ڕاپۆرتەکەی PSK لەژێر ناونیشانی “چارەسەرکردنی پرسی کورد بە میتۆدێکی سیاسی و یەکسانیخوازانە مومکینە” ئامادەکراوە.
شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK) بە سەرۆکایەتی بایرام بۆزیەل سەرۆکی گشتیی پارتەکە، سەردانی بارەگای گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)یان لە ئەنقەرە کرد.
شاندەکە لەلایەن تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی و بەڕێوەبەرانی ئەو حیزبەوە پێشوازیی لێکرا و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چارەسەری پرسی کورد و ئەگەری دەستوورێکی بنەڕەتی نوێ کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەسەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە 17ی ئەیلول بەڕێوەچووە، بیروڕا لەبارەی چارەسەری پرسی کورد و بارودۆخی ڕۆژئاڤای کوردستانی و پرۆسەی سیاسی تورکیا و پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کراوە. بە تایبەتی ئەگەری ئامادەکردنی دەستوورێکی بنەڕەتی نوێ کە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لەخۆ بگرێت، تاوتوێ کراوە.
لە میانەی سەردانەکەدا، بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پەسەکە ڕاپۆرتێکی ئامادەکراوی پارتەکەیانی پێشکەش بە بەرپرسانی دەم پارتی کردووە کە بۆچوونەکانی ئەوحیزبەی سەبارەت بە چارەسەری لەخۆگرتووە. ڕاپۆرتەکە لەژێر ناونیشانی “چارەسەرکردنی پرسی کورد بە میتۆدێکی سیاسی و یەکسانیخوازانە مومکینە” ئامادەکراوە.
شاندەکەی پەسەکە لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتی، حەسەن داگتەکین و جەلال یەڵدز، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و عەلائەدین ئاراس و هایدار جیهانەر، ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو حیزبە پێکهاتبوو.
پەسەکە ڕایگەیاندووە کە سەردانەکانیان سەبارەت بە تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی پرسی کورد، لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام دەبێت.