ئاشکرابوونی ناسنامەی پۆلێکی دیکە لە گیانلەدەستداوە شاراوەکانی چیای مەتینا

پەکەکە: “ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد و ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد”!.
پەکەکە ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە ساڵێک لەوەپێش لە چیای مەتینا لە باشووری کوردستان بەکوشتنی دابوون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی دووشەممە 10/11/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە سیانیان کچەگەریلا بوون و لە ڕێکەوتی 30ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا لە چیای مەتینا لە باشووووری کوردستان لە لایەن دەولەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
پەکەکە وەکوو زۆرێک لە گەریلاکانی دیکەی، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو پۆلە گەریلایەشی زیاتر لە ساڵێک شاردبۆوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ ئەمیرجان حەجی، خەڵکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان.
2ـ زیلان ئەسفەت، خەڵکی قەیسەری لە باکووری کوردستان.
3ـ حەسیبە فاتع، خەڵکی مووش لە باکووری کوردستان.
4ـ زیدان نەسروڵڵا، خەڵکی ئامەد لە باکووری کوردستان.
5ـ لوقمان مەتین، خەڵکی شێرناخ لە باکووری کوردستان.
پەکەکە لە وەسفی ئەو پۆلە گەریلایشدا دەڵێت ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد و ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد!.
لەکتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەمالەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.