سەرۆک بارزانی: كۆمەڵكوژیی زێوە نەیتوانی ئیرادەی گەلی كوردستان بشکێنێ

سەرۆک بارزانی: كۆمەڵكوژیی زێوە نەیتوانی ئیرادەی گەلی كوردستان بشکێنێ

سەرۆک بارزانی: بۆردومانی زێوە یەكێك لە خەمناكترین رۆژەكانی ژیانم بوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 9/6/2026، بارەگای بارزانی رایگەیاند؛ لە 41مین ساڵیادی بۆردومانكردنی ئۆردوگای زێوە لەلایەن فڕۆکەکانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئەو تاوانە بە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی دوژمنان و خەمناکترین رۆژی ژیانی وەسف دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەو جۆرە كۆمەڵكوژییانە نەك هەر ئیرادەی گەلی كوردستانیان نەشكاند، بەڵكو بوونە هەوێنی مكوڕبوون لەسەر خەبات تا گەیشتن بە سەركەوتنی كۆتایی.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی بۆردومانی ئۆردوگای زێوە:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

لە 9ی حوزەیرانی 1985ـدا رژێمی پێشووی عێراق تاوانێكی گەورەی لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دا. لەو رۆژەدا، فڕۆكەكانی رژێم بە شێوەیەكی دڕندانە ئۆردوگای پەنابەرانی زێوە لە رۆژهەڵاتی كوردستانیان بۆردومان كرد و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە نامرۆڤانەیەدا سەدان ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

كارەساتی زێوە لاپەڕەیەكی خوێناویی ترە لە كارنامەی رەشی رژێمی پێشووی عێراق. ئەو رۆژە یەكێك بوو لە خەمناكترین رۆژەكانی ژیانم. ناڵە و شیوەنی دایكان و جەستەی سووتاو و لەتلەتكراوی شەهیدان و بریندارانی زێوە دڵ و دەروونی هەر خاوەن‌ویژدانێكی دەهەژاند.

ئامانجی رژێم لە تاوانی كۆمەڵكوژیی زێوە و تاوانەكانی تردا، شكاندنی ئیرادەی پەنابەران، پێشمەرگە و خەباتگێڕانی كوردستان بوو. بەڵام ئەو تاوانانە ئیرادەی پێشمەرگە و رۆڵەكانی گەلی كوردستانی بۆ درێژەدان بە خەباتی دژی ستەمكاران و دەستەڵاتدارانی ئەو كاتی عێراق مكوڕتر و بەهێزتر كرد. لە ئەنجامی ئەو قوربانیدان و تێكۆشان و خەباتەدا، چارەنووسی زاڵمان و تاوانكاران سەرشۆڕی و شكست بوو، و سەربەرزی و سەركەوتنیش بۆ گەلی كوردستان مایەوە.

لە چل و یەكەمین ساڵیادی كارەساتی زێوەدا، سڵاو بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی زێوە و هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی

9ی حوزەیرانی 2026

Share