ئایا یەنەکە لەپشت ڕووداوەکانی گوندی لاجانەوە بوو؟

ئایا یەنەکە لەپشت ڕووداوەکانی گوندی لاجانەوە بوو؟

خەڵکی گوندی لاجان: “ئێمە هیچ کێشەیەکمان نە لەگەڵ پەدەکە و نە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە”.

لە 29ی نۆڤەمبەر بەملاوە، هەندێک گرووپ هەوڵدەدەن تا لە گوندی لاجان لە ناحیەی گوێڕی سەر بە هەولێر، ئاژاوە ساز بکەن. سەرۆک و پیاوماقوڵانی عەشیرەتی هەرکی بەیاننامەیەکیان بۆ میدیاکان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، “ئێمە هاوبەشی ئەو ئاژاوەگێڕییە نابین، هەندێک لایەن هەوڵدەدەن کە ئاڵۆزییەکان قووڵتر بکەنەوە”.

لە لاجان چی ڕوویدا؟

کۆمەڵێک لە ئەندامانی عەشیرەتی هەرکی لەم دواییانەدا لە نزیک کۆمپانیای نەوتی لاناز لە نزیک گوندی لاجان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و وتیان: “کۆمپانیای لاناز لە خاکی ئێمەدایە، دەبێ کرێکارەکانیش خەڵکی ئێرە بن”. سەرەتا خۆپیشاندانەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بوو، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، گرووپێکی چەکدار لە دەرەوە هەوڵیاندا بە تەقەکردن لە کرێکاران و بیناکانی کۆمپانیای نەوت، خۆپیشاندانەکە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە ببەن.

دانیشتوانی گوندی لاجان کاتێک بینان کە خۆپیشاندانەکەیان بەرەو ئاقارێکی دیکە ئاراستە دەکرێت، لە ناوچەی خۆپیشاندانەکە کشانەوە و پێکهەڵپڕژان لەنێوان گرووپێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ لەگەڵ بەشی ئاسایشی کۆمپانیای نەوتی لانازدا ڕوویدا.

ئەو ڕووداوە ڕێک لەو کاتەدا ڕوویدا کە سەرۆک بارزانی بۆ بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری، سەردانی شاری جزیرەی بۆتانی لە باکووری کوردستان کردبوو. ڕووداوەکە بە ئەنقەست لەلایەن یەنەکە و میدیاکانی تورکیاوە چەواشە کرا. ئەم ڕووداوە بە مانشێتەکانی وەک “بە دەیان کەس کوژراون، خۆپیشاندانێکی گەورەیە، عەشیرەتی هەرکی لە دژی پەدەکە ڕاپەڕین”،  لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە 1/12/2025، کەناڵی 8ی سەر بە یەنەکە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک، گوندی لاجان چۆڵکراوە و دانیشتوانەکەی لە ماڵەکانیان دەرکراون.

خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە ئەو گەنجەی لە ڕووداوەکاندا کوژراوە دانیشتووی گوندی لاجان نەبووە، بەڵکوو لە کەرکوکەوە هاتبووە شوێنی ڕووداوەکە. هاتنی کەسێک لە کەرکووکەوە بۆ ناو گوندی لاجان، ئەو قسەیەی دانیشتوانی گوندەکە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەڵێن “گرووپی چەکدار لە دەرەوە هاتوون”.

بەیاننامەی میدیایی عەشیرەتی هەرکی: لایەنێکی دەرەکی ڕووداوەکەی ئۆرگانیزە کرد

لەبەر ئەوەی کە خۆپیشاندانێکی سادە، ئاراستەکرا، سەرکردەکانی عەشیرەتی هەرکی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئیستفزازکارانیان کرد و گوتیان: “حکومەتی هەرێم کارێکی دروست دەکات”.

لێدوانی سەرکردەکانی عەشیرەتی هەرکی بەم شێوەیەیە: ئێمە زۆر دڵتەنگین بەو ڕووداوانە، ئێمە زۆرترین شەهیدمان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا داوە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و نە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە. کێشەی ئێمە لە بەڕێوەبەریی ئەو کۆمپانیای نەوتەدایە. بەرپرسانی کۆمپانیای نەوت داواکارییەکیان پێشکەش کرد و کۆمەڵێک لە گەنجەکانیش ڕۆیشتن، بەڵام کەسێک لە حیزبێکی ترەوە، کە لێرەدا ناوی ناهێنین، گرووپێک ڕێکدەخات و خۆپیشاندانەکە بەرەو لایەکی دیکە ئاراستە دەکات و ئاڵۆزی دەکات.

ئەم کەسە لە ئەوروپا دەژی. بە واتایەکی تر دەیانویست گوندی لاجان بۆ ئامانجی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار بهێنن. ئەو کەسانەی چەک بەکاردەهێنن خەڵکی ئەم گوندە نین؛ لە دەرەوە هێنراون. ئێمە ئەم دۆخە قبووڵ ناکەین. جگە لەوەش میدیاکان باس لەوە دەکەن کە گوندی لاجان چۆڵ دەکرێت، درۆیە. خەڵک لە ناو گوندەکەن و تەنها بەشێک لە خێزانەکان بەهۆی ئەو پێکهەڵپرژانانەوە ترساون و ڕۆیشتوون و لە ڕاستیدا کەس ناچاری نەکردوون کە بڕۆن. ئەو پێشمەرگانەی لێرەن بۆ پاراستنی ئێمە لێرەن.

جگە لەوەش ئەو هەواڵەی کە گوایە 30 کەس لە گوندەکە ڕفێندراون، بەتەواوی درۆیە. ئێمە و پیاوماقووڵانی گوندەکە و بنەمالەی ئەو پێنج کەسەی کە چەکیان بەکارهێنابوو، بۆخۆمان بردمان و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانمان کرد. چونکە ئەوان هەڵە بوون. ئێمە باوەڕمان بە سەروەری یاسا و دادپەروەری هەیە.

ئێمە خەڵکی ئەم گوندەین. ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پارتی دێموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێم و سیستەمی گشتی نییە. دەبێ دەستە گڵاوەکان لە گوندەکەمان لاببرێن”.

کێ لە پشت ڕووداوەکانەوەیە؟

عەشیرەتی هەرکی و خەڵکی ناوچەکە پێیان وایە یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) لەپشت ڕووداوەکانەوەیە. زۆرێک لە سیاسەتمەداران لە سۆشیال میدیادا ڕایانگەیاندووە، یەنەکە، دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە خەڵکی هەولێر و دهۆک ئیستیفزاز بکات و وا دەربخات کە ڕای گشتی و خەڵک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا لە ناکۆکیدان.

نزار هەرکی چالاکوانی سیاسی، لەبارەی ئەم بابەتە لێدوانی دا و گوتی: “یەکێتی دەیهەوێت هەرکییەکان دابەش بکات و کولتووری ململانێی سلێمانی بگوازیتەوە بۆ هەولێر و دەیهەوێ لە ڕێگەی بە سیاسیكردنی داخوازیی گەنجانی هەركی و هەوڵدان بۆ ئاژاوەگێڕی، دۆخێك دروست بكات كە خوێنی گەنجانی كورد بەفیڕۆ بڕوات، بەڵام هەركییەكان زۆر لە پیلانەكانی یەكێتی هۆشیارترن و خەڵكێكی نیشتمانپەروەرن و هەرگیز ناكەونە بەرەی دژ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە “.

وەک دەزانرێت، یەنەکە دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنی 11/11/2025ی پارلمانی عێراقدا، دەیهەوێت بیروڕای گشتی ئیستیفزاز بکات و دنەی ڕای گشتی بدات. هێرشەکەی سەر کۆمپانیای نەوتی لاناز تەنها دوای پەلاماردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و پچڕانی کارەبای نیشتمانی لە کوردستان ڕوویدا. کۆمپانیای نەوتەکە لە کاتێکدا ئاستەنگی بۆ دروستکرا کە زۆرترین پێویستیی پێی هەبوو.

Share

پوستێن ھەمان بەش