عەفرین… هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی هێرشی ڕەگەزپەرستانەوە گیانی لەدەستدا

عەفرین... هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی هێرشی ڕەگەزپەرستانەوە گیانی لەدەستدا

“گیانلەدەستدانی لوقمان کەمال بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕەگەزپەرستییەکی پلان بۆ داڕێژراو بووە”.

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی عەفرین لە کاتی گەڕانەوەی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە هێرشی کرایە سەر و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هاووڵاتییەک بە ناوی لوقمان کەمال کووسا، خەڵکی گوندی بافلوون سەر بە قەزای شەرا لە هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێکەوتی 23ی ئازاری 2026دا لە ئەنجامی هێرشێکی دڕندانەی ڕەگەزپەرستاندا، شەهید بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لوقمان کەمال کووسا لەکاتی گەڕانەوە لە ئاهەنگی نەورۆز و لە ڕێگای شاری حەلەب لە نزیک عەزاز لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی عەزازەوە ڕێگری لێکراوە. ئەم گرووپە بەبێ هیچ هۆکارێک بە توندی لێیان داوە و برینداریان کردووە.

دوای ئەم هێرشە، کاتێک کووسا گەیشتۆتە نزیک گوندی ماریامین، جارێکی دیکە لەلایەن گرووپێکی دیکەوە هێرش کراوەتەسەر و بەهۆی زۆری ژمارەی هێرشبەرەکانەوە، نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بکات و بە سەختی بریندار بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕایگەیاندووە، لوقمان کەمال کووسا بەهۆی لێدانی توند و سووکاتیەتی پێکران و فشاری دەروونی گەورەوە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و ژیانی لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە جەختی کردۆتەوە کە ئەم ڕووداوە بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕەگەزپەرستییەکی پلان بۆ داڕێژراو بووە کە ئامانج لێی “شکاندنی ئیرادەی کورد و پەکخستنی ئاهەنگی نەورۆز” بووە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە ڕێگەپێدان بە تاوانبارەکان بۆ ئەوەی کە پەلاماری هاوڵاتیانی سڤیل بدەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین سەرنجی بۆ “دەستی بیانی” ڕاکێشاوە و هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەم جۆرە کارانە خزمەت بە فیتنە و ناکۆکی و دووبەرەکی سازکردن لە نێوان پێکهاتەکانی سوریادا دەکەن.

Share