دوایین قسەی پەکەکە و تورکیا لەسەر پرۆسەکە چییە؟!

وەزارەتی بەرگری تورکیا: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی پەکەکە لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبن.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەوا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی و ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانی داوە، دەوڵەتی تورکیا بە پشتگوێخستنی هەوڵەکانی ئاشتی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: هێرش بۆ سەر بارەگاکانیان بەردەوامە، لە کاتێکدا ئەردۆغان دەڵێت: ئێمە بە ئامانجەکەمان کە “تورکیایەکی بێ تیرۆرە” دەگەین!!.
پەکەکە لە نوێترین ڕاگەیاندراویدا کە لە ڕێکەوتی 29ی ئایار لە زمانی زاگرۆس هیوای وتەبێژیەوە بڵاوکرایەوە، دەوڵەتی تورکیای بە پشتگوێخستنی دەستپێشخەری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکانی، تۆمەتبار کرد.
زاگرۆس هیوا گوتی، سەرەڕای مشتومڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییە چڕەکان لە تورکیا لەسەر بڕیارەکانی پەکەکە، کاردانەوەکە تەنها لە گفتوگۆی تیۆریدا ماوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە “نەبوونی وەڵامێکی فەرمی نیشاندەری بەردەوامیی سیاسەتی ئەنقەرەیە بۆ نکۆڵیکردن و پشتگوێخستن”.
هەروەها سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاش، ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا لە چالاکییە سەربازییەکانی لە باشووری کوردستان بەردەوامە.
زاگرۆس هیوا هۆشداریشی دا کە بە شکستی پرۆسەکە چانسێکی مێژوویی بۆ ئاشتییەکی سەقامگیر لەدەست دەچێت.
هاوکات ڕۆژی یەکشەممە 1/6/2025، ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئەوان بە ئامانجی خۆیان دەگەن کە تورکیایەکی دوور لە تیرۆرە و دواتریش ناوچەیەکی دوور لە تیرۆرە!
لە 12ی گوڵاندا پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش کۆتایی هاتنی زیاتر لە 40 ساڵ لە شەڕی چەکدارانەی بێ ئەنجامی پەکەکە لەگەڵ تورکیادا بوو.
ئەم بڕیارە لە وەڵامی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری پەکەکەدا بوو، کە داوای لە ئەندامان کرد چەک دابنێن و ڕێکخراوەکە هەڵبوەشێننەوە. ئۆجەلان لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی ئەم بانگەوازەی کردووە.
سەرەڕای ئەمەش، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی پەکەکە لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبن، هاوکات هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ داماڵینی چەکی پشتڕاست کردەوە.