ڕۆیشتنی کۆمیسیۆنەکەی پارلمانی تورکیا بۆ ئیمرالی و کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان، چ واتایەکی هەیە؟

ئۆجەلان دەتوانێ چ ڕۆڵێک لە سووریا بگێڕێت؟ ئایا دەتوانێت لەناو باوەشی دەوڵەتی تورکدا، شتێکی باش بۆ کورد بکات؟
لە رێکەوتی 25ی ئەم مانگەدا، کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی پارلمانی تورکیا، چووە ئیمرالی و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە. نزیکەی سێ مانگ مشتومڕ لە باکووری کوردستان و تورکیا لەسەر ئەم بابەتە بوو: “ئایا دەبێ کۆمیسیۆن بچێتە ئیمرالی و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە یان نا؟”
تەوەری سەرەکی مشتومڕەکە بریتی بوون لە: “ئایا دەبێ کۆمیسیۆن بچێتە ئیمرالی یان نا؟ ئۆجەلان چی گوت؟ ئۆجەلان پەیامی بۆ کامە دامەزراوەیە هەنارد؟ ئۆجەلان سەبارەت بە یەپەگە چیی گوت؟”
ئەم بەناو پێڤاژۆیە ماوەی ساڵێکە بەردەوامە. سەرەڕای ئەمەش پرسگەلێکی وەک جێگای کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا چی دەبێت، زمانی کوردی، مافەکانی کورد بۆ سەروەت و سامانی ناوخۆ و سیستەمی ئیداری، نە لە ڕۆژەڤی کۆمەڵگەی باکووری کوردستاندان و نە لە کارنامەی ئۆجەلان و پەکەکەی هەڵوەشاوە و پارتی دیموکراتی گەلان (DEM)، ئاکەپە، مەهەپە، یان هەر ڕێکخراوێکی سیاسی دیکەی تورکیاشدا نیە. بە واتایەکی تر کەس ناپرسێت ئەرێ چارەنووسی 40 ملیۆن کورد چی بەسەر دێت؟
ئایا بەڕاستی سەردانەکەی کۆمسیۆن بۆ ئیمرالی، ئۆجەلان دەکات بە موخاتەب؟ ئەم بابەتەی کۆمسیۆن دەبێ چۆن لێکبدرێتەوە؟
دەورووبەری ئۆجەلان، واتە پەکەکەی هەڵوەشاوە و پارتی دیموکراتی گەلان (DEM)، سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمرالی بە سەرکەوتوو دەزانن و وەک “دەوڵەت ئۆجەلانی وەک موخاتەب قبووڵ کردووە و ئەوان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە”، دەخەنە بەر دیدی خەڵک و پێشکەش بە ڕای گشتیی دەکەن.
بارودۆخەکە بۆ دەوڵەتی تورکیاش هاوشێوەیە. هەروەها دەوڵەتی تورکیش پێی وایە سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە. بەڵێ، هەندێک لە بازنەی کەمالیست-ئەرگەنەکۆن دژی سەردانەکەی کۆمیسیۆن بوون بۆ ئیمرالی، چونکە بە سەرکەوتنێک بۆ ئەردۆغانیان دەزانی. لە ڕاستیدا باخچەلی و ئەردۆغان خاوەنی سەرەکی “پرۆسەکەن” و بەم سەردانە دڵخۆشن.
ئەردۆغان هەرچەندە وەک باخچەلی لەبەردەم ڕای گشتیشدا دەرنەکەوت، بەڵام سوودی لەم پرۆسەیە وەرگرت. ئەردۆغان ئەم پڕۆسەیەی وەک دەرفەتێک بەکارهێنا بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر جەهەپە و ئیمامئۆغڵو و لە گۆڕەپانی سیاسی دووریان بخاتەوە. جەهەپە بە نەچوونە ئیمرالی خۆی لە دەنگی کورد دوور خستەوە. بەڵام باخچەلی ئەوەندە تامەزرۆ بوو کە بچێتە ئیمرالی، گوتی ئەگەر کۆمیسیۆن نەڕوات “من بۆخۆم سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و دەڕۆم”.
پرسیارێکی سادە: پێت وایە دەوڵەتمەدارێکی ڕاستەقینەی وەک باخچەلی بێ ئەوەی بزانێت ئۆجەلان چی دەڵێت، پێداگری لەسەر چوونی کۆمیسیۆنەکەی پرلمان بۆ ئیمرالی دەکات؟ مەحاڵە. پێشتر بڕیاردرابوو کە ئۆجەلان چی بڵێت و ئۆجەلانیش هەر ئەوەی گوت.
هەرکەسێک کەمێک لەبارەی دەوڵەتی تورکیا و مێژووی پەکەکە بزانێت، دەتوانێت ئەم ڕاستییە ببینێت.
ئایا سەردانەکەی کۆمسیۆن بۆ ئیمرالی ئۆجەلان دەکاتە موخاتەب؟
دەوڵەت هەرگیز کێشەی ئەوەی نەبووە کە ئۆجەلان بە موخاتەب وەربگرێت و هەرگیزیش کێشەی نابێت. چونکە لە ڕاستیدا دەوڵەت ساڵانێکە هەوڵی ئەوە دەدات کە ئۆجەلان بکاتە تاکە موخاتەبی خۆی. پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان هەرگیز نەپچڕاوە.
لە دوای ساڵی 1986دا ئۆجەلان لەگەڵ بەرپرسێکی سەربازیی تورکیا، لە دیمەشق لە یەک باڵەخانە دەژیان.
ساڵی 1996 کاتێک باڵێکی ناو دەوڵەتی تورکیا هەوڵی تیرۆرکردنی ئۆجەلانیان دا، مەسعوود یەڵماز، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا پەیامێکی بۆ ئۆجەلان نارد و گوتی، “هەوڵی تیرۆرکردنت هەیە، ئاگاداری خۆت بە”.
دەتوانین ئەم لیستە درێژ بکەینەوە. بۆچی ئەمانەتان وەبیر دەهێنینەوە؟ چونکە دەوڵەتی تورک هەرگیز کێشەی لەگەڵ پرسی دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا نەبووە. ئەو کەسەی کە بۆخۆی پارێزگاری لە ژیانی دەکات، بە دڵنیاییەوە بە موخاتەبیشی وەردەگرێت. ئەمە لاوازی دەوڵەت نییە، بەڵکوو سەرکەوتنی بەرنامە ستراتژییەکەیەتی. ئەم دەوڵەتە ساڵانێک کاری کرد و هەوڵیدا بۆ ئەوەی کە ئۆجەلان وەک تاقانە سەرۆکی کورد دەستنیشان بکات.
ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا لە ئیمرالی بە حەسەن ئاتیلا ئوغور فەرماندەی سوپای تورکیای گوت: “من پرۆکسیم، بەکارم بهێنن، لە هەموو شوێنێک ڕێگە بۆ تورکیا دەکەمەوە”. بەمەش ڕازی نەبوو، وتی: “وەرن با پێکەوە هەولێر بگرین، من شوانێکی “هەکاری”ش فێری زمانی تورکی دەکەم”. ئۆجەلان بەهۆی بەڵێنەکانیەوە لەسێدارە نەدرا. دەوڵەتی تورکیا ئۆجەلانی دانابووە سەر هێلکە و ئێستا دەیهەوێت بەرهەمەکەی بچنێتەوە. ئەوان ئەرکیان بە ئۆجەلان داوە کە ڕێگری لە ڕزگاریی ڕۆژئاوای کوردستان بکات و داوای لێدەکەن ئەو ئەرکەی جێبەجێ بکات. بۆ ئەمەش هەرچییەک پێویست بێت، دەکرێت.
سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمرالی لە 24ی ئەم مانگەدا نمایشێکی گشتی پەیوەندیدار بە “مودیری پڕۆژە ـ بەڵێندەر”ی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکە، کە لە ژێر پەردەی نوێدا و بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیا مامەڵە دەکات.
ئەو موخاتەب نییە… ئەو ئۆجەلانە، بە ئەرکی ئامۆژگاریکردنی دەوڵەت هەڵدەستێت. بۆ ئەوەی کورد ئەنتەگرەی دەوڵەتی تورک بکات، وەکوو موخاتەبێک پێشکەش بە کوردان دەکرێت.
مەسەلەکە ڕۆژئاڤایە. لەم نێوەندەدا ئۆجەلان ئەنتەگراسیۆن وەک تاقانە ڕێگا بەسەر یەپەگە لە ڕۆژئاڤا دەسەپێنێت. بەگوێرەی تێگەیشتنی ڕای گشتی، ئۆجەلان بە کۆمسیۆنەکەی ڕاگەیاندووە، “دەمهەوێت لە سووریا ڕۆڵ بگێڕم”.
ئۆجەلان دەتوانێ چ ڕۆڵێک لە سووریا بگێڕێت؟ ئایا دەتوانێت لەناو باوەشی دەوڵەتی تورکدا، شتێکی باش بۆ کورد بکات؟ نەخێر، ئەوە تەواوی مەسەلەکەیە.
کورد نابێت باوەڕ بەو گێڕانەوەیە بکات کە ئۆجەلان وەک موخاتەب هەژمار دەکرێت. ئەوەی مرۆڤ لێی دڵخۆش دەبێت ئەوەیە، کاتێک کارتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشرێنەوە، پێویستە ئۆجەلان بێتە پێشەوە و بڵێت “من زیندانیم، مەرجەکانم سنووردارە، ئێوە لە دەرەوەن، بەرژەوەندییەکانتان گرنگن، هاوپەیمانی گەورە دروست بکەن، لەگەڵ هەمووان گفتوگۆ بکەن، ئێوە بڕیار بدەن، ئێوە موخاتەبن”.
ئۆجەلان تەواو پێچەوانەکەی کردووە، لەناو باوەشی دەوڵەتی تورکدا “پەکەکەى هەڵوەشاندەوە، پارتى دەمى بێکاریگەری کردووە و ئێستاش نۆرەى ڕۆژئاڤایە”. ئۆجەلان دەیهەوێت ببێتە زەلامی تاقانە و لەپێناو ئەم ئامانجەشیدا، بە بێ دوودڵی دۆزی کورد دەکاتە قوربانی.
ئەگەر کورد زیاتر ئاگاداری ئەو بابەتانە نەبێت، بە بابەتی ڕۆژنامەکان وەک “ئۆجەلان چی بە کۆمیسیۆن گوت و چی نەگوت، کێی بینی و کێی نەبینی و هتد…”، ڕای گشتی سەرقاڵ دەکرێت. هەتا ئەو کاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەرکەسێک سوواری ئەسپ ببێت، زووتر بە ئامانجەکەی خۆی دەگات.