ئەنەکەسە جەخت لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ دەکاتەوە

ئەنەکەسە: پرسی کورد پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە ڕەگ و ڕیشەی دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) دوای کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە پێکهێنەرەکانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ دەکاتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 25/1/2026، سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بە ئامادەبوونی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، لە شاری قامیشلۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ حزبەکانی نێو ئەنجوومەنەکە ئەنجام دا.
پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەنەکەسە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند: هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەروازەیەکی سەرەکی بوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ زیندووکردنەوەی ڕەوتی سیاسی و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ.
پرسی کورد، داخوازییەکی کاتی نییە
سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد، ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە کە پرسی کورد پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە ڕەگ و ڕیشەی دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە. لەم چوارچێوەیەشدا، دەرچوونی مەرسوومی ژمارە 13 لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەرێنی وەسف دەکەن کە دەکرێت لەسەری بنیات بنرێت بۆ دەستوورێک کە هاوبەشی و یەکسانی مسۆگەر بکات.
5 داواکاریی سەرەکیی ئەنەکەسە
ئەنەکەسە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داخوازییەکانی خۆی بەمشێوە ڕیز کردوون:
ـ وەستانی دەستبەجێی شەڕ و پەنابردن بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و سوپای سووریا بۆ دامەزراندنی سووریایەکی نوێ.
ـ هەڵگرتنی گەمارۆ و هەموو بەربەستەکان لەسەر شاری کۆبانێ بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.
ـ مسۆگەرکردنی بەشداریی کارای کورد لە داڕشتنی ئایندەی وڵات لە ڕێگەی شاندی هاوبەشی کوردەوە و ناوبردنی بڕیارنامەی 13ی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا وەک “هەنگاوێکی سەرەتایی ئەرێنی”.
ـ پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕەتکردنەوەی وتاری ڕق و کینە.
ـ زامنکردنی گەڕانەوەی ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کردووە.
سپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
هەروەها ئەنەکەسە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوەکان دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری، هەروەها جەخت لە یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد و ڕەتکردنەوەی تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسیدا دەکاتەوە و داوا دەکات سووریایەکی دیموکراسی و لامەرکەزی بونیاد بنرێت.