بەداخەوە هێشتا هەر باسی برایەتی گەلان دەکەن!!

بەداخەوە هێشتا هەر باسی برایەتی گەلان دەکەن!!

قەرەیلان: “برایەتی گەلان هێڵێکی دروستە و ئەم پیلانگێڕییە بە تایبەتی نێوان گەلان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی کە دوژمنایەتی بەرجەستە بکات”.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی هەپەگە، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئەم هێرشە پیلانێکی نێودەوڵەتییە و بە تایبەتی ئامانجی ئەویە کە کورد لە داڕشتنەوەی نوێی ناوچەکە دووربخاتەوە و برایەتی گەلان تێکبدات.

قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگایەکی میدیایی نزیک لە پەکەکە ئاشکرایکرد، پێش هێرشەکانی سەر حەلەب، لە 4ی ژانیڤەریدا، کۆبوونەوەی گرنگ لەنێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشقدا بەڕێوەچووە و لە گەیشتن بە ئەنجام نزیکبوونەتەوە. بەڵام ئەم دیالۆگانە بە ئەنقەست تێکدران.

قەرەیلان وتی: “دوای کۆبوونەوەکەی 5ی ژانیڤەری لە پاریس، لە ڕێکەوتی 6ی ژانیڤەریدا هێرشەکانیان دەستیانپێکرد و دەیانهەوێت کورد لە دەرەوەی سووریای نوێ بمێنیتەوە. هەسەدە سووریای لە داعش ڕزگار کرد، لە بارودۆخی نۆرمالدا دەبووا ئەو حکوومەتی دامەزراندبا، بەڵام ئەمڕۆکە هەسەدە دەکرێتە ئامانج بۆ ئەوەی کە کورد نەتوانێ ستاتۆی هەبێت”.

قەرەیلان: هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاڤا بە ئامانجی لەناوبردنی برایەتی گەلانە و نەتەوەی دێموکراتیک ڕێگاچارەسەرە

موراد قەرەیلان سەرنجی بۆ پەیامەکانی “پرۆسەی ئاشتی” لە تورکیا ڕاکێشا و هۆشداریی بە دەوڵەتی تورکیا دا و وتی: “پێویستە هەمووان بزانن؛ لە سەر تەرمی ڕۆژئاڤای کوردستان ئاشتی لەگەڵ کورددا نابێت، ئێوە لە ڕۆژئاڤا جینۆساید ئەنجام دەدەن، بەڵام لە باکوور یان لە ناوچەکەدا چاوەڕوانی ئاشتی دەکەن! ئەمە مومکین نییە. ئەگەر بەڕاستی ئاشتی و خۆشک ـ برایەتیتان، دەبێ واز لەم سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنە دژ بە ڕۆژئاڤا بهێنن”.

قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە کە سیستمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای دەسەڵاتدار بنیات نەنراوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای زەحمەتکێشانی عەرەب و کورد و ئاشووری ـ سوریانییەکان بنیات نراوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە هێڵی “نەتەوەی دیموکراتیک” تاکە چارەسەرە و وتی: “ئەوانەی هەسەدەیان بە تەنیا بەجیهێشت، هەندێک شێخی خێڵەکان بوون؛ بەڵام ناتوانین بڵێین هەموو گەلی عەرەب بوون. برایەتی گەلان هێڵێکی دروستە و ئەم پیلانگێڕییە بە تایبەتی نێوان گەلان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی کە دوژمنایەتی بەرخەستە بکات”.

Share