دوورگەی ئیمرالی و بارودۆخی کورد

دوورگەی ئیمرالی و بارودۆخی کورد

دەسەڵاتدارانی تورکیا ئیمرالییان کردووە بە دەروازەیەک و ڕۆشنبیرەکانیان شانبەشانی عەبدوڵڵا لەوێدا پڕۆژەی گەورە بۆ لەناوبردنی کورد ئامادە دەکەن…

✍️ بووبێ ئەسەر

ئەوەندەی من فام دەکەم و تێدەگەم، لە ئیمرالی کۆمیتەیەک بە ناوی بنبڕکردنی هزری کوردستان لە دڵی کورداندا، دامەزراوە. هەموو کارەکان بەپێی ئەو کۆمیتەیە بەڕێوەدەچن بۆ ئەوەی کوردەکان بە تورک بکرێن. هەروەها ئەمە پڕۆژەی زیندانی دیاربەکرە کە “5 سفر”ی پێی دەگوترێت. کاری لەناوبردنی کورد بە ناوی عەبدوڵڵاوە دەکرێت و لە ڕاستیدا عەبدوڵڵا بۆخۆی یەکێکە لە گەورەترین و کاریگەرترین ئەندامەکانی ئەو کۆمیتەیە.

کارەکانی ئەو کۆمیتەیە، بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی تورکیایە کە لەلایەن پیاوانی دەوڵەتی قووڵی تورکیاوە بەڕێوەدەچێت. کاری ئەوان ئەوەیە کە بە ناوی ئاشتیەوە بەرە بەرە نەتەوەی کورد لە هزری کوردستانیبوون دوور بخەنەوە. بە واتایەکی تر دەیانهەوێت کورد لە ڕۆحی کوردایەتی دوور بخەنەوە.

هۆکاری ئەوەش کە باخچەلییەک کەوا جاران هەرکات ناوی کورد دەبیست وەک ئەوەی جنۆکەیەکی لێدەهات کە چاوی بە ئاسن بکەوێت و پێشتر هەرگیز ئامادە نەبوو کە ناوی کوردی بە زماندا بێت، کەچی ئەمڕۆکە دەڵێت کورد و تورک بران(!) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەیانهەوێ بەناوی برایەتیەوە کورد لەناو ببەن. چونکە ئێستا ئیدی بوار بۆ ئەوان زۆرنەماوە.

لە سەردەمی ئەتاتورکەکەی ئەوانیشدا، هەر وەها بوو. لە سایەی کوردەکانەوە کۆمارەکەی خۆی دامەزراند. پێش دامەزراندنەکەی دەیگوت: “ئەمە کۆماری تورک و کوردە، ئێمە براین”. دوای ئەوەی کە سەرکەوت، دەستی بە قڕکردن و لەناوبردن و دەربەدەرکردنی کورد کرد. ئەمڕۆکەش هەر ئەمە دەڵێن، چونکە ئەوان دەزانن چییان لە پێشە.

ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێن، ناکرێ کە تەئسیر و کاریگەری لەسەر تورکیا نەکەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەمڕۆ هەموو دەسەڵاتدارانی تورکیا لە سایەی عەبدوڵڵا [ئۆجەلان]دا دەیانهەوێت خۆیان لەم تۆفانە ڕزگار بکەن. بە واتایەکی تر دامەزراندنی کۆماری دووەم لەسەر بنەمای ڕووداو و کردەوەکانی دامەزراندنی کۆماری یەکەمی تورکیا بەڕێوە دەچێت. پلان و پڕۆژەکان وەک یەکن، بەڵام بە پێی شوێن و کات گۆڕاون.

دوای ئەم زانینە، کورد دەبێ چی بکات؟ باوەڕ بکەن هەمووان دەزانن چی پێویستە بکرێت، بەڵام نایکەن. سەرنج بەو بڕیارانە بدەن کە لە ئیمرالی دێنە دەرەوە و لە ڕێگەی دەم پارتییەوە لە تورکیا و کوردستان بڵاو دەکرێنەوە. ئێمە تەنها تەماشا دەکەین و ناتوانین خەڵک لە درۆکانیان تێبگەیەنین.

کەسانێک کە لە شەڕ و ململانێ و کوشتار و کاولکاری بێزارن، بێ ئەوەی بتوانن بیر لە چاکە و خراپەکانی ئەم پرۆسەیە بکەنەوە کە پێی دەوترێت ئاشتی، یەکسەر بەڵێی بۆ دەکەن.

چونکە مرۆڤی ماندوو و بێکار و برسی ناتوانێ بە عەقڵانی بیربکاتەوە. بە ڕای ئەوان وەستاندنی شەڕەکە هەموو چاکەیەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بێگومان ڕاگرتنی شەڕی چەکدارانە باشە، بەڵام ئایا دەزانرێت چی لە پشت ئەم ڕاگرتنەوە هەیە و دەیانهەوێت چی بکەن؟ نەخێر. چونکە هەموو شتێک لە پشت دەرگای داخراوەوە ئەنجام دەدرێت. ئەو شتانەی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە باس دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، لێڵ و تاریکن. بە شێوازێکی تر بۆ خەڵک دەگێڕدرێنەوە و ڕوون دەکرێنەوە.

میللەتێکی ماندوو پێی باشە کە شەڕ و کوشتار نەمێنێت. میللەتێکی ماندوو و ستەملێکراو ناتوانێ بەقەد حاکمەکەی لە مەسەلەکاندا شارەزا بێت. ئەمە کاری حزبە سیاسییەکانە و پێویستە ئەوان بە ئاشکرا ئەمە بۆ گەلەکەیان باس بکەن و لەسەری بنووسن.

لەبەر ئەوەی کە حیزبێکی بەهێز و نەتەوەیی لە باکووری کوردستاندا بوونی نییە، داواکارییەکانی عەبدوڵڵا و ئەوانەی بە ناوی ئەوەوە دەگوترێن، لە ناو کۆمەڵگەدا جێگەی خۆیان دەگرن. تەنانەت ئەگەر لە سەرەتاوە لاوازیش بن، بەڵام ڕۆژێک دێت، ئەمە دەبێتە بەشێک لە ژیانی میللەتەکەمان.

هەر بۆیە دەڵێم لە ئێستادا ئیمرالی بووەتە شوێن و ناوەندی ئەو بڕیارانەی کە بۆ لەناوبردنی کورد لە باکووری کوردستان دەدرێن. بێگومان سەرچاوەی داواکاری بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و تەسلیمبوونیان هەر لەوێیە. هەر بۆیەش دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن و جەخت دەکەنەوە کە: “ئەو هەڵەیەی کە لە باشووری کوردستان کردمان، لە ڕۆژئاوای کوردستان دووبارەی ناکەینەوە”.

لە ڕاستیدا عەبدوڵڵا [ئۆجەلان] و دەوڵەتی تورک زۆر قووڵ و دووربینانە ڕاوەستەیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە. ئەمە پڕۆژەیەکی لانیکەم سەد ساڵانەیە و ڕێگریکردن لەم پڕۆژەیە، تەنها لە سایەی یەکێتی نەتەوەیی باکووری کوردستانەوە دەستەبەر دەبێت.

بەڕای من ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت، دەکرێ بڵێین نزیکەی هەموو کوردەکانی باکووری کوردستان لە کورد و کوردایەتی دادەبڕێن، واتە وەک توێکڵێکی بێ کەڵک و بێ مانایان لێدێت.

بۆ ڕێگریکردن لەم پرۆژەیە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەسەر بنەمای هێڵێکی نەتەوەیی، یەکبگرن. ئەگەر ئەمڕۆ ئەم کارە نەکەن، سبەی دەبێ لە هەمبەر گەلدا وەڵامدەر بن.

ئەگەر ڕۆشنبیران و مێژوونووسان و زانایانی ئەم میللەتە ئەمە بۆ گەلەکەیان نەگێڕنەوە و لەسەری نەنووسن، ئەوانیش دەبنە گوناهباری دووەم کە لێخۆشبوونیان قورس دەبێت.

نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە مێژوو هەموو شتێک دەنووسێتەوە و هیچ شتێک لەبیر ناکات. کارە بەسوود و بەکەڵکەکانمان، کارە خراپ و بێکەڵکەکانمان، کەموکوڕی و هەڵەکانمان، هەموو دەنووسرێن. ئەگەر ئەمڕۆکە ئێمە نەیبینین، سبەی ڕۆژ منداڵ و نەوەکانمان، باجەکەی دەدەن.

بۆیە دەڵێم: مافی ئەوەمان نییە کە بە کەموکوڕی و هەڵەکانمان، داهاتووی منداڵ و نەوەکانمان بسووتێنین، بەڵکوو پێویستە مێژوویەکی پاکیان بۆ بەجێبهێڵین تا ئەوان نەبن بە قوربانی گوناهەکانی ئێمە.

ئەو ئارمانج و کارانەی کە ئەمڕۆکە لە ئیمرالی ئەنجام دەدرێن، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد یان هێنانی دیموکراسی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان نیە، بەڵکوو ئاسمیلەکردنیانە بۆ ئەوەی کە وەکوو کەمەنەتەوەکانی دیکە بە تورک بکرێن.

هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی تورکیا ئیمرالییان کردووە بە دەروازەیەک و ڕۆشنبیرەکانیان شانبەشانی عەبدوڵڵا لەوێدا پڕۆژەی گەورە بۆ لەناوبردنی کورد بە هەر شێواز و ڕێگەیەک ئامادە دەکەن…

Share

پوستێن ھەمان بەش