ئەمین عیسا 5 ساڵ لەمەوبەر لە زیندانێکی پەیەدە لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید کرا؛ بکوژەکان سزا نەدراون!!

5 ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکردووە کە بە بنەماڵەی ئەمین عیسا و ڕای گشتیی ڕۆژئاڤای داون.
گەنجێکی کورد بە ناوی ئەمین عیسا 5 ساڵ لەمەوبەر لە زیندانێکی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. ئەگەرچی 5 ساڵ بەسەر کوشتنی ئەمین عیسا تێپەڕیوە، کەچی بکوژەکانی هێشتا ئازادن و سزا نەدراون.
تەرمی ئەمین عیسا (35 ساڵ) بابی دوو منداڵ، کە لە 22ی ئایاری 2021 لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤاوە دەستبەسەر کرابوو، لە ڕێکەوتی 28ی حوزەیرانی 2021 ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
وێنەی تەرمی سووتاو و ئەشکەنجەدراوی عیسا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بڵاو کرایەوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا بە ڕوونی دەرکەوت کە ئەمین عیسا بە توندی ئەشکەنجە دراوە.
هەروەها نیشانەکانی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دەرکەوتووە، وەک ئەوەی پزیشکەکان دیارییان کردبوو: ددان و ئێسکی چەناگەی ئەمین عیسا شکاوە، هەروەها نیشانەی تەزووی کارەبا لەسەر ئەندامی نێرینە و لە نێوان ڕانەکانیدا هەبووە، سووتانی قووڵی شان و پشت، شکانی ئەژنۆکانی بەهۆی لێدان و شکانی ئێسکی کەللـەسەری پشتڕاست کرابوویەوە.
دوای ئەوەی کە ڕووداوەکە لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، توڕەیی زۆر و کاردانەوەی توندی لای کورد بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای ئەوەی دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا دەستوەردانیان لەو بابەتەدا کرد و داوایان کرد کە “بکوژەکان بدۆزنەوە”، بەڕێوەبەریی پەیەدە بەڵێنیدا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات. بەهۆی گرنگی ڕووداوەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) سەردانی بنەماڵەی قوربانیەکەی کرد و بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بکات.
ئەگەرچی 5 ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا هیچکام لەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکردووە کە بە بنەماڵەی ئەمین عیسا و ڕای گشتیی ڕۆژئاوای کوردستانی دابوو. ڕووداوەکە بە تێپەڕبوونی کات بەرە بەرە لەبیرکرا.
ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و دامودەزگاکانی سەر بەو ڕژێمە هەڵوەشانەوە، بەڕێوەبەرانی زیندان و سەرباز و کەسانی دیکە کە بەشدارییان لە کۆمەڵکوژییەکان کرد و تاوانیان ئەنجامدا، دەستبەسەر کران و ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە. بەڵام بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤای کوردستان بەدواداچوونی بۆ مافی دەیان کوردی ئۆپۆزسیۆن نەکرد کە لەو ماوەیەدا ناسنامەی بکوژەکانیان هێشتا نادیارن، وەک کۆمەڵکوژیی عاموودا و ڕووداوی کوژرانی ئەمین عیسا.
ئێستاکەش دامودەزگاکانی بواری بەرەنگاربوونەی تاوان لە ژێر ناوی ئەنتەگراسیۆندا ڕادەستی حکوومەتی دیمەشق دەکرێن. بەڵام تا ئێستا نازانرێت کەی و لەلایەن کێیەوە لێپرسینەوە لەو تاوانانە دەکرێت کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەنجامدراون.