کورتولموش: ئۆجەلان داوای فیدراڵیزم و فەرمیبوونی زمانی کوردیی نەکردووە

کورتولموش: ئۆجەلان داوای فیدراڵیزم و فەرمیبوونی زمانی کوردیی نەکردووە

ئۆجەلان گوتوویەتی: “با پێوەرەکانی دیموکراسی لە تورکیا پێشبکەون و لەم چوارچێوەیەشدا داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکرێن”.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە لە میانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کۆمیسیۆنەکەی پارلماندا، نەک هەر داوای “فیدراڵیزم” یان “بەفەرمیکردنی زمانی کوردی”ی نەکردووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە تەنها خوازیار بووە کە پێوەرەکانی دیموکراسی لە تورکیا پێشبکەون.

نوعمان کورتولموش، کە هاوکات سەرۆکی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتییە، لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی تورکیا قسەی کرد و وردەکاریی نوێی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئیمرالی بڵاوکردەوە.

کورتوڵموش لە قسەکانیدا ئیدیعای ئەوەی کردووە کە پرسەکانی وەک دەوڵەتی سەربەخۆ، فیدراڵیزم یان کۆنفیدڕاڵی لە کاتی کۆبوونەوەکاندا نەهاتوونەتە بەرباس. هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە ئۆجەلان هیچ داوایەکی سەبارەت بە “بە فەرمیکردنی زمانی کوردی” نەبووە.

بە گوتەی کورتولموش، ئۆجەلان داوای کۆتاییهێنان بە کێشەکە و چەسپاندنی ئاشتیی کردووە و گوتوویەتی: “با پێوەرەکانی دیموکراسی لە تورکیا پێشبکەون و لەم چوارچێوەیەشدا داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکرێن”.

سەرۆکی پارلمانی تورکیا سەبارەت بە کارەکانی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند کە تا ئێستا پرۆسە و کارەکانی کۆمیسیۆنەکە بە باشی بەڕێوەچوون، بەڵام هۆشداریی دا کە قۆناغەکە لە ئێستا بەدواوە “زۆر هەستیار”ـە.

ڕاگەیەندرا کە ئەو ئەندامانەی کۆمسیۆنەکەی پارلمانی تورکیا، کەوا سەردانی ئیمرالییان کردبوو، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنچشەممەدا وردەکاری و ناوەڕۆکەکەی کۆبوونەوەکە بۆ ئەندامانی دیکەی کۆمسیۆنەکە دەخەنە ڕوو. کورتولموش بۆچوونی ئەندامانی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بە “زۆر ئەرێنی” وەسف کرد.

لە کۆتاییدا کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە هیچ شتێک لە ڕای گشتی نەشاردراوەتەوە و ڕایگەیاند کە تۆمارە دەنگییەکانی کۆبوونەوەکە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا (MİT)ـەوە هەڵدەگیرێن.

Share

پوستێن ھەمان بەش