دەم پارتی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرە مێژوویی بوو

دەم پارتی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرە مێژوویی بوو

وتەبێژی دەم پارتی: سەردانەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی لەسەر بانگهێشتی قایمقامیەتی شێرناخ و ئیدارەی قەزا و زانکۆی شێرناخ بووە.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی، لە میانی دیبەیتەکانی بودجە لە پەرلەمانی تورکیادا باسی لە سەردانەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی، بۆ جزیرەی بۆتان کرد.

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی و پارلمانتاری ئەو حیزبە لە شێرناخ، لە میانی دیبەیتەکانی تایبەت بە بودجەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ ساڵی 2026 لە کۆمیسیۆنی پلاندانان و بوودجەی پەرلەمانی تورکیادا قسەی کرد.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئانکا، دۆغان لە قسەکانیدا هەم ئەو “پرۆسە نوێ”یەی کە لە ڕۆژەڤدایە و هەمیش سەردانەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانیی بۆ قەزای جزیرەی پارێزگای شێرناخ لە باکووری کوردستان تاوتوێ کرد.

ئایشەگول دۆغان وەبیری هێنایەوە کە سەردانەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی لەسەر بانگهێشتی قایمقامیەتی شێرناخ و ئیدارەی قەزا و زانکۆی شێرناخ بووە و وتی: “ئەو کۆنفرانسە ناوی چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری بوو”.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە گوڵشەن ئۆرهان یەکێک لە ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی سەرۆک کۆمار و مونیر کارالۆگلو، بریکاری وەزیری ناوخۆی تورکیا، لەوێ بوون. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیاندا کە لەو کۆنفرانسەدا ئێمە پشتگوێ بخەن.

ئایشەگول دۆغان جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ خەڵکی ناوچەکە و سیاسەت بەنرخە و وتی: “سەردانەکەی بەڕێز مەسعوود بارزانی بۆ جزیرە چ لە ڕووی مێژووییەوە چ لە لایەنی پرۆسەکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە”.

لە ساڵی 2015 تا 2025 واتە لە ماوەی 10 ساڵدا، دەم پارتی بە پێی ئەجێندای پەکەکە، بەردەوام هێرشی دەکردە سەر بزووتنەوەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و پەرلەمانتارەکانیان لە شارەکانی تورکیادا دروشمیان دژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەوتەوە و لە دەروازە سنوورییەکانی سلۆپی و ئیبراهیم خەلیل کۆمەڵێک کەسیان کۆدەکردەوە و چالاکییەکانیان دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدا. بەڵام ئێستاکە بۆخۆیان ناچار بوون کە ئەو سیاسەتە هەڵەیەی خۆیان بگۆڕن کە بۆ ماوەی 10 ساڵە ڕەچاوی دەکەن و دواجار دانیان بەو ڕاستییەدا نا کە سەرۆک بارزانی گرنگترین و کاریگەرترین ڕۆڵی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەیە.

Share

پوستێن ھەمان بەش