مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی تورکیا دەکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە

پێشتر مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاندبوو کە کەناڵێکی کراوەی پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا هەیە و دەیهەوێت ئەو پەیوەندییە بە فەرمی بکات.
بڕیارە مانگی داهاتوو مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی تورکیا بکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببنەوە و ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن. تورکیاش ئامادەکاری بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات.
عەبدولرەحیم سەماوی، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تامل، بە کەناڵی “وەلات تی ڤی”ی ڕاگەیاند، بڕیارە مانگی داهاتوو مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی تورکیا بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە و ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن کە تەواوکەری ڕێککەوتنی پێشووی نێوان عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سووریا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی نێوان ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا لەو ڕاگەیاندراوەدا بەدیاردەکەوێت، ئەنقەرەش هەنگاوی ئەرێنی ناوە، لەوانە گۆڕینی گوتاری سیاسی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە. لە تورکیاش ئامادەکاری بۆ دەرکردنی یاسایەکی نوێ بە زووترین کات دەکرێت کە ئازادی ئۆجەلان لەژێر چاودێری حکومەتی تورکیادا گەرەنتی بکات، ئەمە جگە لە گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چارەسەرکردنی بارودۆخیان.
بە گوتەی سەماوی، یاسا نوێیەکانی تورکیا مافە کولتووری و نەتەوەییەکانی گەلی کورد گەرەنتی دەکەن و گرتنەبەری ئەم هەنگاوە بنەڕەتی و مێژووییانە پێویستی بە کات و خۆگرتن هەیە. حکومەتی تورکیا بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی بەخێرایی هەنگاو دەنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند کە کەناڵێکی کراوەی پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا هەیە و دەیهەوێت ئەو پەیوەندییە بە فەرمی بکات.