پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکات

PWK: “هیچ هێرش و هێزێک ناتوانێت هەنگاوەکانی ئازادی و سەربەخۆیی هەرێمی فیدراڵی کوردستان بوەستێنێت”.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی شەرمەزار کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئازاری 2026، لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئیدانە کرد.
دەقی پەیامەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK):
هێرشکردنە سەر ماڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، شەرمەزار دەکەین
ڕاگەیەندراوە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک کراوە.
ئەم هێرشە لە دژی ئیرادەی ڕەوای هەرێمی فیدراڵی کوردستان و لە دژی گەلی باشووری کوردستان ئەنجامدراوە.
دوابەدوای هێرشی دەوڵەتی داگیرکەر و تیرۆریستی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکانی کوردستان کە لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون، ئەمجارە هێرش بۆ سەر ماڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دهۆک، نیشانەی بێتەحەمولی بەرامبەر بە هەرێمی فیدراڵی کوردستان و نیشانەی دوژمنایەتییە بەرامبەر گەلی کورد.
ئێمە هێرشکردنە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق و هەموو هێرشەکانی دوژمنانی کوردستان بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار دەکەین.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی بەغداد دەکەین کە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان، هەڵوێستی کاریگەر پیشان بدەن.
هیچ هێرش و هێزێک ناتوانێت هەنگاوەکانی ئازادی و سەربەخۆیی هەرێمی فیدراڵی کوردستان بوەستێنێت. ئەو هەرێمە دەستکەوتی مێژوویی و نەتەوەیی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان و هەموو کوردانی جیهانە.
28/3/2026
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)