سەرۆک بارزانی: هیچ کەس ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان

سەرۆک بارزانی: هیچ کەس ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان

سەرۆک بارزانی: “جێگەی دڵخۆشییە گەلی کورد لە هەموو شوێنێک پشتی یەکتر بگرن، ئەمە باشترین شتە.”

سەرۆک مەسعوود بارزانی سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە پایتەختی ئیتاڵیا کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “کوردستان پێشمەرگەی هەیە و هیچ کەسێک ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رەوشی ئاسایشی کوردستان و پشتگیری بۆ ڕۆژئاڤا و مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لێدوانی گرینگی پێشکەش کرد.

لەبارەی خۆپیشاندانی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەوروپا بۆ پشتیوانیکردن لە رۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆپیشاندەرانی کرد و گوتی “جێگەی دڵخۆشییە گەلی کورد لە هەموو شوێنێک پشتی یەکتر بگرن، ئەمە باشترین شتە.”

سەرۆک بارزانی گوتیشی “ئێمە لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە، شەڕە و ئاژاوەدا دەژین؛ بەڵام دەتوانم بەڵێنی ئەوە بدەم، کوردستان پێشمەرگەی هەیە و ئینشائەڵڵا هیچ کەسێک ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان.”

لەبارەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، سەرۆک بارزانی رایگەیاند “جارێ دیار نییە ژمارەیان بە وردی چەندە؛ بەڵام سەلامەترە لە زیندانەکاندا بن لە عێراق، نەک لە سووریا بەرەڵابن.”

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕۆما، لە پەراوێزی زنجیرە دیدارە دیپلۆماسییەکانیدا دێت کە لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا ئەنجامی داون، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی گەلی کورد و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

Share