بەهۆی سوکایەتیکردن بە شێخ سەعید، دادگا “ئومیت ئۆزداغ”ی سزادا

بەهۆی سوکایەتیکردن بە شێخ سەعید، دادگا "ئومیت ئۆزداغ"ی سزادا

نەوەکانی شێخ سەعید سکاڵایان لە دادگا تۆمار کردبوو، سەبارەت بە پۆستێکی ئومیت ئۆزداغ کە تێیدا سوکایەتی بە شێخ سەعید کردبوو.

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی “زەفەر”ی تورکیا، بەهۆی پۆستێکەوە کە لە سۆشیال میدیا لەسەر شێخ سەعید، ڕێبەری گەلی کورد بڵاوی کردبۆوە، بە بڕی شەش هەزار و 500 لیرەی تورکی غەرامە کرا.

نەوەکانی شێخ سەعید لە ڕێکەوتی 9ی تشرینی دووەمی 2024دا سکاڵایان لە دادگا تۆمار کردبوو، سەبارەت بە پۆستێکی ئومیت ئۆزداغ کە تێیدا سوکایەتی بە شێخ سەعید کردبوو.

لەسەر ئەم سکاڵایە دۆسیەیەک لە دادگای تاوانەکان لە پارێزگای ئەرزڕوم کرایەوە.

دوێنێ دانیشتنی دۆسیەکە بەڕێوەچوو و دادگا بڕیاری خۆی ڕاگەیاند.

دادگا بڕیاریدا کە بەهۆی وەشانێک کە لە ئەکاونتێکی ئێکس (X) بەناوی “ئومیت ئۆزداغ” بڵاوکراوەتەوە، تاوانی “سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە یادەوەری کەسێک” پێکدەهێنێت.

دادگا ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوبەشکردنەکە لە ئەکاونتێکەوە بڵاوکراوەتەوە کەوا کراوە بووە بۆ هەمووان و دۆخی “ئاشکرابوونی سووچ”ی لەبەرچاو گرتووە.

هەروەها دادگا مافی سکاڵاکردنی نەوەکانی شێخ سەعیدیشی بە شەرعی زانی.

ئۆزداغ لە بەرگریکردندا پاساوی وەک “ناسنامەی سیاسی”، “موناقەشەی گشتی” و “هەڵسەنگاندنی مێژوویی” خستەڕوو، بەڵام دادگا ئەو پاساوانەی قبووڵ نەکردبوو.

Share