کۆمەڵەیەک، کوردەکانی ئەنقەرە فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی دەکات

کۆمەڵەیەک، کوردەکانی ئەنقەرە فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی دەکات

سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی لە باکوری کوردستان و تورکیا، هێشتا هەندێک کەس هەن کە دەیانەوێت ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک بۆ فێربوون و خزمەتکردنی زمانی کوردی تەرخان بکەن.

لە ئەنقەرە کۆمەڵەیەکی تایبەت بە فێرکردنی زمان و کولتووری کوردی هەیە و ئامانجی سەرەکی کۆمەڵەکە پێشخستنی زمانی کوردییە. بەشێک لە کوردانی ئەنقەرە بەشداریی خولەکان دەکەن و فێری ڕێزمانی کوردی و خوێندنەوە و نووسینی کوردی بە شێوەزارەکانی کرمانجی و سۆرانی دەبن.

کۆمەڵەی زمان و فەرهەنگ و هونەری کوردی لە ئەنقەرە هاووڵاتیانی کورد فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی دەکات و هەوڵی پاراستنی زمان و کولتووری کوردی دەدات.

مامۆستا ئامینا ئۆز بە کەناڵی K24ی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند: “منیش خوێندکاری ئەم کۆمەڵەیە بووم و لێرە فێری ڕێزمانی کوردی بووم و پاشان ڕاهێنانی مامۆستایانم وەرگرت و ئێستا لێرە وانە دەڵێمەوە”.

فێرخواز حەمید عەبدولحەمید دەڵێت: “ئێمە لە بنەماڵەدا زمانی کوردی دەزانین، بەڵام خوێندنەوە و نووسینم کەموکووڕیی هەبوو، بەتایبەتی کاتێک بە فەرمی پەروەردەی کوردی بەدەست ناهێنین. ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی خۆمان لەم بوارەدا باشتر بکەین”.

بەشێک لەو کوردانەی کە مامۆستای زمانی تورکی بوون ئێستا خانەنشین بوون و دەیانەوێت ئەمجارە لە بواری مامۆستایەتی و وانەوتنەوە بە زمانی کوردی خۆیان پێش بخەن. جگە لەوەش بەشێک لە کوردەکانی باکووری کوردستان ئارەزووی فێربوونی شێوەزاری سۆرانی دەکەن، هەفتەی دووجار خولی فێربوونی شێوەزاری سۆرانی وەردەگرن. مامۆستاکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

مامۆستا هاشم ڕەشادت، مامۆستای سۆرانی بە K24ی ڕاگەیاند: “هەندێک کەس هەن دەیانەوێت بەشێوەیەکی دروست فێری سۆرانی ببن، من بەپێی کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان وانەیان دەڵێمەوە”.

فێرخواز ئاک تووران دەڵێت: “من ماوەیەک لە سلێمانی ژیاوم و هەندێک سۆرانی دەزانم. بەڕاستی حەز دەکەم فێری شێوەزاری سۆرانی ببم، دەستم پێکردووە و زمانەکەم باشتر دەکەم”.

سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی لە باکوری کوردستان و تورکیا، هێشتا هەندێک کەس هەن کە دەیانەوێت ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک بۆ فێربوون و خزمەتکردنی زمانی کوردی تەرخان بکان و ناهێڵن زمانی کوردی لەبیربکرێت.

Share