بۆچی سەرۆک بارزانی بە ڕۆژئاڤای گوتبوو: “ڕۆژێک دێت کە پەشیمان دەبنەوە”؟

بۆچی سەرۆک بارزانی بە ڕۆژئاڤای گوتبوو: "ڕۆژێک دێت کە پەشیمان دەبنەوە"؟

ڕۆژئاڤا لەژێر سایەی ئاڵای کوردستاندا بەرخۆدان دەکات و سەردەکەوێت، ئەوانەی کە پێچەوانەوەی ئەمە بڵێن، هەر لە ئیستاوە دۆڕاندوویانە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2015دا کۆمەڵێک نیشتمانپەروەر لە “گرکێ لەکێ” کۆببوونەوە بۆ ئەوەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕابگرن و دەیانویست بەوبۆنەوە ئاڵایەکی 200 مەتری هەڵبکەن. لەو کاتەدا هێزەکانی سەر بە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ڕێگرییان لە چالاکییەکە کرد و بە فشاری ئاو هێرشیان کردە سەر ئاڵای ڕەنگین. خەڵکەکە نزیکەی کاتژمێرێک بەرگرییان کرد بۆ ئەوەی ئاڵای ڕەنگینی کوردستان نەکەوێت. ڕۆژی دواتر سەرۆک بارزانی لێدوانێکی دا و وتی: “ڕۆژێک دێت کە پەشیمان دەبنەوە”.

لە مانگی کانوونی ساڵی 2016دا، ئەمجارەیان لە عاموودا، هێزە ئەمنییەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) هێرشیان کردە سەر خەڵکی عاموودا و ئاڵای کوردستانیان سووتاند. لەو کاتە سەرۆک بارزانی هۆشداری دا و گوتی: “دەمەوێت خەڵکی عاموودا لەوە دڵنیا بن: ئەو بەهایانەی کە نوێنەرایەتی کەرامەتی ڕاستەقینەی کورد دەکەن، سەردەکەون و ئەوانەی ئاڵای کوردستانیان سووتاند، تەنیا شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە”.

دەبینین هەردووی ئەم هۆشداریانە ئەمڕۆکە هاتنە دی.

ئەمڕۆ کە هێرشێکی گەورە دەکرێتە سەر ڕۆژئاڤا، تەنیا شتێک کە هەر کەسێک بتوانێت بۆ پاراستنی ڕۆژئاڤا پشتی پێ ببەستێت، بەها ڕاستەقینەکانی کورد و کوردستانە. واتا هۆشیاریی و خودئاگایی کورد و هۆشمەندیی و خودئاگایی کوردستانیبوون و ئاڵای کوردستانە.

ئەگەر ئەمڕۆ چەتەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع لە قامیشلۆ یان ڕمێلان نیشتەجێ نەبوون، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە کورد وەک کورد خۆڕاگری دەکات. ئەمڕۆ شەڕڤانان لە ڕۆژئاڤا بۆ پاراستنی خاکی نیشتمان، ئاڵای کوردستانیان لەسەر سنگیان هەڵگرتووە. دیسان شەڕڤانانی حەسەکە دروشمی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیپ” دەڵێنەوە و ئاڵای ڕەنگینی کوردستان بەرز دەکنەوە. لە قامیشلۆش بەهەمانشێوە بوو.

ساڵانێک لە ڕۆژئاڤادا، ئاڵای کوردستان قەدەغە بوو، ناوی ڕۆژئاڤاش هەر وەکوو ئەوە بوو کە قەدەغە کرابێت و گوتاری کوردییش قەدەغە بوو. ناوی کوردستان لە بەرنامەی هەسەدەدا بوونی نەبوو. لەبری ئاڵای کوردستان، وێنەی ئۆجەلان بەکاردەهێنرا؛ لەبری خۆبەڕێوەبەریی کوردی، چەمکی بێ بەهای سیاسیی “برایەتی گەلان” بەکارهێنرا؛ و لەبری ڕەوایەتیی سیاسی، پڕوپاگەندا و حەماسەت دانرا. بەڵام ڕاستییەکان بەم جۆرە هەوڵە سیستماتیکە هەڵەیانە ناگۆڕدرێن و دیسان دەگەڕێنەوە سەر ڕاستییەکانی خۆی. هێزەکانی دیمەشق و ئەوانەی هانیان دەدەن، بەهۆی گوتارەکانی وەکوو ئیکۆلۆژی و ئازادیی سێکسی و دیموکراتیکەوە هێرشیان نەکرد. هێرشیان کردە سەر ناسنامەی ڕۆژئاڤا چونکە ڕۆژئاڤا کوردستانە. ئەوان هێرشێکی وەها توندیان کرد بۆ ئەوەی کە شەرەف و کەرامەتی کورد بشکێنن و ناچاربە تەسلیمبوونیان بکەن.

لە بیرکاری ژیاندا فۆرمولێک هەیە: هێرشەکە لە هەر کوێیەکەوە بێت، بەرگرییەکەش دەبێت لەوێوە بکرێت. هێرشەکە دژی کوردایەتی بوو، وەڵامەکەش بە کوردایەتی درایەوە.

گەلی کورد ڕاستییەکەی بینی: ئەوەی ڕزگارمان دەکات ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو هۆشمەندیی کوردایەتییە. هەر بۆیە وێنەکانی ئۆجەلان و شتی لەو جۆرە، هەرگیز لە ڕێپێوانەکاندا بەرز نەکرانەوە، بەڵکوو ئاڵای کوردستان لە سوروجەوە هەتا تۆرێنتۆ، لە بەیروتەوە هەتا ئەڵمانیا و نەرویج بەرزکرایەوە.

کورد دەتوانێت بە هێما و سیمبول و گوتار و نرخەکانی کە ڕەنگدانەوەی ڕاستی نەتەوەی کورد بێت، بەرگری لە خۆی بکات. ڕۆژئاڤا لەژێر سایەی ئاڵای کوردستاندا بەرخۆدان دەکات و سەردەکەوێت. مێژوو ئەمەی نیشان داوە. ئەوانەی کە پێچەوانەوەی ئەمە بڵێن، هەر لە ئیستاوە دۆڕاندوویانە.

Share