عەبدوڵڵا ئۆجەلان: “پەیامەکانی پەیوەست بە رۆژانی داهاتوو بە رێزەوە دەنێرم”.
ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) سڵاوێکی بۆ کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی حزبەکەی هەنارد و ڕایگەیاند: “پێشوازی لەو بڕیارە مێژووییە دەکەم”.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13/5/2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: سڵاو لە بڕیارەکانی 12یەمین کۆنگرەیی مێژوویی دەکەم و پەیامەکانی پەیوەست بە ڕۆژانی داهاتوو بە ڕێزەوە دەنێرم.
ڕۆژی دووشەممە، 12/5/2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەمشێوەیە:
“هەڤاڵانی بەڕێز، بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی عەلی حەیدەر قەیتان و رەزا ئاڵتوونم بیست.
یادەوەریی هەردوو هاوڕێ بەرز دەنرخێنم و بە رێزێکی زۆرەوە یادیان دەکەمەوە.
لە تێکۆشانی بوونی نەتەوەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، شوێنییان هەمیشە دیارە.
بۆ پارادایم و سیستمی سەردەمی نوێ، وەک بەها بنەڕەتییەکانی ئیلهام بەخش، ئەوان تا هەتایە رۆڵی خۆیان دەگێڕن.
لە تێکۆشانی ئێمەدا وەک رێبەری هەمیشەیی، بوونی خۆیان دەپارێزن.
بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە بڕیارەکانی 12یەمین کۆنگرەی مێژوویی دەکەم و پەیامەکانی پەیوەست بە رۆژانی داهاتوو بە رێزەوە دەنێرم”.