن و هاوکات بتوانن تۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەناو هێزی پێشمەرگەی “رۆژ”دا دروست بکەن.

سەرچاوەکانی ئێمە ئاشکراشیان کردووە کە هەڤال عەگید لە مانگی تەباخی ئەمساڵدا کۆبوونەوەیەکی لە شاری حەسەکە پێکهێناوە کە ئەم کەسانەی تێدا بەشدار بوون:

1ـ عەقید ریاز

2ـ ئەحمەد یووسف جەمیل ئەحمەد کە لەدایکبووی 1980یەکانە و دانیشتووی گوندی “خەجۆکێ” سەر بە شاری قامیشلووی رۆژئاوایە و پێشتر لەناو هێزی پێشمەرگەی “رۆژ”دا پلەی ملازم بووە.

3ـ سالار محەممەد خەیر کە پێشتر پێشمەرگەی “رۆژ” بووە.

4ـ عەلی گەنجۆ دانیشتووی گوندی سحل سەر بە شارۆچکەی تربەسپی کە پێشتر پێشمەرگەی “رۆژ” بووە.

عەگید لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە چۆنیەتی سوود وەرگرتن و دروستکردنی تۆڕی هەواڵگری و سیخوڕی لەناو هێزی پێشمەرگەی “رۆژ”ی بۆ ئەو کەسانە کردووە کە پێشتر بۆخۆیان پێشمەرگەی “رۆژ” بوون و بەهۆی هەڕەشەی پەکەکە/پەیەدەوە وازیان لە پێشمەرگایەتی هێناوە و گەڕاونەتەوە بۆ رۆژئاوا.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەڤال عەگید داوای لە هەریەک لە عەقید ریاز، سالار و عەلی گەنجۆ کردووە کە زانیاری دەربارەی پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی هێزی پێشمەرگەی “رۆژ” لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان کۆبکەنەوە. بەتایبەتیش زانیاری کۆ بکەنەوە کە بزانن بنەماڵەی کام لە پیشمەرگەکانی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستاندا هەن و ناونیشانەکەیان بدۆزنەوە تاوەکوو بتوانن هەڕەشەیان لێبکەن و هەوڵ بدەن وەکوو سەرچاوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی هێزی پێشمەرگەی “رۆژ” بۆ ئیستیخباراتی پەیەدە بەکاریان بهێنن.

پوستێن ھەمان بەش