گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینەیان لەدەست نەچێت، دەبێ بە پەکەکە و لقوپۆپەکانی بڵێن کە ڕۆژئاڤا بەجێبهێڵن.
سوریا دوێنێ ڕۆژێکی مێژویی ئەزموون کرد، دیکتاتۆرییەت دوای 53 ساڵ دەسەڵاتداریی ڕژێمی بەعسی حافز ئەسەد و بەشاری کوڕی ڕووخا. ئۆپۆزسیۆن بە هیوای بنیاتنانی سوریایەکی نوێ دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام هێشتا ڕوون نیە ئەو سیستەمەی کە جێگەی ڕێژیمی ئەسەد دەگرێتەوە، بە چ شێوەیەک دەبێت، چارەنووسی پێکهاتەکانی سووریا و بە تایبەتی چارەنووسی نەتەوەی کورد چی دەبێت، ئایا کورد مافەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت، یان قۆناغێکی دیکەی تاریک لە بەردەمی ڕۆژئاڤای نیشماندا دەبێت؟
لە ڕێکەوتی 27ی نۆڤەمبەری 2024دا، “هەیئەی تەحریر ئەل ـ شام” هێرشەکانی بۆ سەر ئیدلب و حەلەب و تل ڕەفعەت و شەهبا دەستپێکرد و بەخێرایی پێشڕەوییان کرد و شارەکانیان یەک لەدوای یەک لە ڕێژیم وەرگرت. هێرشەکە بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەردەوام بوو و سەرئەنجام لە ڕۆژی یەکشەممە، 8/12/2024، هەیئەی تەحریر ئەل ـ شام، ڕۆشتنە ناو دیمەشق و کۆتاییان بە ڕژێمی ئەسەد هێنا، ئەو ڕژێمەی کە بۆ ماوەی 53 ساڵ بە دیکتاتۆریەت سوریای دەچەوساندەوە و سەرکوتی دەکرد.
کورد و سەرەتای شەڕ لە سوریا
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە ساڵی 2012دا، کوردیش وەک هەموو گەلانی دیکەی ئەو وڵاتە هیوای ئەوە بوو کە بەشیوەیەکی کارا بەشداریی لە شۆڕشەکەدا بکات، بەڵام هەر زوو بێدەنگ و وردوخاش کران. ئەو لایەنەی کە کوردی سەرکوت کرد، ڕێژیمی سووریا نەبوو، بەڵکوو پەکەکە بوو کە بەپێی ڕێککەوتنێکی شەڕی بە وەکالەت، پێش ڕژێمی ئەسەد لەو سەردەمەدا دەستی پێکرد.
پەکەکە لەو سەردەمەدا پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ی دامەزراند و پەیەدە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ڕێککەوتنی کرد. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، حکومەتی سوریا داوای لە پەیەدە کرد کە باکوری سوریای بۆ بپارێزێت. پەیەدە یەکەمجار کوردە ناڕازییەکانی سەرکوت کرد کە دەیانگوت “خەڵک دەیەوێت ئەو فەرمانە لەناوبەرێت” (الشعب یرید، اسقاط النظام) و دواتر بەرگریی لە بەرژەوەندیی ڕژێمی ئەسەد لە ڕۆژئاڤای کوردستان کرد، واتە “شەڕی بە وەکالەت”ی بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد بەڕێوەدەبرد.
ڕادەستکردنی ڕۆژئاڤا بە ڕێژیم
پەیەدە و باڵە سەربازییەکەی واتە “یەپەگە”، بە دەستپێکردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014دا، هەر زوو چووە گۆڕەپانی شەڕ و بەشێوەیەکی بێ وێنە جەنگا، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێژیمی ئەسەد سوودمەندی یەکەمی ئەو ئازایەتی و قارەمانەتیە بوو.
یەپەگە و هەسەدە ناوچەکانی وەک عەفرین، منبج، ڕەققا، تەبقا، کۆبانێ، گرێ سپی، عەین عیسا، سەرێ کانی، حەسەکە، قامشلۆ، هەروەها دربێسیێ، شەدادیە و دەیان شارۆچکەی دیکەیان ئازاد کرد. لە ئەنجامدا 11 هەزار شەڕڤان شەهید و 24 هەزاری دیکەش بریندار بوون، زۆربەیان کچان و کوڕانی لاوی کورد بوون. دەرئەنجامی ئەم قوربانیدانەش دامەزراندنی کانتۆنەکان و پاشان بەڕێوەبەریی خۆسەر بوو. بەڵام ئەو هەوڵانە نەبوونە هۆی دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردی بە ناوی ڕۆژئاڤا کوردستانەوە.
دوای 7 ساڵی زۆر خوێناوی شەڕی تیرۆر، پەیەدە شەڕە بە وەکالەتەکەی کۆتایی پێهێنا و “رۆژئاوای کوردستان”ی ڕادەستی خاوەنەکانی خۆی واتە ڕژێمی سووریا کرد.
پەیەدە کە تاکە پارتی دەسەڵاتداری ڕۆژئاڤایە، لە ماوەی ساڵانی کار و خەبات و تێکۆشانی خۆیدا، هەموو پارت و بزووتنەوە نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزەکانی دوورخستنەوە، هەرچەندە سەرکردایەتی باشووری کوردستان لەو سەردەمەدا، بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی، بە ڕێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک، هەوڵیدا کە هاوپەیمانەتی و یەکڕیزی و یەکێتی حزب و لایەنەکانی ڕۆژئاڤا پێکبهێنن، بەڵام پەیەدە ڕێکەوتنەکانی پێشێل کرد و تاکلایەنانە ڕۆژئاڤای بەڕێوەبرد. بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل بەسەر “پەیەدە”دا زاڵ بوو، هەربۆیە ئەوە نیشانەی زەنگی مەترسیی لەناوچوونی ڕۆژئاڤا بوو.
ڕێککەوتنی ساڵی 2019ی نێوان پەیەدە و ڕێژیمی ئەسەد
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا لە 9ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019دا، هەسەدە بڕیاریدا ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بکات. ڕێککەوتنەکە کرا، بەڵام دەسپێکی قۆناخێکی هەرە خراپ بوو لە ڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە، واتە دەسپێک و سەرەتای لەناوچوون بوو.
پشتگەرمیی پەیەدە بە پەکەکە و وەرگرتنی فەرمان لە قەندیل، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی تورکیا بچێتە ناو ڕۆژئاوای کوردستانەوە، ئەگەر پەیەدە تێنەدەگەیشت کە بەرزکردنەوە و بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ئۆجەلان، دەوڵەتی تورک ئیستیفزاز دەکات و بیانوو بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا دروست دەکات، بەڵام باش لەوە تێدەگەیشت کە تورکیا دەچیتە ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە وداگیری دەکات.
سوپای تورکیا بە بیانووی دامەزراندنی “ناوچەی ئەمنی” هێرشە داگیرکارانەکەی بۆ سەر ڕۆژئاڤا دەستپێکرد، هەر زوو هەسەدە هەستی بە ترس کرد و پەنای بۆ ڕژێمی ئەسەد برد. دوای 5 ڕۆژ لە هێرشەکەی 12ی ئۆکتۆبەری 2019، بەرپرسانی هەسەدە و حکومەتی سوریا کۆبوونەوە. ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە ڕێککەوتنێک بوو بۆ گەڕانەوەی “ڕۆژئاوای کوردستان” بۆ ڕێژێمی سووریا.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و ڕێژیمی سوریا:
– ئەرتەشی سووریا لە هەموو ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و سووریا جێگیر بکرێن.
– سوپای سوریا دەچێتە ناو شارەکانی کۆبانێ و منبج.
– سوپای سوریا دەچێتە ناو تەبقا و هەروەها بەنداوەکانی فورات و مەنسوورە کە دەکەونە سەر ڕووباری فورات لە ڕەققا.
– کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزوور ڕادەستی سوریا دەکرێن.
– سوپای سوریا داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) کرد، قامیشلۆ ڕادەست بکات.
– هەسەدە ڕازی بووە بەوەی کە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێژیم بەڕێوەببرێن.
بەم ڕێکەوتنە ئیتر ڕۆژئاڤای کوردستان وەک قەوارەیەک سەیر نەکرا، ئەمەش لە ڕووی سەربازییەوە لەدەستدانی ناوچەکە بوو، هەروەها لە ڕوووی سیاسیشەوە گەڕانەوە بوو بۆ سەرەتای شۆڕشی سوریا و ساڵی 2012. پەکەکە بەم شێوەیە یاری بە خوێنی 11 هەزار ڕۆڵەی کورد کرد.
چارەنووسی هاوپەیمانەکانی ئەسەد لە سووریای نوێدا چی دەبێت؟
لەو شەڕی 11 ڕۆژەیەدا کە لە ئەنجامدا ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لێکەوتەوە، هێزە کوردییەکان ڕۆڵیان بینی، پەیەدە، یەپەگە، هەسەدە و فەرماندەکەی مەزڵوم عەبدی لە نێوان شەو و ڕۆژەکاندا هەڵویستیان گۆڕی. مەزڵووم عەبدی کە لە ساڵی 2019دا گوتی چارەنووسی ئێمە و ئەرتەشی بەشار ئەسەد یەکێکە و دەمانەوێت هەسەدە تایبەتمەندییەک لە پێکهاتەی سوپای ئەسەد وەربگرێت، دوو ڕۆژ لەوەپێش بۆ یەکەمجار گوتی بەشار ئەسەد دیکتاتۆرە!.
چەکدارانی تەحریر ئەلشام لە شەڕی 11 ڕۆژەدا، هەرچەندە لەگەڵ هەسەدە پێکدادانێکی لەو شێوەیەیان نەبووە، بەڵام هەمیشە هەسەدەیان بە خیانەت و ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد تۆمەتبار کردووە، ئەمە هیچ نیازێکی باشی لەگەلدا نیە. ساڵح موسلیم دوێنێ لە میدیاکانی پەکەکە دەرکەوت و لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا ستایشی ئۆپۆزسیۆنی سوریای کرد. سەرەڕای ئەم هەڵوێستە ناجێگیرەش، هێشتا بە ڕوونی دیار نییە کە بە ڕووخانی ئەسەد، دۆخەکە لە سووریا و ڕۆژئاڤای کوردستاندا بەرەو کوێ دەڕوات و ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، چ جۆرە هەڵسوکەوتێکی لەگەڵ باڵەکانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا دەبێت.
بۆیە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینەیان لەدەست نەچێت، دەبێ بە پەکەکە و لقوپۆپەکانی بڵێن کە ڕۆژئاڤا بەجێبهێڵن، دەست لە ئیدارەی تاکلایەنانە و دوژمنایەتیی حیزبە کوردستانی و نیشتمانپەروەرەکان هەڵبگرن. ئیدی دەبێ هەموو حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان وێکڕا کار و خەبات بکەن بۆ ئەوەی لە سوریای نوێدا مافەکانی نەتەوەی کورد دەستەبەر بکەن. نابێ ڕێگا بە قەندیل و جەمیل بایک بدەن کە دەڵێن پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد مێژووییە، جارێکی دیکە چارەنووسی ئەم بەشەی کوردستان لەناو ببەن. پێویستە کورد کۆببنەوە و بە پەکەکە بڵێن ئیدی بەسە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ئەردۆغان چەند ڕۆژ لەوەپێش هەڕەشەی کرد و گوتی ڕێگە نادەن پەکەکە سوود لەو دۆخە نوێیەی سووریا وەربگرێت.