مەسرور بارزانی: توانیمان ڕاستییەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان بگەیەنین بە سەرکردەکانی جیهان

مەسرور بارزانی: توانیمان ڕاستییەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان بگەیەنین بە سەرکردەکانی جیهان

مەسرور بارزانی: لە داڤۆس هەوڵماندا پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەدەست بهێنین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی لە داڤۆس پێکهێنا و رایگەیاند: “لە داڤۆس هەوڵماندا پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەدەست بهێنین.”

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە 22/1/2026، لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “خۆشحاڵم كە ئێوە ئامادەن و لەم سەفەرە كە ئێمە هاتووین ئەمساڵ بۆ كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، چەندین تەوەر هەبوون كە قسەیان لەسەر بكەین.”

گوتیشی: “تەوەری یەكەم ئەوە بووە كە ئێمە بێین پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و لەگەڵ كۆمپانیاكانی جیهان باشتر بكەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان بكەینەوە و پەیوەندیی بەینی كەرتی تایبەت و كۆمپانیا بازرگانییەكانی جیهان دروست بكەین.”

راشی گەیاند: “تەوەری دووەمیش ئەوە بووە كە دوای ئەو رووداوە ناخۆشانەی لە رۆژئاوا سەریان هەڵدا، ئێمە تەركیزمان خستە سەر ئەوەی كە پشتیوانیی نێودەوڵەتی پەیدا بكەین بۆ ئەوەی كە كۆتایی بە شەڕ و پێكدادان بێت و ئەو هێرشە ناڕەوایەی دەكرێتە سەر خەڵكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بوەستێت. هەوڵێكی زۆرمان دا و لەگەڵ سەركردەكانی جیهان ئەم بابەتەمان زۆر بە وردی تاوتوێ كرد و قسەی جددیمان لەسەر كردووە، هیوادارم ئەنجامی هەبێت و ئینشائەڵا بەرەو كۆتایی شەڕ و سەقامگیری و ئاشتی بڕوات.”

سەرۆکی حکوومەت لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت  بە دیدارەکانی ئەم چەند ڕۆژەیان لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی جیهان لە داڤۆس، سەبارەت بە سووریا بە چی گەیشتوون و چۆن دەتوانن پارێزگاری لە رۆژئاوای كوردستان بكەن و چۆن هاوكاریی رۆژئاواش بكەن؟ گوتی: “ئەوەی ئێمە توانیمان بیكەین ئەوەیە كە ئەم وێنەیەی ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع هەیە و ئەوەی كە دەگوزەرێ لە كوردستان بەو سەركردە و بەو بەرپرسانە بڵێین كە چی هەیە، لە لایەكی دیكەشەوە هەوڵی جددی بدەین بۆ ئەوەی هەموو لایەك پشتیوانیی ئەوە بكەن كە ئاشتی بەرقەرار بێ و شەڕ ئیتر بەرەو كۆتایی بڕوات. بە تایبەتی كە ئێستا قەلەقێكی زۆر هەیە، ترسێكی زۆر هەیە لە نێو خەڵكی كوردستان، هیوادارین كە ئەو قەلەقە ئیتر نەمێنێت و بەرەو رێككەوتنێكی وا بڕوات كە لە ئەنجامدا ئاشتی بەرقەرار بێت.”

ئەوەشی خستە روو: “ئەمە ئامانجی ئەسڵیی ئێمە بووە، هەرچەندە ئێمە بۆ بابەتێكی ئابووری هاتین، بەڵام ئەمە بوو بە بابەتی سەرەكی لە قسە و گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئەو بەرپرس و سەركردانەی كە دیدارمان كرد لەگەڵیان.”

هەروەها مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر ئاگربەست لە رۆژئاوای كوردستان سەری نەگرت، هیچ هەوڵێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی؟ رایگەیاند: “ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبوونەوەیەك كراوە لە نێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز تۆم باراك، لە هەولێر ئەم كۆبوونەوەیە كراوە و ئەوەی من تا ئێستا زانیومە، تەقریبەن گەیشتوون بەو رێككەوتنەی كە ئاگربەست بەردەوام بێ و فورسەتێك بدەن بەوەی كە بگەن بە تێگەیشتنێكی دوولایەنە، تاوەكوو فورسەت بەوە بدرێت بەشكم ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام بێت، ئیتر هیوادارم شەڕ دووبارە نەبێتەوە.”

Share