کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ؛ 6 منداڵ گیانیان لەدەستداوە

کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ؛ 6 منداڵ گیانیان لەدەستداوە

“گەمارۆی توندی سەر کۆبانێ ئەمڕۆ دەبێتە 5 رۆژ و شارەکە نزیکە لە تووشبوون بە کارەساتی مرۆیی.”

بەهۆی تووندبوونی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاڤای کوردستان، خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی بەرەو تەواوبوون دەچن.

هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین و سەرماوە 6 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و “ئارد بەدەست ناکەوێت.”

 هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 25/1/2026 بە کەناڵی رووداوی باشووری کوردستانی راگەیاند، “گەمارۆی تووندی سەر کۆبانێ ئەمڕۆ دەبێتە 5 رۆژ و شارەکە نزیکە لە تووشبوون بە کارەساتی مرۆیی.”

 دۆخی خزمەتگوزاری لە شارەکە لە ئاستێکی مەترسیداردایە، نزیکەی 10 رۆژە کارەبا و ئینتەرنێت لە کۆبانێ بڕاوە.

“کۆرپەیەکی ساوا بەهۆی نەبوونی ئۆکسیجنەوە گیانی لەدەستداوە”

هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد ئاشکرای کرد، “لەم 5 رۆژەدا 5 منداڵی بچووک بەهۆی نەبوونی دەرمان و سووتەمەنی و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، ئێوارەی دوێنێش منداڵێکی ساوا بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە لە نەخۆشخانەی کۆبانێ گیانی لەدەستدا.”

 بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریاوە، خەڵکێکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێوە ئاوارەی نێو سەنتەری شارەکە بوون و پێویستیی خێرایان بە جلوبەرگ، بەتانی و سووتەمەنییە.

“نان و ئاو نەماون”

 هەدیە عەبدوڵڵا بە ڕووداوی گوتووە: “دۆخی کۆبانێ زۆر خراپە، پێویستیی بەپەلە بە دەرمان، خۆراک و ئاوە؛ ئاویش نەماوە و نان بە تەواوی کەم بووەتەوە، تەنانەت ئارد دەست ناکەوێت.”

 سەبارەت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیش گوتوویەتی، “دەنگۆی ناردنی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەک بە کۆبانێ نەگەیشتووە.”

 گەمارۆی سەر کۆبانێ دوای ئەوە دێت، بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریاوە، بەشێکی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەدەست هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەرهێندران و بووە هۆی دابڕینی ئەو شارە لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان.

Share