سەرۆکی گشتیی پارتی ڕیفاهی تورکیا لایەنگری پرۆسەی چارەسەری “بێ ئۆجەلان”ـە

سەرۆکی گشتیی پارتی ڕیفاهی تورکیا لایەنگری پرۆسەی چارەسەری"بێ ئۆجەلان"ـە

ئەرباکان: ئێمە بە توندی دژی قسکردنی ئۆجەلانین لە پەرلەمانی تورکیادا.

فاتیح ئەرباکان، سەرۆکی گشتی پارتی ڕیفاهی تورکیا، لە چوارچێوەی یادی شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا، “کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی” سازکرد و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی لە سەر پرسەکانی ڕۆژ دایەوە.

یەکێک لەو پرسیارانەی کە لە ئەرباکان کرا:

پرسیار: پێشتر گوتبووت کە ئێوە لایەنگری چارەسەرین، ئێوە چ جۆرە چارەسەرێکتان دەوێت؟ ڕاتان لەسەر داواکەی باخچەلی بۆ دیداری ئیمرالی و ئۆجالان چییە؟

ئەرباکان: ئێمە بە توندی دژی قسەکردنی ئۆجەلانین لە پەرلەماندا. لەگەڵ سەرکردەیەکی ‘تیرۆریست’دا هیچ دانوستانێک ناکرێت.

ئەرباکان گوتی: “کەسێک کە دوێنێ وەک سەرکردەیەکی تیرۆریست و منداڵکوژ ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ وەک دەسەڵاتێکی دانوستاندن دەیبینن. ئێمە بەتوندی دژی بابەتگەلێکی وەک ئازادی ئۆجالان یان هاتنی ئەو بۆ پەرلەمانین. هەنگاوێکی لەو شێوەیە بێڕێزی بە یادەوەری شەهیدەکانمان دەکات و بێدەسەڵاتی و بێچارەیی دەوڵەت و میللەتەکەمان پیشان دەدات. ئەمە بەو مانایە دێت کە، ئێمە 40 ساڵە شەڕمان کردووە و هەوڵمان داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، ئێوە وەرن ڕزگارمان بکەن.

ئەمە ڕێبازێکی قووڵە بۆ ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە پەکەکە تەنها بە بانگەوازی ئۆجەلان چەک دادەنێت. هەروەها بە هێرشکردنە سەر TUSAS لەو ڕۆژانەدا، نیشانیان دا کە هیچ نیازێکیان نیە چەکەکانیان دابنێن.

کێشەی سەرەکی ئێمە هەببوونی پەیەدە و یەپەگەیە. ئەرتەشێکی ‘تیرۆریستی’ لە تەنیشت ئێمە بوونی هەیە، هەموو جۆرە چەک و چۆڵ و کەرستەیەکی سەربازییان هەیە. ئێمە ڕوونمان کردەوە، هەر ئەوە بەسە کە ئەو کەسانەی لە ژێر چەتری پەکەکەدان چەک دانەنێن. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە بە توندی دژی ئازادی ئۆجەلان و مافی هیوای ئەو و قسەکردنی لە پەرلەمانداین”.

“پێویستە خەڵکی ناوچەکە مافی خۆی وەربگرێت”

ئەرباکان دەشڵێت: “ئەو مافانەی کە گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانەوە لێیان زەوتکراوە و دەیانهەوێت، با لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و خەڵک و سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکەوە تاوتوێ بکرێن. قسەکردن لەگەڵ ئۆجەلان و بە موخاتەب وەرگرتنی گونجاو نییە. پێویستە دانوستانێک بکرێت کە زیان بە یەکپارچەیی تورکیا نەگەیەنێت. بە ئازادکردنی بکوژی هەزاران کەسی گەلەکەمان واتە “ئۆجەلان”، دانوستان ناکرێ.

ئەگەر پرۆسەی چارەسەرکردن هەیە با ببێت، ئەگەر دەکرێت با بکرێت. دەبێ خەڵکی ئەو ناوچانە ئەو مافانەیان پێبدرێت کە لێیان زەوت کراوە. با هەموو هاووڵاتییەک مافی یەکسانی هەبێت. “ئێمە لە دانوستان لەگەڵ سەرکردەی ‘تیرۆریستان’دا، داخراوین”.

“باخچەلی دەیهەوێت جارێکی دیکە ئەردۆغان ببێتەوە سەرۆککۆمار”

ئەرباکان: “دوای ئەو مینانەی کە لەلایەن باخچەلیەوە تەقێندرانەوە، لە سۆشیال میدیادا شرۆڤەی جیاواز دەکرێت. باخچەلی ئەم قسانە دەڵێت، بەڵام مینەکە لە ناو دەستی ئەودا دەتەقێتەوە. پێیان وابوو بە هەبوونی سەرۆکێک کە 50 ساڵە لە سایەی وڵات و میللەتەکەیەوە سیاسەت دەکات، دەتوانن خەڵک ڕازی دەکەن.

باوەڕناکەم باخچەلی بەبێ ئاگاداری ئەردۆغان لێدوان بدات و هەنگاو بنێت. پڕۆسەیەکی وایان بە ئەکتەرێکی نەتەوەپەرست دەستپێکرد و بە هاوئاهەنگی درێژەی پێدەدەن. لە لایەکی دیکەوە باخچەلی وتی بۆچی ئەم دەستپێشخەرییەی کردووە و دەیهەوێت جارێکی دیکە ئەردۆغان کاندید بکاتەوە. ئاماژەی بەوەکرد، دەیانهەوێت بۆ دەستەبەرکردنی “50 کۆ 1″، پشتیوانی فراکسیۆنی پارتی دەم (DEM) بەدەستبهێنن. ئەگەر دەرفەتیان هەبێت، دەیانهەوێ بەبێ ڕیفراندۆم، گۆڕانکاریی پێویست لە دەستووردا بکەن. دەیانهەوێت جارێکی تر ئەردۆغان بکەنەوە بە سەرۆک کۆمار”.

کاتێک دەڵێن با “دایکان نەگرین”، لە ڕاستیدا مەبەستی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەبڕن.

“زمانی دایکی مافە”

ئەرباکان بە ئاماژەدان بەوەی کە لەگەڵ کامە ڕێگاچارەسەردایە، ڕایگەیاند: پێویستە ڕێگا بۆ هەموو کەسێک بکرێتەوە کە دەیهەوێت فێری زمانی کوردی ببێت. پێشنیارەکانی خۆی بەم شێوەیە خستەڕوو:

“پەروەردە بە زمانی دایکی مافێکە. زمانی فێرکردن لە قوتابخانە فەرمییەکاندا تورکییە، بەڵام زمانی کوردی دەتوانێت بابەتێکی ئیختیاری بێت یان لە زانکۆ ئەهلییەکاندا بخوێنرێت. پێناسەی هاوڵاتیبوون لە دەستوورەکەماندا نابێت بگۆڕدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتە خۆجێیەکان بەهێز بکرێن. بەم ڕێگایە یەکیەتی و یەکگرتوویی تورکیا شل نابێتەوە و ئەوەش کە زمانی فەرمی ئێمە تورکییە، ناگۆڕێت. زازاکی، ئالبانی، گۆرجی هەن و “ئەگەر هەموو ئەمانە فەرمی بن، ئاژاوە دروست دەبێت”.

پوستێن ھەمان بەش