لە شاری “بانە”ی ڕۆژهەڵات هاووڵاتییەکی کورد دەستبەسەر کرا

هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی دیاکۆ ئەیازی لە بەردەستدا نیە و چارەنووسی نادیارە.
لە درێژەی شەپۆلی گرتن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی دیاکۆ ئەیازی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
بە پێی هەواڵێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاوی کردۆتەوە، ڕووداوەکە شەوی هەینی 27ی ئاداری 2026 ڕوویداوە. هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و فریودەرانەیان بەکارهێناوە و بە ئۆتۆمبێلێکی ئیدارەی غاز چوونەتە بەر دەرگای ماڵەکەی و دەستبەسەریان کردووە.
ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران جلوبەرگی فەرمی کرێکارانی غازیان لەبەرکردووە بۆ ئەوەی نەزانن کە چەکداری ڕێژیمن و بتوانن بە ئاسانی بچنە ناو ماڵەکەوە.
چارەنووسی نادیارە
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی دیاکۆ ئەیازی و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ناوبراو کراون و هەروەها و شوێنی ڕاگیرانەکەی لە بەردەستدا نیە. بنەماڵەی دیاکۆ ئەیازی بەهۆی نەبوونی زانیارییەوە تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی ئزۆر هاتوون.
ئەم دەستبەسەرکردنە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی نوێی کوردیەوە، فشارە ئەمنییەکان بۆ سەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادیان کردووە.