بەرپرسێکی پلە باڵای پەکەکە و هەسەدە رایکردۆتە ئیمارات

“پۆڵات جان” لەلایەن مەزڵووم عەبدیەوە، لە ئەرکەکەی دوور خراوەتەوە.
“پۆڵات جان” کادری پلە باڵای پەکەکە و ئەندامی هاوئاهەنگیکاری هێزەکانی سووریای دێموکراتیک “هەسەدە” لەگەڵ هێزی کوالیسیۆنی نێودەوڵەتی، بەهۆی ناکۆکی لە نێوان خۆی و مەزڵوم عەبدی رایکردووە بۆ ئیمارات.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کرد، کە پۆڵات جان بە فەرمانی کۆنسەی پەکەکە لە قەندیل و لە ژێر گوشارەکانی “باهۆز ئەردال”دا، بە نهێنی دەربازی باشووری کوردستان بووە و ماوەیەکی زۆر لە شاری سلێمانی ماوەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە لەوێوە دەربازی قەندیل ببێت.

سەرچاوەکانمان ئاشکرایان کرد کە پۆڵات بە بێ ئاگاداری مەزڵووم عەبدی بە شێوەیەکی نهێنی دەربازی باشووری کوردستان بووە و چووەتە سلێمانی تاوەکوو بچێتە قەندیل، بەڵام دوای ئەوەی کە پۆڵات ماوەیەک لە سلێمانی دەمێنێتەوە و پەکەکە دەربازی قەندیلی ناکەن، بە ناچاری پەیوەندی بە “مەزڵووم عەبدی” دەکات و پێی دەڵێت: “ماوەیەکە لە سلێمانیم تاوەکوو دەربازی قەندیل ببم، بەڵام هیچ فەرمان و دەستوور و پەیوەندییەک بە من نەکراوە”.
بەو هۆیەوە پۆڵات داوای تەعلیمات لە مەزڵووم عەبدی دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی پۆڵات بە نهێنی و بە بێ ئاگاداری مەزڵووم عەبدی دەربازی باشووری کوردستان ببوو، مەزڵووم زۆر تووڕە بووە و ناڕەزایەتی خۆی بۆ پۆڵات دەربڕیوە و پێی ڕاگەیاندووە: “لەبەر ئەوەی تۆ بە بێ دەستووری من رۆیشتوویتە باشوور، ئامادە نیم تێکەڵی ئەو بابەتە ببم”.
هەروەها سەرچاوەکانمان ئاشکرایان کردووە کە دوای ئەوە مەزڵووم عەبدی ، پۆڵات جان لە ئەرکەکەی کە وەک هاوئاهەنگیکاری هێزی سووریای دێموکراتیک “هەسەدە” بە هێزی کوالیسیۆنی نێودەوڵەتی دوور خستۆتەوە، پۆڵات جانیش لە لایەن خۆیەوە لەو هەڵویستەی مەزلووم عەبدی تووڕە بووە و کێشەی زۆر قووڵ لە نێوانیان درووست بووە.

هەروەها سەرچاوەکانمان ئاشکرایان کردووە کە لەسەر ئەو کێشەیە پۆڵات جان تووڕە بووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە واتە 2022ی زایینی چۆتە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی و تا ئێستا ئامادە نەبووە بگەڕێتەوە.