PWK: دانانی قەییۆم بۆ شارەوانیەکانی دێرسیم و پولور، بڕیارێکی سیاسییە و قبووڵ ناکرێت

PWK: دانانی قەییۆم بۆ شارەوانیەکانی دێرسیم و پولور، بڕیارێکی سیاسییە و قبووڵ ناکرێت

“بڕیاری دانانی قەییۆم، بێ بایەخکردن و پێشێلکردنی ئیرادەی دەنگدەرانە و دژی نۆرمەکانی دیموکراسییە”.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئیدانەی بڕیاری دانانی قەییۆم بۆ شارەوانییەکانی دێرسیم و پولور دەکات و دەڵێت، “بڕیارێکی سیاسییە، دژی نۆرمەکانی دیموکراسییە و قبوڵکراو نییە”.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دوێنێ هەینی 22/11/2024، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە “جەودەت کۆناک” سەرۆکی شارەوانیی دێرسیم لە لیستی “دەم پارتی” و “مستەفا سارگول” سەرۆکی شارەوانی ناحیەی پولوور، لە لیستی جەهەپە، بە بیانووی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا، لەلایەن دادگای تاوانە قورسەکانی “دێرسیم”ـەوە سزا دراون و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

سەبارەت بە ئەم بڕیارە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، ئەمڕۆ شەممە 23/11/2024، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، ئەو بڕیارەی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستاندا هاتووە:

“وەزارەتی ناوخۆی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، جەودەت کۆناک سەرۆکی شارەوانیی ‘دێرسیم’ی ‘پارتی دەم’ و مستەفا سارگول سەرۆکی شارەوانیی ‘پلوور’ی ‘جەهەپە’، لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە و دەوڵەت قەییۆمی لە شوێنەکانیان داناوە.

لەبری جەودەت کۆناک، پارێزگاری دەرسیم، بولەنت تەکبیکئۆغڵو وەکوو قەییۆم دانراوە.

لەبری مستەفا سارگول، قایمقامی پلوور، حسێن شامیل وەکوو قەییۆم دانراوە.

بڕیاری دانانی قەییۆم، بێ بایەخکردن و پێشێلکردنی ئیرادەی دەنگدەرانی ‘دێرسیم’ و ‘پلوور’ـە، بڕیارێکی سیاسییە، پێچەوانەی پێوەرەکانی دیموکراسییە و مایەی قبووڵکردن نییە.

ئێمە بڕیاری دانانی قەییۆم شەرمەزار دەکەین.

پێویستە سەرۆکی شارەوانییەکانی دێرسیم و پلوور بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.”

پوستێن ھەمان بەش