33 ساڵ بەسەر تیرۆرکرانی “دوکتور سادق شەرەفکەندی”دا تێپەڕبوو

33 ساڵ بەسەر تیرۆرکرانی"دوکتور سادق شەرەفکەندی"دا تێپەڕبوو

PWK: بە ڕێزەوە یادی دکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی بەرز ڕادەگرین و دەوڵەتی ئێران شەرمەزار دەکەین.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بە بۆنەی سی و سێهەمین ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێکانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە. PWK  لە پەیامەکەیدا دەوڵەتی ئێرانی لەسەر ئەو “کۆمەڵکوژییە سیاسییە” شەرمەزار کردووە و ڕایگەیاندوە کە ناتوانرێ بە کوشتنی ڕێبەرانی کورد، ڕێگری لە دۆزی ڕەوای ئازادیی گەلی کورد بکرێت”.

دەقی پەیامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی PWK:

دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە 17ی ئەیلولی ساڵی 1992دا، لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لەگەڵ فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری “پەدەکە-ئێران” و هۆمایوون ئەردەڵان، نوێنەری پەدەکە-ئێران لە ئەڵمانیا و نووری دێهکوردی، دۆستی پەدەکە-ئێران، بە فەرمانی ڕێژیمی ئێران و لەلایەن سیخوڕەکانی دەوڵەتی تارانەوە تیرۆر کران.

ئێمە جارێکی تر دەوڵەتی ئێران لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە سیاسییە ڕووڕەش و شەرمەزاری دەکەین.

دەوڵەتی ئێران بە لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیەکانی، بە تیرۆرکردنی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملۆ و هاوڕێکانی و بە تیرۆرکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، نەیتوانیوە کە ڕێگری لە دۆزی ڕەوای ئازادی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات.

ئەو ئاڵایەی کە لە کاتی ڕاگەیاندنی “کۆماری کوردستان” لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد هەڵکرابوو، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە دەستی خەباتگێڕان و زەحمەتکێشان و تێکۆشەرانی ڕێبازی ئازادیی کوردستانەوە دەشەکێتەوە.

لە 33هەمین ساڵەی شەهیدبوونی ئەو پاکڕەوانانەدا، ئێمە بە ڕێزەوە یادی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەرز ڕادەگرین.

پوستێن ھەمان بەش