لۆزانی دووەم چۆناوچۆن پێکدێت؟

لۆزانی دووەم چۆناوچۆن پێکدێت؟

سبەی ڕۆژ کورد نابێت گلەیی لە زلهێزەکان بکات کە هیچ مافێکیان پێ نەداوین، لە ڕاستیدا ئێمە خۆمان هۆکاری سەرەکین بۆ بەدەستنەهێنانی مافەکانمان…

بووبێ ئەسەر

بە بڕوای من ڕوون و ئاشکرایە کە لۆزانی دووەمیش لەسەر دەستی هەندێک کورد پێکدێت کە کار بۆ کورد ناکەن. ئەو سیگناڵ و پڕۆسەیەی کە گوایە بەناوی باخچەلیەوە دەستی پێکردووە، پێمان دەڵێت کە یارییەکی زۆر قێزەون لەسەر سەری کوردان دەکرێت.

تا ئێستا کورد هەمیشە بەهۆی نەبوونی یەکڕیزی نێوخۆیی و نەبوونی یەکگرتوویی و ڕێککەوتن نێوان عەشیرەت و لایەنە سیاسییەکان، تووشی شکست بووە. بەداخەوە سیاسەتوانەکانی باکووری کوردستان ئەمە نابینن و ناتوانن لەوە تێبگەن کە ئەوەی لە لۆزانی یەکەمدا بەسەر کورددا هات، دەتوانێ لە لۆزانی دووەمدا لەوەش خراپترمان بەسەردا بێت.

ئێمە هەمیشە باسی لۆزانی دووەم دەکەین. بەڵام لەم کاتەدا دەتوانێت بە ناوێکی دیکەشەوە بێتە بەردەم ئێمەی کورد. چونکە پرۆژەی لۆزان لەسەر دەستی بارزانییەکان تێکشکا کاتێک کە باشووری کوردستانیان ڕزگارکرد. کەواتە ئێستا هەندێک یاری بۆ لەناوبردنی پارچەکانی تر ئەنجام دەدرێت.

لە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژئاوا دۆخەکە نادیارە. هێشتا بە ڕوونی نازانین لەوێ چی ڕوودەدات. سیناریۆ زۆرن و زۆرێک لە ئەکتەرە سیاسییەکان هەندێک جار یارییەکانیان لەسەر سەحنەی شانۆی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدەن.

وەک دەزانرێت لە پەیمانی لۆزانی یەکەمدا، بە نهێنی زانرابوو کە ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان لە سەد ساڵدا نەتوانن کورد لە ناو خۆیاندا بتوێننەوە، ئەوە ڕوون بوو کە چییان بەسەر دێت. بەڵام داگیرکەرانی ئێمە لەم کارە سەرکەوتوو نەبوون. بۆیە ئێستا ئەوانیش تۆنی دەنگیان گۆڕیوە و دەیانهەوێ پارووە نانێک بدەنە کورد بۆ ئەوەی دەست لە سەربەخۆیی کوردستان بەربدەن.

بۆ ئەو پارووە نانەش، ئەو ئەکتەرانەی کە گۆیا بەناوی کوردەوە لە میداندان، تەنها پەکەکە حیزبە ئاشکراکەی واتە “پارتی دەم” هەن. لەخۆیدا پەکەکە هەرگیز کوردستانی سەربەخۆی نەویستووە و ناشیهەوێت. تەنانەت فیدراسیۆن و ئۆتۆنۆمیشیان ناوێت. ئەو چالاکییانەی کە بۆ مالوێرانکردنی کوردان کردوویەتی، تەنها لەپێناو بەهێزبوونی کۆماری تورکیادا بووە.

بەڵام بەشێک لە کوردەکان لە کاتی خۆیدا لەم بابەتە تێنەگەیشتن. تەنانەت ئەوانەش کە لێی تێگەیشتبوون باوەڕیان بە قسە و نووسینی کەس نەدەکرد. هەر بۆیە ئەمڕۆ ئەو پڕۆژەیەی کە کورد و تورک بران، دەکەوێتە ڕۆژەڤ و بە باوەڕی من ئەم پڕۆژەیە لە سەر دەستی “پارتی دەم” (DEM) ئەنجام دەدرێت.

بۆچی؟؟؟

چونکە ئەمڕۆکە ئێمە پێمان خۆش بێت یان نا، لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا “پارتی دەم” وەک هێزێکی دیموکراتیکی کوردی دەبیندرێت. ئەگەر دیدارێک یان گفتوگۆیەک هەبێت، لەگەڵ ئەوان دەکرێت. لەڕاستیدا ئەوانیش کوردستانیان ناوێت. ئامانج و هەدەفی ئەوان کۆمارێکی بەتوانا و بەهێزە، کە ئەویش کۆماری تورکیایە.

ئەگەر کوردانی باکوری کوردستان هاودەنگی و یەکڕیزی و هاوکارییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەبوایە، دەکرا هەندێک گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانیشدا بکرایە. بەڵام لەبەر ئەوەی پەرشوبڵاون، ئەو دەوڵەتە گەورانەی دەیانهەوێت گۆڕانکارییەک بکەن، وەک لۆزانی یەکەمی دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی تر.

بەداخەوە پرشوبڵاوی و ناتەبایی و نایەکڕیزیی حزبەکانی باکووری کوردستان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی کە ناتوانن بەرەیەکی نەتەوەیی پێکبهێنن و ببنە دەنگ و ڕەنگی کوردانی دەرەوەی پەکەکە. بەڵام ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، دەولەتە زلهێزەکان خۆیان بە کوردانەوە ماندوو ناکەن و “دەم پارتی” (DEM) وەکوو بەردەنگ و موخاتەبی کورد وەردەگرن.

گفتوگۆ و دانوستان لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵاتە، ئەمەش لە ئێستادا لە باکووری کوردستان تەنها پەکەکە و لقە ئاشکراکەی، واتەپارتی دەم”  (DEM) دەگرێتەوە. ئەوە بە دەستی پەکەکە وەکوو لۆزانی یەکەم ڕوودەدات. کورد لەم پراکتیزەدا جارێکی تر دەیدۆڕێنێت و ئەم شکست و خەسارە، کە بە بۆچوونی من دەبێتە شکستێک بۆ میللەتی کورد، کە ئیدی هیچ سەدەیەکیش ناتوانێت ئێمەی کورد لەم ماڵویرانییە ڕزگار بکات.

دەوڵەتانی داگیرکەر وئەوانەی کە حوکمڕانی جیهان دەکەن یان بەڕێوەی دەبەن، لەئێستادا سەرقاڵی ئەوەن کە گۆڕانکاریی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکبهێنن. داگیرکەرانی ئێمەش بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکەن. کێ براوە دەبێت؟ بە بڕوای من دیسان داگیرکەرانی کوردستان سەرکەوتوو دەبن و شکستەکەی ئەمجارەی ئێمەی کورد لە هەموو کات قورستر و خراپتر دەبێت.

نەتەوەی کورد بە هێرشی نوێ و لە خولەکە زیادکراوەکاندا، نابێتە هێز و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و نابێتە خاوەنی هێزێکی نیشتمانپەروەر و لەژێر چەترێکی نەتەوەییدا یەکناگرێت. باکووری کوردستان بەتەواوی لەناو دەچێت. باشووری کوردستانیش لاواز دەبێت. چارەنووسی ڕۆژئاڤا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چی دەبێت، هێشتا بە ڕوونی نازانین.

وادیارە حیزب و ڕێکخراوە هەنووکەییەکانمان بەم دۆخە دڵخۆشن. ئەگینا هێزەکانیان یەکدەخەن و دەبنە دەنگ و ڕەنگی وڵاتەکەیان. سبەی ڕۆژ کورد نابێت گلەیی لە وڵاتە گەورەکان بکات کە هیچ مافێکیان پێ نەداوین، لە ڕاستیدا ئێمە خۆمان هۆکاری سەرەکین بۆ بەدەستنەهێنانی مافەکانمان…

پوستێن ھەمان بەش