هەسەدە لە گوندەوارەکانی ڕەققا 5 تیرۆریستی داعش دەستگیر دەکات

هەسەدە: ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە تیرۆریستانی داعش تا مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە، بەردەوام دەبێت.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شانەیەکی تیرۆریستانی داعشیان لە گوندەوارەکانی ڕەققا لەناوبردووە و 5 ئەندامی ئەو شانەیان دەستگیر کردووە.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1ی نۆڤەمبەر لە شارۆچکەی “تل ئەل سەمن” لە باکووری شاری ڕەققا بەڕیوەچووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا 5 تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون کە 3 کەسیان پلەی ئەمیر (سەرچەتە)یان هەبووە. ئەو ئەمیرانەی داعش، ڕۆڵیان لە پیلاندانان و ئەنجامدانی هێرشەکان لە دژی خاڵە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤادا هەبووە.
هەسەدە جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە دەرئەنجامی “هەماهەنگی بەرز”ی نێوان یەکەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرنەگاربوونەی داعش بووە. هەروەها بەڵێنیشی دووپات کردۆتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی شانەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی ئاسایشی ناوچەکە بەتەواوی مسۆگەر دەکرێت.