لە شاری قۆسەر کۆنفرانسی ‘یەکێتی نەتەوەیی’ بەڕێوەچوو

کۆنفرانسەکە متمانە و هیوای ڕای گشتیی باکووری کوردستانی بۆ دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی گەشاندۆتەوە و بڕیارە کۆنفرانسی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوە دەچێت.
ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکان و بزووتنەوە و کەسایەتییە سەربەخۆکانی باکووری کوردستان، لە ناحیەی قۆسەری سەر بە پارێزگای ماردین کۆنفرانسێکیان سازکرد. لە کۆنفرانسەکەدا داوای دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی و پتەوکردنی هاوکاریی ناوخۆیی کرا.
“کۆمیسیۆنی هەوڵدان بۆ کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی باکووری کوردستان”، کە لە پێلکورد، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، تەڤگەری ژیانەوەی کوردستان (ڤەژین) و کەسایەتییە سەربەخۆکان پێکهاتبوو، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، لە ناحیەی قۆسەری سەر بە پارێزگای ماردین کۆنفرانسێکی سازکرد.
کۆنفرانسەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و خوێندنی سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێکرد. لە بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا سەرکردە و نوێنەری حزبەکان قسەیان کرد. سەرحەد ئامەدی جێگری سەرۆکی گشتیی PSK، فوئاد ئۆنەن، بەڕێوەبەری PÊLKURD، فەرید ئازاد وتەبێژی ڤەژین، عەلی ئۆنجوو بە نوێنەرایەتی کەسایەتییە سەربەخۆکان و مستەفا ئۆزچەلیک سەرۆکی PWK، سەرنجیان بۆ پێویستی یەکێتی و هاوپەیمانیی ستراتژیکی لە نێوان کورداندا ڕاکێشا.
کۆنفرانسەکە بە بەشداری نوێنەری زۆرێک لە لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە دیارەکان بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی پەدەکە-باکوور، هاک-پار، پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا (پەدەکە ـ س)، تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە سووریا، ئەلپارتی، دامەزراوەی حەمید سمایلاغا، نەوبەهار و کۆمەڵەی جووتیاران ئامادەبوون. هەروەها سەندیکای پارێزەرانی ماردین، ژووری بازرگانی نسێبین و زۆرێک لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانیش پشتیوانییان لە کۆنفرانسەکە کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە، کۆنفرانسی قۆسەر، متمانە و هیوای لەلای ڕای گشتی لە باکووری کوردستان بۆ دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی گەشاندۆتەوە. ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە ڕایانگەیاند کە ئەم کارە تەنیا بە قوسەردا سنووردار نابێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنفرانسی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوە دەچێت.