بەڕێوەبەریی خۆسەر: گەڕانەوەی دانیشتوانی عەفرین و ئاوارەکان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری سووریا

بەڕێوەبەریی خۆسەر هاوکات نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی وتار و لێدوانی ڕقاوی و هاندانی توندوتیژی دەربڕیوە.
بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دووەمین ئاوارەبوونی زۆرەملێی خەڵکی عەفرین و شەهبا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. بەڕێوەبەریی ئخۆسەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوای لە حکومەتی کاتی سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کو ڕێگە بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان خۆش بکەن و کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بهێنن.
ئیدارەی خۆسەر لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئەمڕۆ دووشەممە 2ی دیسەمبەر ڕایگەیاند، دوای داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی 2018دا، خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ هێرشی سیستماتیک و تاڵانکردن و گۆڕانی دیمۆگرافی بەرەوڕوو بوون. جگە لەوەش لە مانگی یەکی ساڵی 2024دا شەپۆلێکی گەورەی دیکەی کۆچکردن بۆ ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوویدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەڵام هێشتا ڕێگە بە خەڵکی عەفرین، شەهبا، سەرێ کانی و گرێ سیپی نەدراوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵک و ماڵی خۆیان. بەڕیوەبەریی ئخۆسەری ڕۆژئاڤا ئەم دۆخە بە “برینێکی کراوە” وەسف دەکات و دەڵێ: “گەڕانەوەی سەلامەت و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و وەستاندنی پێشێلکارییەکان مەرجی بنچینەیی بنیاتنانەوەی متمانەن لە نێوان پێکهاتەکانی سووریادا”.
بەڕێوەبەریی خۆسەر هاوکات نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی وتار و لێدوانی ڕقاوی و هاندانی توندوتیژی دەربڕیوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەشێک لە پلاتفۆرمە میدیاییەکان و لایەنە سیاسییەکان هەوڵدەدەن تۆی ناتەبایی لەنێوان پێکهاتەکاندا بچێنن، ئەمەش ڕێگری لە پرۆژەی بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک دەکات.
بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، ئیدارەی ئەمریکا داوای لە حکومەتی کاتی لە دیمەشق کردووە کە هەڵوێستێکی ڕوون نیشان بدات و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە یەکڕیزی خەڵکی سووریا تێکدەدەن.
بەڕیوەبەریی خۆسەر لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە پرسی کۆچبەران لە لووتکەی ڕۆژەڤی ئەواندایە و بەبێ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئارامی و سەقامگیری لە سووریا بەدی نایەت. بەڕێوەبەریی خۆسەر داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان کرد کە فشار بهێنن بۆ ئەوەی مەرجەکانی گەڕانەوەی سەلامەت دابین بکرێن و دیالۆگی ڕاستەقینەی “سووری ـ سووری” دەستپێبکات.