فەلسەفەی ڕەش: کاتێک خوێن دەبێتە حبری دانوستاندنەکان

فەلسەفەی ڕەش: کاتێک خوێن دەبێتە حبری دانوستاندنەکان

ئۆجەلان دەیهەوێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە سەروەری وەهمێکە و سنوورەکان تەنیا ئەفسانەن و خوێن تەنیا “مێتافۆرێکی ئەدەبی”یە.

خوێندنەوەیەک بۆ تۆمارەکانی تێلەکۆنفڕانسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەرپرسانی پەکەکە لە 25ی ئایاردا؛ وەرن با پێکەوە سەیری دیمەنێک بکەین کە مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەکات.

دیمەنێک لە شانۆنامەی “عەبەس” Absurd کە لەسەر سەحنەی شانۆیەکی سیاسی پێشکەش دەکرێت.

شۆڕشێک… کە دوێنێ بە دروشمی “یان کوردستان یان نەمان” دەستی پێکردبوو، ئەمڕۆ لە ژوورێکی تاریک و داخراودا لەژێر چاوەدێری کامێرایەکی سارد و لە بێدەنگییەکی کوشندەدا کۆتایی هات.

لەوێ، سەرکردەیەک لەبری ئەوەی باسی “سەربەخۆیی” بکات، خۆی سەرقاڵی ڕوونکردنەوەی “سەردەمی دوای دەوڵەت” و “کۆتایی سەردەمی نەتەوەکان”ـە، دەکات.

شرۆڤەکە لە ژێر سایەی ئەفسەرێکی هەواڵگریی تورکیادا تیۆریزە دەکرێت و لە کاتی ئەو شرۆڤەکردنەدا، ئەفسەرەکەی دەوڵەتی تورک بە چاوی زەق و کەیفخۆشییەکی شاراوەوە، تێبینیەکان تۆمار دەکات.

ئەوانەی دوێنێ لە چیاکان پێشەنگایەتی بەرخۆدانیان دەکرد، ئێستاکە لە بێدەنگیی گۆڕستانیدا، تەنها گوێ دەگرن، وەک بێدەنگی ئەو فەیلەسوفانەی کە لەبەردەم دانپێدانانێکی پڕ لە ئازاردا، چۆکیان دادا.

لێرەدا فەلسەفەی ڕەش لەدایک دەبێت.

لەناکاو؛ (دۆزەکە ئیدی دۆزی خاک نیە، دۆزی خوێن نیە، دۆزی زمان و مێژووش نییە)، بەڵکوو دۆزەکە بووەتە پرۆژەیەکی ئەبستراکت (تەجریدی).

ئەم پرۆژەیە بۆ چاکسازی لە دەوڵەتێکدا دانراوە کە تەنها شێوازی تەعاموڵەکەی گۆڕیوە، دەنا لە بنەمای ڕق و کینەی دەوڵەت بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، هیچ نەگۆڕاوە.

هیگڵ دەڵێ: کاتێک شۆڕشێک نەیتوانی بەردەوامیی هەبێت بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەی بگات، ئەو شۆڕشە دان بە شکستهێنانەکەیدا نانێت، بەڵکوو پێناسەی شکستهێنان دەگۆڕێت (بێهیوابوون دەبێتە حیکمەتی سیاسی، خوێنی شەهیدان دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی دیموکراتیک و گۆڕ دەبێتە کەرەستەی شرۆڤەکردنی کۆمەڵایەتی).

ئێستا پارتی کرێکاران و شەخسی ئۆجەلان لەبەردەم کۆپییەکی سیاسی لە شانۆگەرییەکی بێمانادان.

مەکینەی ڕاگەیاندنی پارتی کرێکاران زۆر بە خێرایی و بە پەلە کەوتۆتەکار بۆ ئەوەی ئەم شانۆگەرییە بێمانایە بۆ حیکمەت و ژیرییەکی هزری و مۆدێرن و پڕ لە زانین، بگۆڕێت.

بەڵام شتێک لەم ڕاگەیاندنەدا نابیندرێت، ئەویش ئەو ڕاستیەیە کە نەتەوەی کورد بێ دەوڵەتە و مافی سەربەخۆیی هەیە. ئەمەش نوێترین کۆمیدیای ڕەشی پڕ لە هاوار و فرمێسک و گریانە.

ئەوەی ئێستا پەکەکە و ئۆجەلان بۆخۆیان پێهەستاون تا دروستی بکەن، پێی دەوترێت (شەهیدی پۆست ـ مۆدێرن).

جاران گەنجێکی کورد چەکی لە شان دەکرد، دەستی دایکی ماچ دەکرد و دەیگوت: “دایە من دەچم کوردستان ئازاد دەکەم”.

بەڵام لەم فەلسەفە “پۆست ـ مۆدێرن”دا، ئەو گەنجە دەبێت بچێتە شاخ، لەناو بەفر و سەرما و برسێتیدا، خەبات بکات… نەک بۆ ئازادی کوردستان! نەخێر، بەڵکوو دەبێت خەبات بکات بۆ ئەوەی تورکیا و عێراق و ئێران و سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیزە ببن. (کەرەکە مەمرە بەهارە، چووزەی کەما دیارە).

واتە: ئێمە خوێن دەدەین، نەک بۆ ئەوەی کە لە زیندان دەربچین، بەڵکوو بۆ ئەوەی دیوارەکانی زیندان جوانتر بکەین و زیندانوانەکانمان “مۆدێرن”تر بکەین!

چەکی دوژمن “ڕاستەقینە”یە، بەڵام چەکی ئێمە “خەیاڵی”یە.

سەیرکەن… کاتێک فڕۆکەی دوژمن – کە نوێنەرایەتی “دەوڵەت” دەکات – بۆردومانمان دەکات، ئەو بۆمبانە ڕاستەقینەن، گۆشتمان دەبرژێنن.

بەڵام کاتێک ئێمە باسی “دەوڵەتی خۆمان” دەکەین، فەیلەسوفەکانمان بە پاکیەکی فیکرییەوە هەڵدەستن و دەڵێن: “نا نا… ئارەزووی دەوڵەت دەبێتە کەرەستەیەک بۆ لەناوبردنمان، دەوڵەت زیندانە، با ئێمە وەک ئەوان نەبینە خاوەن دەوڵەت”.

باشە ئۆجەلان بۆچی دەوڵەت بۆ تورک و فارس و عەرەب پێویستییەکی پیرۆزە و پاراستنی دەولەتی ئەوان ئەرکە، بەڵام هەرکاتێک نۆرەی هاتە سەر کورد، دەوڵەت دەبێتە “بتێکی خراپە و دەبێت بیشکێنین”؟

ئایا ئەمە زاهیدبوونی سۆفیانەیە، یان تەڵەکەبازیی ڕیویانەیە؟

ئێستا لەگەڵ جۆرە پێشکەوتنێک بەرەوڕووین کە پێی دەوترێت “سێندرۆمی ستۆکهۆڵم”؛ ئێمە تووشی سێندرۆمی فەلسەفی هاتووین.

سێندرۆمی فەلسەفی: کاتێک قوربانی هەڵدەستێت و هەوڵی شکاندنی زنجیرەکان دەدات، نووسەرێکی جیهانی دێت و کتێبێک لەسەر زیانەکانی شکاندنی زنجیرەکانی قوربانیدەر دەنووسێت و بە زمانێکی ئەدەبی جوان بەڵام بێ ڕۆح دەڵێت: مافی چارەنووس لە هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا نییە، بەڵکوو لە هەبوونی خودادایە.

هەروەک ئەوەی کە بە هەژارێکی بێ ماڵ و حاڵ بڵێی: خەمی نەبوونی ماڵ مەخۆ، چونکە ماڵەکە بۆخۆی زیندانە، بەختەوەر ئەو کەسەیە کە لەبەر باران بێت.

بەڵام فەلسەفەی ڕاستەقینە شەرم لەو پرسیارە سەختانە ناکات کە لەو ژوورە داخراوەکاندا هەموویان هەوڵیاندا پشتگوێی بخەن:

ئایا سەرکردەیەکی دیل کە ناتوانێ وەڵامی پاسەوانی بەر دەرگای زیندانەکەی بداتەوە، مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی میللەتێک بدات؟

فەلسەفەیەک کە لە ناو چوار دیوارییەکدا نووسرابێت، چۆن دەتوانێت شارەکان ئازاد بکات؟

ئایا کاتێک دۆخی سیاسی گۆڕانی بەسەردا دێت، خوێن دەبێتە ماددیەک کە بکرێ جارێکی دیکە بەکاربهێندرێتەوە (Recycle)؟

هایدگەر دەڵێت: هەبوونی ڕاستەقینە بریتییە لە بەریەککەوتن لەگەڵ واقیع بەبێ هەڵسەنگاندن.

بەڵام ئەوەی ئۆجەلان کردی بە پێچەوانەوە بوو. واقیع لە ناو قوماشێکی حەریردا پێشکەش کرا، وەکوو دیارییەک نەک وەکوو جەنازەیەک.

ئۆجەلان دەیهەوێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە سەروەری وەهمێکە و سنوورەکان تەنیا ئەفسانەن و خوێن تەنیا “مێتافۆرێکی ئەدەبی”یە.

دەمەوێت بە ئۆجەلان بڵێم فەلسەفەی ڕاستەقینە لە کتێبدا نییە، بەڵکو لە پرسیارێکی سادەدایە کە پێویستی بە هیچ ئیدیۆمێکی جیاواز نییە. ئەو پرسیارە سادەیەش ئەمەیە:

ئایا نەتەوەیەکی ڕەسەن کە خاوەنی (خاک و زمان و کولتوور و مێژوو و قوربانیدان)ی خۆیەتی، مافی خۆیەتی داوای سەربەخۆیی بکات؟

ئەگەر وەڵامەکە ئەرێ بێت، قبووڵکردنەکەی، پێویستی بە گوتار و دانوستان و کامێرای چاودێری و ڕەزامەندیی ئەفسەرێکی هەواڵگری نییە.

ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، نە فەلسەفە، نە دیموکراسی گەلان، نە هیچ تیۆرێک ناتوانێت دایکی جەنگاوەرێکی شەهید  قەناعەت پێبکات کە کوڕەکەی ژیانی خۆی لە پێناو “دیموکراسی گەلان”دا بەخت کرد نەک بۆ سەروەری و سەربەخۆیی نەتەوەیەکی سروشتی.

ڕاستی کوشندە ئەمەیە:

شۆڕش بە تۆپ و فڕۆکە نامرێت…

شۆڕش ئەوکاتە دەمرێت کە کەوڵ دەکرێت و لە ئامانجەکەی دادەبڕێت، هەروەک ئەو شۆڕشگێڕەی کە بەبێ گۆشت و بێ هەست و بێ بیرۆکە و بەبێ نەخشە، مەلەوانی دەکات.

بۆیە متمانە بەو فەلسەفانە مەکەن کە لەسەر مێزی دانوستان نووسراون…

سەری بۆ ئەو فەلسەفەیە نەوی بکەن کە لەسەر گۆڕی شەهیدەکاندا نووسراون.

لەسەر گۆڕی ئەو شەهیدانەی کە سەربەرزانە و بەڕاوەستانەوە گیانیان لەدەستدا و هەرگیز چۆکیان بۆ دوژمن دانەدا و دەستبەرداری مافە ڕەواکانی خۆیان نەبووە، ئەمەیە فەلسەفەی کوردایەتی و شەهیدان.

Share

پوستێن ھەمان بەش