میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگرتەی تورکیا، 2 کچی کوردیان ڕفاندووە و بۆ ئازادکردنی یەکێکیان داوای 150 هەزار یۆرۆ فدیە دەکەن

میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگرتەی تورکیا، 2 کچی کوردیان ڕفاندووە و بۆ ئازادکردنی یەکێکیان داوای 150 هەزار یۆرۆ فدیە دەکەن

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئاڵمانیا داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کردووە کە دەستبەجێ دەستوەردان بکەن.

دوو کچە گەنجی کورد کە یەکێکیان ڕەگەزنامەی ئەڵمانی هەیە، لە سەر ڕێگای “دێرحافیر”دا لەلایەن میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیاوە ڕفێندراون. ئەوەش زانراوە کە یەکێکیان لە عەفرین بە دیل گیراوە و بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت، داوای بڕی 150 هەزار یۆرۆ فدیە دەکەن، بەڵام چارەنووسی کچەکەی دیکە تا ئێستا نادیارە.

ڕووداوەکە لە ڕێکەوتی 13ی ئەیلولی 2025 لەسەر ڕێگای حەلەب ـ قامیشلۆ، نزیک شارۆچکەی “دێر حافیر” ڕوویداوە. “هەیفا عادل تەیار” تەمەن 25 ساڵ، خەڵکی ناوچەی کۆبانێ و نۆرمان جەلال سەرحان، تەمەن 30 ساڵ، خەڵکی “دێرک”ـە و ڕەگەزنامەی ئەڵمانیای هەیە، لەلایەن میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی دەوڵەتی تورکیاوە ڕفێندراون.

شوێنی دەستبەسەرکردنی نۆرمان لە عەفرین ئاشکرا کراوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی چالاکوانان بڵاویان کردۆتەوە، یەکێک لە ڕفێندراوەکان بەناوی “نۆرمان سەرحان”، لە ئێستادا لە ناوچەی “شیێ”ی عەفرین لەلایەن میلیشیا داگیرکەرەکانی گرووپی ناوی “ئەمشات”ـەوە بە دیل گیراوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە ڕفێنەرەکان بۆ ئازادکردنی نۆرمان داوای بڕی 150 هەزار یۆرۆ فیدیەیان کردووە.

بنەماڵەی نۆرمان پشتڕاستیان کردۆتەوە کە زەختی میدیاکان و فشاری ڕای گشتی بۆ ئاشکراکردنی شوێنی کچەکەیان، یارمەتیدەر بوون. بەڵام ئەو خێزانە هەڕەشەیان لێ کراوە و بە درۆ وەک ئەندامی “هەسەدە” دەستنیشان کراون.

لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی “هەیفا عادل تەیار” لەبەردەستدا نییە و خێزانەکەی لە نیگەرانییەکی زۆردان.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی تورکیا بە بەرپرسیار دەزانن

ئەم ڕووداوە کاردانەوەی توندی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە. لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، میلیشیاکانی وەک “هێزی هاوبەشی ئەمشات و هەمزات” و “سوڵتان موراد”ی بە بەرپرسی ڕفاندنەکە ناوبردووە. ڕێکخراوەکە تورکیای بە دەسەڵاتێکی داگیرکەری بەرپرسیار لە ئاسایشی ناوچەکە زانیوە و داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە فشار بخەنە سەر تورکیا.

جگە لەوەش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و بەتایبەتی تیشکی خستۆتە سەر “نۆرمان سەرحان”، کە هاوڵاتییەکی ئەڵمانییە. ڕێکخراوەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کردووە کە دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر وەڵام نەدرێتەوە ئەوا دۆسیەکە بەرەو ئاستی نێودەوڵەتی بەرز دەکەنەوە و سکاڵا بۆ لای حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا و دادگا نێودەوڵەتییەکان دەبەن.

پوستێن ھەمان بەش