مەسروور بارزانی: “ئێمە تێکەڵی شەڕ و ئاژاوەیەک نەبین کە زیانی بۆ خەڵکی ئێمە تێدایە”.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە دووەم و کۆتا رۆژی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی بێت، ئەو گوتەیەی سەرۆک وەزیران لە کاتێکدا هات کە ئێستا عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشەی شەڕێکی ناوچەکە دەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە دووەم و کۆتا ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: کۆڕبەندەکە زیاتر بۆ ئاڵۆگۆڕی بیروبۆچوونەکانە، خەڵکی پسپۆر چ ئەکادیمی بن، چ سیاسی بن، چ سەرکردەی ئابووری بن، دەگەنە یەک و بیرو بۆچوونەکان ئالوگۆڕ دەکەن، ئەو بیرو بۆچوونانە دەگەنە بەردەستی بڕیاربەدەستانی حکوومڕانی ، هیوادارین بیرو بۆچوونی تازە بێنە ئامادەکردن بۆ ئەوەی هەموو لە شەڕ و پێکدادان دوور کەونەوە و زیاتر بیر لە ئاشتی و پێکەوە ژیان بکەنەوە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاریکی میدیاکانی باشووری کوردستاندا ڕایگەیاند: ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی بێت، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵیش، لەگەڵ بەڕێز سوودانی باسی ئەوەمان کردووە کە پێویستە عێراق لە هەموو ئەو کێشە و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە دوور بخرێتەوە و بەرژەوەندی باڵای خەڵکی عێراق و بەتایبەت بەلای ئێمەوە، بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، ئێمە تێکەڵی شەڕ و ئاژاوەیەک نەبین کە زیانی بۆ خەڵکی ئێمە تێدایە، تا پێمان دەکرێت خۆمان دوور دەخەینەوە لەو شەڕە.
سەرۆکی حکوومەتی هەریمی کوردستان جەختیشی کردەوە: ئێمە نامانەوێت ببین بەشێک لەو شەڕە، ئەو شەڕە لەبەرەژەوەندی عێراق نییە، پێشمان وایە ئەو شەڕە چەندە دوور بکەوێتەوە لە عێراق، لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقە.